پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەوانەی بۆ سەیران دەچنە کوێستان، با وریای مین بن

عەرەفات ئەحمەد، شوانکارە و گەنجێكی هەرزەكارە، لە کاتی لەوەڕاندنی بزن و مەڕەکانی لە گردەقەلی سنوری گوندی شیوان، ناحیەی سیدەکان لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوو بەر مین کەوت، ئەو كە لەلایەن کەسوکاریەوە بە برینداری گەیەندرایە بنکەی تەندروستی دوای چارەسەرکردنی سەرەتایی ڕەوانەی فریاکەوتنی سۆران کراوە.

عەرەفات یەكەمین قوربانی مین نابێت لەمساڵدا بەڵكو چاوەڕوان دەكرێت هێشتا پاشماوەی مین كارەساتی تری بەدوادا بێت و چەندین گەنجی وەك عەرەفات بكاتە قوربانی.
(علی عبدالرحمان رسول) بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مینی هەولێر ڕوونی دەكاتەوە كە: لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار، گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە ناوچەكان دەكەن، لە هەمانكاتیشدا بەشێك لە هاووڵاتیان بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان و بەروبوومی گژوگیایی ڕوو لە ناوچە شاخاوی و كوێستانییەكان دەكەن، كە بەداخەوە تائێستەش بەشێكی ئەوناوچانە مەترسیدارن، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆمان بەرنامەی تایبەتمان بۆ هۆشیاری هاووڵاتیان هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا نامیلكە و پرۆشۆری تایبەتمان ئامادەیە، هەروەها لە شوێنە گشتییەكان ئاگانامەمان بڵاو كردوەتەوە.
لە پەیامەكان بۆ هۆشیار كردنەوەی هاووڵاتی داوایان لێدەكرێت كە:

  • لە ناوچە مەترسیدارەکان و ناوچە گومانلێکراوەکان نزیك مەبنەوە.
  • دەستکاری مین و تەقەمەنی و تەنە گومانلێکراوەکان مەکەن.
  • لە حاڵەتی رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەکی لەم جۆرانە، دەستبەجێ پەیوەندی بە تیمەکانی دەزگای مین، یان بە هێزەکانی ئاسایش یان پۆلیسەوە بکەن.
  • کەسانی دەووروبەرت لە مەترسییەکان ئاگادار بکەرەوە كە جگە لەو ناوچانەی کە نیشانەکراون، ناوچە سنورییەکان و، کۆنە رەبیە و کۆنە سەربازگە و، ئەو ناوچانەی ئاوادان نین بە گومان لێکراو دادەنرێن.
    بە گوێرەی ئاماری ڕاگەیەندراوی دەزگای كاروباری مین كە لە سەرەتای ئەمساڵ جەبار مستەفا سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین رایگەیاند: پارساڵ توانراوە شەش سەد و یەک هەزار و سەد و پەنجاو یەک مەتر دووجا لە مین و تەقەمەنی پاکبکرێتەوە کە خۆی لە (٢١) کێڵگە مین و(٧) شەڕگە دەگرێـتەوە، دوای پاککردنەوەشی ڕادەستی خاوەنەکانیان کراوەتەوە، هەروەها زیاتر لە هەزار و هەشت سەد و نەوەد و چوار مین، کە مینی دژەکەسی و دژە تانک بوون، هەروەها زیاتر لە (٢٢،٩١٨) پارچە تەقەمەنی سەرپێی(IED) و پاشماوەی جەنگی لە خۆ گرتووە، کە هەر مین و تەقەمەنیەک مەترسی بووە بۆ سەر گیانی چەندین هاوڵاتی و گیان لەبەران، لە ناوبراون و هەڵگیراونەتەوە لە کێڵگە مینەکان
    جەبار مستەفا دڵگرانی خۆی بە زیادبوونی ژمارەی شەهید و برینداران دەربڕی کە لە ساڵێ ٢٠٢١ بەهۆی مین و تەقەمەنیەوە بونەتە قوربانی و ڕایگەیاند لەوساڵەدا (٤٢) چل و دوو بەرکەوتوو بە ڕوداوەکانی مین و تەقەمەنی تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش بەداخەوە (١٩) گیانیان لەدەستداوە و (٢٣)تریش بریندار و کەمئەندام بوون، کە بەشێکی قوربانیان بۆ پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی دەزگای مین دەگەڕێتەوە، کە سەرجەم کێڵگەمینەکان هێما و نیشانەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە، بەڵام هاوڵاتی هەیە پێیەوە پابەند نابێت و ناچار ڕووداوی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە.
    هاوكات پارساڵ ٣٥هەزارو٦١٣ کەس لە پیاو و ئافرەت و منداڵ بەتایبەت لەو ناوچانەی نزیکن لە کێڵگە مینەکان و ناوچە مەترسیدارەکان بە مین و تەقەمەنی هۆشیار كراونەتەوە و ڕێنمایییان پێ دراوە.
    بەرپرسانی دەزگای مین داوا لە هاووڵاتیان دەكەن لە ئەگەری بوونی ھەر مەترسییەکی مین یان پارەچەی پاشماوەی تەقەمەنی بۆ سەلامەتی خۆیان و خانەوادەکانیان راستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە ١٨٢ی دەزگای مینەوە بکەن.