رێباز حەملان: سەرۆک وەزیران بەرپرسیارێتییەکی گەورەی هەڵگرتووە و رووبەڕووی هەموو ئاستەنگییەکان بووەتەوە

یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری، رێباز حەملان لە کۆڕبەندی وەبەرهێنان لەپێناو بەهێزکردنی ئابووری وڵات، باسی لە ئاستەنگیەکانی بەردەم جێبجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: “سەرەڕای هەموو ئاستەنگیەکان، بەشێکی زۆری کارنامەکە جێبەجێ کراوە و بەردەوامیشین لە جێبەجێکردنی تا کۆتایی کابینەکە.”

یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری لە کۆڕبەندی وەبەرهێنان لەبارەی پرۆژە و پلانەکانی وەبەرهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: “پێشکەوتنی کەرتی وەبەرهێنان و ژێرخانی ئابووریی هەر وڵاتێک، پێویستی بە سەقامگیری سیاسی و ئاسایش هەیە، لەهەمانکاتدا هەماهەنگیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کە زۆر پێویستە، هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانە بەردەوامەکانی لەڕووی سیاسی و ئابووری و تەندروستیەوە، بەڵام لەڕووی ئاسایش و ئارامییەوە لە ئاستێکی زۆر باشدایە بەراورد بە باشوور و ناوەڕاستی عێراق.”

رێباز حەملان گوتویشی: “بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش ئارامی و سەلامەتی ناوچەکە پارێزراوە، کە ئەمەش ژینگەیەکی لەبارتری بۆ بازرگانی و گەشتوگوزار و دۆخی ئابووری رەخساندووە.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی 2006 تا کۆتایی 2021، هەزار و 11 پرۆژە مۆڵەتیان پێدراوە کە سەرمایەکەی زیاتر لە 61 ملیار دۆلارە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان 31 هەزار و 27 کۆمپانیا تۆمار کراون، لەو ژمارەیەش 3314 کۆمپانیای بیانین کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

رێباز حەملان باسی لەوە کرد، “حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای کابینەی نۆیەم کارنامەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی دانابوو، کە بەپێی واقیعی هەرێمی کوردستان بوو، لەو کارنامەیەدا بەشێکی سەرەکی بۆ کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان تەرخان کرابوو، کە دەرگای وەبەرهێنانی بەڕووی سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆییدا کردەوە.”

لەبارەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمەوە گوتی: “لای هەمووان ئاشکرایە کە ئەم حکومەتە حکومەتێکی هاوپەیمانییە، پێویستە هەموو لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت بەشداربن لە جێبەجێکردنی هەمان کارنامە کە خۆیان بەشداربوون لە نووسینەوەی.”

یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت زۆر بوون، لەوانەش قەیرانی کۆرۆنای جیهانی و مەترسی بەردەوامی هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرەڕای رووداوە سروشتییەکان و کێشە و ململانێ سیاسیەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت سەرۆک وەزیران کە بەرپرسیارێتییەکی گەورەی هەڵگرتووە و رووبەڕووی هەموو ئاستەنگییەکان بووەتەوە، بە دڵنیاییشەوە کەشتیەکەی دەگەیەنێتە کەنارێکی ئارام.”

ھەواڵی زیاتر