چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حکوومه‌تى هه‌رێمی کوردستان ڕێکارێکى دیکه‌ى به‌پارێزگابوونى هەڵەبجە‌ ته‌واو ده‌کات

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان بڕیاری دا به‌ کردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گه‌شه‌پێدانى پیشه‌سازى له‌ پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه و‌ به‌ڕێوبه‌رى ڕاگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى بازرگانییش ده‌ڵێت، ئێستا بڕیاره‌که‌ ده‌رچووه‌ و له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا ڕێکاره‌ یاسایى و ئیدارییه‌کان بۆ کردنه‌وەی‌ بەڕێوبه‌رایه‌تییه‌که‌ ده‌ست پێ ده‌کات.

ماردین ئه‌بوبه‌کر، به‌ڕێوەبه‌رى ڕاگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازیى حکوومه‌تى هه‌رێمی کوردستان، به‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگه‌یاند: “وه‌ک به‌شێک له‌ ته‌واوکردنى ڕێکاره‌کانى به‌پارێزگابوونى هەڵەبجە‌ و بره‌ودانى زیاتر به‌ مه‌بەستى پێشخستنى که‌رتى پیشه‌سازى و که‌مکردنه‌وه‌ى ڕۆتین و سه‌ره‌نجام زیادکردنى داهات له‌ سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە‌، له‌سه‌ر داواى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ ئێستا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌ نووسراوى ژماره‌ (3211) ڕه‌زامه‌ندیى نیشان داوه‌ به‌ کردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گه‌شه‌پێدانى پیشه‌سازى له‌ پارێزگاکه‌.”
گوتیشى: “له‌ قۆناغه‌کانى داهاتوودا کار ده‌کرێت بۆ جێبه‌جێکردنى ڕێکاره‌ ئیدارییه‌کان و ئاسانکارى بۆ جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که‌، که‌ بریتییە لە دابینکردنى فه‌رمانبه‌رى پێویست و کردنه‌وه‌ى ژماره‌ حساب‌ بۆ به‌ڕێوەبه‌رایه‌تییەکه‌ و ‌هه‌مووی له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و لیژنه‌یه‌وه‌ ده‌بێت که‌ وەازره‌ت پێکى ده‌هێنێت”.
ڕوونیشى کرده‌وه: ”کردنه‌وه‌ى به‌ڕێوەبه‌رایەتییه‌که‌ له‌ ناوچه‌یه‌کى گرنگى وەک هەڵەبجە‌ ڕۆڵى باشى ده‌بێت بۆ‌ سەرپێخستنى که‌رتى پیشه‌سازى و بووژانه‌وه‌ى که‌رتى ئابوورى له‌ ناوچه‌که‌دا، چونکه‌ سروشت و ژینگه‌ى هەڵەبجە‌ خاوه‌نى داهاتێکی سروشتیى زۆره‌ و ده‌توانرێت بۆ سه‌رجه‌م که‌رته‌کان پشتى پێ ببه‌سترێت”.