كچانی گه‌رمیان په‌ره‌ به‌ به‌هره‌كانیان له‌ بواری تۆپی پێ دەده‌ن

وه‌رزش و تۆپی پێ خه‌ونێكی له‌مێژینه‌ی (هاوژین) بو، بۆیه‌ كاتێك ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ هاته‌پێش له‌ تیپێكی تۆپی پێدا ببێته‌ یاریزان، بێ دوودڵی به‌شداریی تێدا كرد، ئێستا ئه‌و و تیپه‌كه‌ی، له‌ خولێكی تۆپی پێ دا به‌شدارن.

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی كه‌لار، هه‌ستاوه‌ به‌ ئه‌نجامدانی خولێكی تۆپی پێی یاریگای بچوك “فوتساڵ” بۆ فێرخوازانی كچ له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندنی ده‌ڤه‌ره‌كه‌، به‌شداران و شاره‌زایان به‌ هه‌نگاوێكی باشی ده‌بینن بۆ بره‌ودان به‌ وه‌رزشی كچان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێیانوایه‌ ده‌بێت كاری زۆرتر بكرێت.
ره‌نگه‌ له‌هه‌مو كه‌س زیاتر، كچانی فێرخواز به‌م خوله‌ دڵخۆش بن، چونكه‌ ده‌رگای چونه‌ نێو ئه‌م بواره‌ی لێكردونه‌ته‌وه‌.
ھاوژین محەمەد، 15 ساڵ، فێرخوازی تیپی فوتساڵی خوێندنگەی شەھید مەلا ئەحمەده‌، وتی: من خولیای زۆرم بۆ تۆپی پێ ھەیە، بۆیه‌ كه‌ لەخوێندنگە پێیان وتم بۆ بەشداریكردن لەم خولە، دوای وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی ماڵه‌وه‌، بەشداریم کردوە.
كردنه‌وه‌ی ئه‌م خوله‌ش ته‌ریبه‌ به‌ زیادبونی خواستی كچان بۆ وه‌رزش، مامۆستایه‌كی ئه‌م بواره‌ باس له‌وه‌ده‌كات كچان ئێستا گرنگی زیاتر به‌م بواره‌ ده‌ده‌ن.
شادان ئەحمەد، وتی: ئێستا كه‌ هەمو جیهان رووی لە وەرزش کردوه‌، كچانی فێرخوازیشمان زیاتر گرنگی و بایەخ بەم بواره‌ ده‌ده‌ن. ئه‌و پێشیوایه‌ كردنه‌وه‌ی خولی هاوشێوه‌ ده‌كرێت ئه‌و رێگایه‌ بێت كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بره‌و به‌ بواری وه‌رزشی كچان بدرێت له‌ سنوره‌كه‌.
رۆژنامه‌نوسێكی وه‌رزشیش جه‌خت له‌م رایه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام پێیشیوایه‌ هه‌نگاوی زیاتر پێویستن، دانا لەتیف، وتی: زۆرێک له‌ کچان رەنگە لەدەرەوەی خوێندنگه‌كان دەرفەتیان بۆ نەڕەخسێت بەهۆی نه‌بونی یانه‌ و تیپی تایبه‌ت به‌ وه‌رزشی كچان یاخود باری كۆمه‌ڵایه‌تی، هەربۆیە خولی قوتابخانەکان باشترین دەرفەتە بو دەرخستنی توانا و لێهاتویی کچان له‌ بواره‌كه‌دا.
پێیشیوایه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خوێندنگه‌كانیش كار بۆ بره‌ودان به‌م بواره‌ بكرێت “کردنەوەی یانەی وەرزشی تایبەت بەکچان و گرنگیدانی یانەکانی ناوچەکە بە بەشی کچان لە یاریە جیاوازەکاندا، ئەتوانێت وەرزشی کچان لەسنورەکە بباتە پێشەوە”
لەخولی تۆپی پێی وەرشی کچاندا بۆ خوێندنگەکانی سنوری کەلار، 22 تیپ لە خوێندنگە بنەڕەتی و ئامادەییەکان بەشداریان کردوە.
حەبیب مەنسور، سەرپەرشتیاری خولەکە، وتی: لەرێگەی ئەم خولەوە دەمانەوێت یاریزان دەست نیشان بکەین و دواتر پەرە بەتواناکانیان بدەین بۆ ئاستی بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان.
شادان ئه‌حمه‌د، پشتگیری له‌م بیرۆكه‌یه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بکرێتە ده‌رفه‌ت بۆ ئەوەی خوێندکارە نایابەکان دەستنیشان بکرێن و سود لە لێهاتوییان وەربگیرێت بۆ ئەوەی له‌سه‌ر ئاستی كوردستان به‌شداریی خول و پاڵه‌وانێتیه‌كان بكه‌ن.

ھەواڵی زیاتر