خەرمان كەمال پیربال
لە سیستەمی پەروەردەی هاوچەرخدا تێگەیشتن لە ناخ و تایبەتمەندیە كۆمەڵایەتی و دەروونیەكانی قوتابی، بنەمایەكی سەرەكیە بۆ سەركەوتنی رەوتی پەروەردە و فێركردن. بۆ دروستكردنی ژینگەیەكی ئارامی پەروەردەیی و هاندەر، مامۆستا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت، لەم ڕووەوە پەیوەندیەكی پیشەیی لە نێوان مامۆستا و قوتابیدا دروست دەبێت و كاریگەریی زۆری دەبێت لە متمانەبەخۆبوون و ئاستی بەشداریكردن و ئارەزووی فێربوون. هەر قوتابیەك جیهانێكی تایبەتی خەون و توانای خۆی هەیە، ئەوەندەی مامۆستا زووتر پێی دەزانێت و ئاشنا دەبێت بەو خەونەی قوتابی یان ئەو توانا و بەهرەی قوتابی لەوانەیە قوتابیەكە خۆیشی ئەو هەستەی لا دروست نەبووبێت یاخود بە هۆی لە خۆ ڕانەدیتن هەوڵی بەدەستهێنانی خەونەكەی نەدابێت. ڕۆڵی مامۆستا لە دۆزینەوە و پەرەپێدانی بەهرە شاراوەكاندا گرنگی زۆری دەبێت و مامۆستای ڕاستەقینە نیشان دەدات چونكە ئەو مامۆستایە گوێگرێكی باشە و جیاوازیە تاكەكەسیەكان تێبینی دەكات، وادەكات ژینگەیەكی تایبەت بڕەخسێنی و مرۆڤێكی بەرهەمهێن دروست بێت. لە گرنگترین ئەركەكانی مامۆستا تەنها زانین و ناسینی ئاستی قوتابی نیە، بەڵكو تێگەیشتنە لە كەسایەتی قوتابی و ئاشنابوونە بە جیهانی ناخی قوتابی.
هەڵسەنگاندنی توانای قوتابی تەنها نمرە نیە و لە پەڕەی تاقیكردنەوەكاندا دەربكەوێت هەندێك توانای گرنگ لەناو گروپی چالاكیەكان و كارە دەستیەكان و كاتی گفتوگۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی كێشەكاندا دەردەكەون و زۆر جار وشەیەك وەك دڵنەوایی، گوێلێگرتن، متمانەپێدانێكی سادە دەتوانێت ببێتە دەستپێكی گۆڕانێكی گەورە لە ژیانی قوتابیدا. پەروەردەی دروست ئەوە نیە هەموو قوتابیەك بە یەك هەڵسەنگاندن بپێورێت و چاوەڕوانی ئەوە بێت هەموویان بە یەك شێواز بكەنە خاڵی بەهێز و سەركەوتن، بەڵكو ئەوەیە هەر قوتابیەك بە پێی توانا و تایبەتمەندیەكانی بناسرێت و یارمەتی بدرێت باشترین وەشانی خۆی بێت. ئەگەر ئێمە بتوانین لە پشت بێدەنگیەوە دەنگەكەی ببیسین و لە پشت توانا ئاشكرانەكراوەكان بەهرەكەی بدۆزینەوە، ئەوا هەنگاوێكی گرنگمان بەرەو پەروەردەیەكی دروستتر و دادپەروەرانەتر ناوە.
