وەرگێڕانی: خدر ئیبراهیم خدر
( ١ )
لەوە بێزارنەبووم
دەرگاکەت بەڕوومدا داخست
تەنها خۆزگەم دەخواست هەواڵت پێدابام
تا دەستی بووکەڵەکەم، لای دەرگاکە جێ نەمێنێت…
ئەو خەونەی لەپڕ لەت دەبێت
ئاسان نایەتەوە یاد…
( ٢ )
مرۆڤ بەبێ هەتاو
واتا زیندان و فەرامۆشی…
( ٣ )
بهێڵە لەو قەفەسەوە بگوازمەوە بۆ دژوارییەکی دی
بهێڵە دیدگام
نیگاری میلی زیندانێکی دی بکێشێت
ئەگەر ناکرێت،
لانیکەم میلەکان ڕەنگ بکە
تا بەچەشنێکی دی خەونەکان ببینم!
( ٤ )
غوربت لە نەبوونی دۆستانەوە دەستپێدەکات
من ساڵانێکە لەوە تێگەیشتووم
لەپشت ڕەنگەکانەوە
تاریکی هەیە…
* تێبینی: ئەو کورتە شیعرانە لەلایەن وەرگێڕەوە،
لەواڵی شاعیر وەرگیراون- ٢٠٢٦
