یاسین قادر بەرزنجی
کۆتایی ساڵی ١٩٩٣، ئاگادارییەک گەیشتە دەستم تا لە کوردستانی نوێ دا بڵاوی بکەینەوە، ئاگاداریی دادگای کاروباری کەسێتی سلێمانی بوو تیایدا هاتبوو:
(هاووڵاتی قادر جەلال مەحمود لە دایکبووی ١٩٣٧ لە ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ١٩٨١ وە بزر بووە، کاتی بزربوونی جلوبەرگی کوردی لەبەردا بووە، نە زۆر قەڵەو و نە زۆر لاواز بوو، گەنم ڕەنگ و قژی سەری ڕەش بوو، جا داواکارین هەر کەسێک زانیارییەکی دەربارەی هەیە سەر لەم دادگایە بدات).
دەمودەست نووسیم :
بەڵێ جەنابی دادوەر من و هەموو هاوڕێکانی زانیاریی تەواومان لایە، هەموو کورد زانیاریی بەکەڵکیان لایە، بەڵێ قوربان، قادر جەلال، قادر کابانەو چاوسوورە نامردەکانی دەزگا فاشییەکانی حکومەتی بەغدا گرتیان و شەهیدیان کرد، بەڵێ، وەک هەزارانی تر رێگای چوونە سەر گۆڕی نازانرێت، گەر لە کوردستاندا بووایەو گڵکۆی خۆی هەبووایە، ئەوا بە (جادە چۆڵ و سێبەرەکاندا) دەستە دەستە (شەمی شەوان)ی شار بەبەرگی ڕەش و (ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەرد)یان و قژی ژاکاویانەوە دەچوونە سەر گۆڕەکەی و بە کوڵ و دڵ یادی بەخێریان دەکردەوە..
هونەرمەند و شەهید قادر کابان شایەتی سەدەیەکە، سەدەیەکی پڕ لە ئازارو ژانی کوردی خێرنەدیو، قوربانیی دەستی ڕەشی ئەو دوژمنانەیە کە بەجارێ دەنگە بەسۆزەکەیان خنکاندو شیعرە جوانەکانیان لە سنگیدا جوانەمەرگ کردو بەزۆر چاویان پێ لێکنا..
قادر کابان گوڵێکی گەشی باخچەی ئاوازی کوردییە، لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی بە کاری هونەریی کردووەو بە دەنگە بەسۆزەکەی و شێوازی تایبەتیی خۆیەوە لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی دا ناسراو دواتریش لەگەڵ تیپی هونەری هەولێردا چەند گۆرانییەکی جوانی پێشکەش بە دنیای ئاوازو گۆرانی کوردی کردووە.
دوکانی سەرتاشییەکەی کە بە ناوی (دەرسیم )ەوە بوو، ئێواران بوو بووە جێی کۆبوونەوەی دەستەیەک لە هونەرمەندو شاعیران، کاک قادر نەک هەر گۆرانییەکانی، بەڵکو بە سادەو ساکارییەکەی و زمانە هەنگوینییەکەی، هەمیشە خۆی لای سەرجەم یارو یاوەرانی شیرینتر کردبوو.
هەزار حەیف، ئەو شۆڕەسوارەی هونەری کوردی لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨١دا دوژمنانی کورد دەستگیریان کردو لە ١ی تەموزی هەمان ساڵدا چنگی ڕەشی مەرگیان خستە گەردنی.
ئەوانەی ئاوازیان بۆ داناوە، یان دابەشکردنی موزیکیان بۆ کردووە بریتی بوون لە هونەرمەندان :
کەریم کابان، ولیەم یۆحەننا، ئەنوەر قەردەداغی، وریا ئەحمەد، خالد سەرکار، جان تۆماس، ڕزگار خۆشناوو محەمەد ڕەشید دارتاش.
ئەمە بێجگە لەوەی چەند
گۆرانییەکی بەسۆزیشی ئاوازی خۆی بوون کە یەکێکیان (شەمی شەوان) بوو.
لە گۆرانییە زیندووەکانی کە لە یادەوەریی هەموواندا ماونەتەوە:
*بە دەربەدەری، شیعری هەژاری موکریانی
*فریشتە، کامەران موکری
*گوڵی سوور، ئەحمەد شێخ غەنی
*درزی پەچە، گۆڕان
*شەمی شەوان، وەلی دێوانە
مامۆستا عەبدوڵڵا کەریم مەحمود سەبارەت بە کابانی نەمر وتوویەتی:
[دڵی لە بەفری چیاکان سپی تر بوو، ناخی لە پەڕەی گوڵ ناسکترو دەنگی ئەو، هاژەی تاڤگەیەکی پڕ لە ئەوینی جوانی بوو، سیحری گۆرانییەکانی شەپۆلی دەریایەک بوو، ڕوخساری پڕ بوون لە پەپوولەی زەردەخەنەی سۆزی عەشق و میهرەبانی].
هەمیشە کە گوێم لە ناوی، یان لە دەنگە ئەفسووناوییەکەی دەبێت، یەکسەر ئەو ئێوارەیەی هۆڵی خولدی بەغدا دێتەوە بیرم کە 52 ساڵ لەمەوبەر لە پشتییەوە یەکێک بووم لە کۆرسەکانی کابان و لەگەڵ دەنگە کەم وێنەکەی ئەودا دەمانووتەوە :
بەجارێ ماڵی وێرانم
بەسەرچوو وەعدەیی ژینم..
بەناکامی لە دنیادا
بە با چوو عومری شیرینم..
یادت بەخێر هونەرمەندە گەورەکە، یادگارە شیرینەکەی شاری سلێمانی و هەموو کوردستان، هەمیشە یادت بەخێر.
