ڕائیب جادر – هەولێر
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کەرتی گەشتوگوزاری کردووەتە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئابووری و لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا، بە گوژمەی نزیکەی ھەشت ملیار دۆلار وەبەرھێنانی لەو کەرتەدا کردووە و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە. سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، پڕۆژەی گەشتیاری مۆڤێنپیک لە گۆمەسپان بەشێکە لە پلانی مەسرور بارزانی، بۆ بایەخدان بە کەرتی گەشتوگوزار و ڕاکێشانی زیاتر لە ٢٠ ملیۆن گەشتیار تا ساڵی ٢٠٣٥.
سێکتەری گەشتیاری یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانە لە ھەرێمی کوردستان، لە چوار ساڵی ڕابردوودا داھاتی گەشتیاری و پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان دە بەرانبەر چووەتە پێشەوە.
کوردستان زۆر لە بنەماکانی گەشتیاری تێدایە و خاوەن دیمەنی سەرنج ڕاکێشە، ھەر ئەوەش وای کردووە بۆتە جێگەی تێڕوانیی گەشتیاران، دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری وا دەکات کە ڕۆژ بۆ ڕۆژ ژمارەی گەشتیاران زیاتر ببن، چەند ساڵێکە کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان گەشەی کردووە.
ھەر گەشتیارێک سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات بەتایبەت گەشتیارانی عێراقی لە ماوەی مانەوەیاندا لە ھەرێمی کوردستان بڕی ٣٠٠ دۆلار خەرج دەکەن، بەشێکی ئەو داھاتانەش بەشێوەی باج و ڕسومات بۆ حکوومەت دەڕوات و بەشی زۆریشی بۆ کەرتی تایبەت و شوێنە گەشتیارییەکان دەبێت کە لە ھەرێمی کوردستان سێ ھەزار و ١٠٠ بنکە و شوێنی گەشتیاری ھەن، بەشێک لە شوێنەکانیش تایبەتن بە گەشتی زستانە و ئەو یاریانەی لەسەر بەفر دەکرێن.
ھەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان ڕەخساوە چێشتخانە و ھۆتێڵەکان پڕبوونە لە گەشتیاران، باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا وای کردووە ڕۆژبەڕۆژ گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە ئاسانکاری و ئامادەکاری تەواو بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و پاراستنی ئاسایش و ئەمنییەتی گەشتیاران و ناوچە گەشتیارییەکان کراوە، چاوەڕواندەکرێت تا کۆتایی ساڵ ھەشت ملیۆن گەشتیار بێنە ھەرێمی کوردستان.
یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ھاتنی گەشتیار، ئەو ئارامییە کە لە تەواوی ھەرێمی کوردستان ھەیە، وەکو گەشتیاران، دەڵێن، زۆربەی کاتە خۆشەکانمان لە کوردستان بەڕێ دەکەین، بەڕاستی کوردستان زۆر خۆشە، ناوچەی گەشتیاری جوانی ھەیە، لە ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە گەشتوگوزار دراوە، وەکو ئەوە نییە لە عێراق گرنگی بە گەشتوگوزار نادرێت، ھەر ئەوەش وای کردووە بەردەوام ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی کوردستان بکەین.
بەشێکی زۆری سەیرانگەکان ڕێژەی سەوزایان زۆرە و خاوەن سەرچاوەیەکی زۆری ئاوی سازگارن، ھەر بۆیە ئاو و ھەوایەکی فێنکی ھەیە، ئەوەش ھۆکارە بۆ ئەوەی گەشتیارێکی زۆر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق سەردانی ئەم ناوچانە بکەن.
گەشتیاران دەڵێن، کوردستان زۆر خۆشە، ئەمن و ئاسایش ھەیە، لە بازگەکان ئاسانکاری بۆ گەشتیاران کراوە، خزمەتگوزاری باش پێشکەشکراوە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە ساڵانە چەندین جار سەردانی کوردستان و شوێنە گەشتیارییەکان بکەین.
یەکێک لە ئامانجەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشخستن و گەشەسەندنی کەرتی گەشتیارییە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کابینەی نۆیەمدا سەرمایەی وەبەرھێنان لە بواری گەشتیاریدا بە رێژەی ٤٤% لە پلەی یەکەمی سەرجەم کەرتەکاندا دێت. لەم چوارچێوەیەدا، مۆڵەت بە ١١٨ پڕۆژەی گەشتیاری دراوە کە کۆی گشتیی سەرمایەی وەبەرھێنانیان دەگاتە ٧،٩١٣،٥٥٠،١٨٨ دۆلار، ھاوکات حکوومەت خۆی بڕیاری لەسەر جێبەجێکردنی ١١٨ پڕۆژەی گەشتیاری بە گوژمەی ٤٨،٧٤٢،٣٢٧،١١٥ دینار داوە.
دیارترین پڕۆژە گەشتیاری و شوێنەوارییەکانی کابینەی نۆیەم بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیەن:
پڕۆژە گەشتیارییەکانی ھەولێر و سۆران
پڕۆژەی ستراتیژیی رێڕەوی ژیان”کۆڕنیشی ھەولێر” پڕۆژەیەکی گەورەی ژینگەیی و گەشتیارییە لەناو شاری ھەولێر، بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو و گۆڕینی سیمای شارەکە بۆ ناوچەیەکی گەشتیاری و سەوزایی جێبەجێ کراوە.
پشتێنەی سەوزایی ھەولێر: بە پانی دوو کیلۆمەتر لە دەرەوەی شەقامی ١٥٠ مەتری بە ھەشت قۆناخ جێبەجێ دەکرێت “قۆناخی یەکەم تەواو بووە و قۆناغی دووەم لە جێبەجێکردندایە” تێیدا ٧.٧ ملیۆن نەمام دەچێندرێن و ١٠ پۆندی گلدانەوەی ئاو دروست دەکرێن، کە سیمایەکی گەشتیاری و ژینگەیی ناوازە دەداتە پایتەخت.
نۆژەنکردنەوەی قەڵای ھەولێر و بازاڕی قەیسەری:
چەندین ھەنگاوی گرنگ بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان و ڕاکێشانی گەشتیاری کولتووری لە ناوجەرگەی ھەولێر نراون.
پەرەپێدانی ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران: لە ڕێگەی دروستکردنی ڕێگەوبان، کۆمەڵگەی گەشتیاری و بەستنەوەی سەیرانگەکانی وەک بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ و چیای کۆڕەک، ژێرخانی گەشتیاریی دەڤەرەکە بووژێنراوەتەوە.
پڕۆژە گەشتیارییەکانی دھۆک و زاخۆ
پڕۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ: یەکێکە لە پڕۆژە ھەرە سەرنجڕاکێشەکانی کابینەی نۆیەم لەسەر ڕووباری خابوور بە گوژمەی نزیکەی ٢٤ ملیار دینار، کە قۆناغی یەکەمی تەواو بووە و قۆناغی دووەمی لە جێبەجێکردندایە؛ پڕۆژەکە ڕووبەرێکی فراوانی سەوزایی، شوێنی پیاسەکردن، چێشتخانە و بەلەمی گەشتیاری لەخۆ دەگرێت.
پڕۆژەی تەلەفریکی چیای زاوا (دھۆک): یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەرزییەکەی ٥٠٠ مەتر و درێژییەکەی زیاتر لە ٣،٣٠٠ مەترە و بە تێچووی ٣٠ ملیۆن دۆلار لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە کرایەوە.
پڕۆژەی گەشتیاریی گەلی زاخۆ: پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرھێنانی گەشتیارییە بۆ گۆڕینی ناوچە شاخاوییەکەی زاخۆ بۆ شارێکی گەشتیاریی مۆدێرن.
نۆژەنکردنەوەی پردی دەلال و قشڵەی زاخۆ: کارکردن بۆ پاراستن و پەرەپێدانی شوێنە مێژووییەکانی زاخۆ و بەستنەوەیان بە کۆڕنیشەوە وەک ناوەندێکی گەشتیاریی یەکگرتوو.
پڕۆژە گەشتیارییەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە
پەرەپێدانی سەیرانگەی دوکان و ئەحمەدئاوا: مۆڵەتدان و جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی کەرتی تایبەت و گشتی وەک ھۆتێل، گوندی گەشتیاری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە ناوچەکانی دوکان، قەرەداغ و ھەڵەبجە.
پڕۆژەکانی ژێرخان و ڕێگەوبانی گەشتیاری: دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی دەیان ڕێگەی سەرەکی و لاوەکی کە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای سلێمانی، ڕاپەڕین و گەرمیان بە ناوەندی شارەکانەوە دەبەستنەوە.
گەشتیاریی شوێنەواری
لە پاڵ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا، کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆری بە گەشتیاریی شوێنەواری داوە و بڕیار لەسەر ١٣ پڕۆژەی شوێنەوار بە گوژمەی ٦٥٣،٦٤٣،٩٠٠ دینار دراوە، ئەمە جگە لە جێبەجێکردنی دەیان پڕۆژەی کنە و پشکنین لەلایەن زانکۆ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پڕۆژەی مۆڤێنپیک – گۆمەسپان، گوتی: گرنگی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە براندی مۆڤێنپیک دێتە ھەرێمی کوردستان، چونکە ھێنانی ئەم جۆرە براندانە بۆ ئێستا و داھاتوو گرنگییەکی تایبەتی ھەیە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، ڕوونیکردەوە، پڕۆژەکە دوای تەواوبوون دەبێتە بەشێکی سەرەکی لەو پڕۆژە گەورە گەشتیارییەی لە دەوروبەری بەنداوی گۆمەسپان دروست دەکرێت، ئەو پڕۆژانە کاریگەریی بەرچاویان لە پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان دەبێت.محەممەد شوکری، ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژانی داھاتوودا ھەنگاوی دیکە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی زیاتر لەو ناوچەیە دەگیرێتەبەر بە مەبەستی پشتیوانیکردنی زیاتری کەرتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، ئاشکرای کرد: بایەخدان بە بەھێزکردنی ژێرخانەکانی ئابووری، گەشتوگوزار، دروستکردنی بەنداو و باشترکردنی کەرتەکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا و تەندروستی تەواوکەری یەکترن، جەختیکردەوە، لە ڕێگەی ئەم پلانانەوە دەتوانرێت کەرتی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بەرەوپێش بچێت و سوود و قازانجێکی باش بۆ حکوومەت و ھاووڵاتییان دەستەبەر بکرێت.
