سلێمان تاشان – هەولێر
بۆ ماوەی زیاتر لە یەک دەیە، ناوچەی جورف سەخر وەک قەڵایەکی داخراو و دابڕاو لە دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، بە جۆرێک کە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نەیدەتوانی پێی تێبخات و دەتگوت ناوچەی پەنجا و دووی ئەمریکایە، بەڵام چەند رۆژێکە هاوکێشەکان بە تەواوی گۆڕاوە، حکوومەتی فیدراڵی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە و مۆڵەتێکی دیاریکراوی داوەتە چەکدارانی کەتیبەکانی حیزبوڵا تاوەکو بەبێ مەرج ناوچەکە چۆڵ بکەن و رادەستی هێزە فەرمییەکانی بکەنەوە.
پشتی پەردەی ئەم بڕیارە کتوپڕەی بەغدا، ئاشکرابوونی دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵییە کە دەگوترێ بە لێشاو دەستدرێژی کراوەتە سەر سامانی گشتی، لوولەسەرەکییەکانی گواستنەوەی نەوت کون کراون و لقی جیاوازیان لێ کراوەتەوە و کۆگەی گەورەی نەوت لە ژێر زەوی دروست کراون و رۆژانە بە دەیان هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ فرۆشراوە.
کەتیبەکانی حیزبوڵا هەبوونی داعشیان کردە بیانوویەک بۆ ئەوەی لەم ناوچەیە بنکە و بارەگای خۆیان قایم بکەن و تەنانەت خەڵکی رەسەنی ناوچەکە دوور بخەنەوە و خۆیان خەریکی قاچاخچێتی ببن و وخۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن. هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەسەرەتادان و ودیار نییە قەبارەی گەندەڵی چەندە و دوای ئەوەی حکوومەت دەست بەسەر ناوچەکەدا دەگرێت چی دەدۆزێتەوە.
لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بە پشتبەستن بە زانیارییە وردەکانی دەزگای هەواڵگری، پشکنینی بۆ شەش پێگەی جیاواز لەو ناوچەیەدا کردووە و پەردەی لەسەر تۆڕێکی فراوانی قاچاخچێتیی نەوت هەڵداوەتەوە و ئێستا پشکنین بەردەوامە و بەمزووانە ئەنجامەکان پێشکەش دەکەن.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییە مەیدانییەکان دەریانخستووە کە لەو ناوچەیەدا دەستکارییەکی ئاشکرای لوولە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی نەوت کراوە و هەوڵیش دراوە شوێنەواری دزینەکە بشاردرێتەوە.
رۆژی دووشەممە وەک حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد، تیمەکانی لێکۆڵینەوە توانیویانە دوو پاڵاوگەی نایاسایی، چەندین کۆگەی هەڵگرتنی سووتەمەنی و تانکەری گواستنەوەی نەوت بدۆزنەوە.
ئەم بەڵگە حاشاهەڵنەگرانە سەلماندیان کە گرووپی حزبوڵا لەژێر پەردەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەدا، ژێرخانێکی ئابووریی ڕەش و نایاساییان بنیاد ناوە. بەم هۆیەشەوە سامانێکی زۆری گشتی بەهەدەر دراوە و خراوەتە خزمەتی بەرژەوەندییە تەسکەکانی ئەو گرووپە چەکدارەوە، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی عێراق بەدەست قەیرانی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.
لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە مەترسیدارانەدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان زنجیرەیەک ڕێکاری خێرا و توندی گرتووەتە بەر. لە یەکەم هەنگاودا، فەرمان دراوە بە جووڵەپێکردنی هێزە چەکدارەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، هاوکات سەرجەم تێوەگلاوانی ئەم دۆسیەیە و تەواوی بەڵگەکان ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ وەرگرتنی سزای یاسایی.
جگە لە ڕێکارە سەربازی و دادوەرییەکان، دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕاسپێردراوە تاوەکو بچێتە ناو وردەکارییەکانی ئەم تاڵانکارییە داراییەوە و لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەو بەرپرسانەشدا بکات کە لە ئەرکەکانیاندا کەمتەرخەم بوون. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە حکوومەت دەیەوێت ڕەگ و ڕیشەی ئەم گەندەڵییە لە دامەزراوە ئەمنی و ئیدارییەکانیشدا وشک بکات.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق پێداگری کردووە کە تەنیا بەمە وازناهێنن، بەڵکو هەموو ئەو ناوچانەی دیکەش دەگرێتەوە کە گومانی قاچاخچێتیی نەوتیان لێ دەکرێت. بەغدا بەم هەنگاوە دەیەوێت دەست بەسەر سەرچاوەی سەرەکیی دارایی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا بگرێت.
شکاندنی قەڵای جورف سەخر و کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچیە وەرچەرخانێکی مێژووییە لە هاوکێشەی هێز لە عێراق. حکوومەتی عێراق زۆر بەرپرسیارانە خەریکە بۆ گێڕانەوەی قووتی خەڵک و نەهێشتنی گەندەڵی و گێڕانەوەی سامانی گشتی ، دژایەتیی گرووپە میلیشیاکان و مافیاکان دەکات. دواین کات کە بۆ چۆڵکردن و خۆبەدەستەوەدانی گرووپەکە لەم ناوچەیە دەستنیشان کراوە رۆژی هەینییە و دیار نییە کەتیبەکانی حزبوڵا خۆی رادستی یاسا و لێپێچینەوە دەکات یان بەرەنگاری هێزە یاساییەکان دەبێتەوە.
