رۆژنامەی ھەولێر

چۆن تاقەتی خوێندنەوەی کتێبێکی درێژی وەک (شەڕ و ئاشتی)مان دەبێت؟

وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری

 

(حەلیمە ناواز – Halima Nawaz)ی تەمەن ٣٢ ساڵ کە ژمێریاری شارەزایە لە شاری (لیدز – Leeds)ی وڵاتی بەریتانیا، پرسیارێکی ئاراستەی ڕۆژنامەی (گاردیەن) کردووە، و دەڵێت: «چۆن دەکرێت نەوەی میلینیەڵ، دەقێکی دوور و درێژی وەک (شەڕ و ئاشتی)ی لیۆ تۆڵستۆی، سەبوورانە و بە نەزمێکی ورد و ڕێک بخوێنینەوە و دانەبڕێن لە خوێندنەوەی؟!»، «چۆن دەکرێت نەوەی نوێ لەگەڵ ڕۆمانە دوور و درێژ و قەبارە گەوەرەکانی کلاسیک ئاشت بکرێتەوە؟»

(نەوەی میلینیەڵ – millennials get) کە پێشیان دەوترێت (Generation Y)، ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ی زایینی لەدایکبوونە.
(گاردیەن)یش پرسیارەکەی ئاراستەی (ڤیا گرۆسکۆپ – Viv Groskop)ی کۆمیدیەن و نووسەری کتێبی (دەرمانی ئانا کارنینا: وانەکانی ژیان لە ئەدەبیاتی ڕووسییەوە – The Anna Karenina Fix: Life Lessons from Russian Literature) کردووە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەی (حەلیمە) بداتەوە کە وەڵامەکە بەم شێوەیەیە:

هاوڕێ حەلیمە، چ پرسیارێکی باشت کردووە.
سەرەتا دەمەوێت گریمانەکەی ئێوە چاڵێنج بکەم. بۆچی ئەو تێڕوانینە گشتییە قبووڵ بکەین کە کتێبەکەی تۆڵستۆی، کتێبێکی (زل) و (دوور و درێژ)ە؟ چەندی ڕووکاری ئەم جۆرە کتێبەیلە گەورەتر نیشان بدەین، تۆقێنەرتر و درێژتر دەکەونە بەرچاومان. ئێ باشە.. چ دەبێت ئەگەر وەک ئەوەی کە هەن هەر ئاوا ڕەفتاریان لەگەڵدا بکەین بێ پێش گریمانە و وێناکردنی پێشوەختە؟! هەر وەک کتێبەکانی هاوشێوەی ڕێنوینییەکانی ژیان کە دەتوانن سەرگەرممان بکەن.. ئێ بۆ مەگەر ئەو جۆرە کتێبانەش مرۆڤ نەینووسیون؟!
(لیۆ تۆڵستۆی – Leo Tolstoy) خۆی بە گەمژەیەک هەژمار دەکات کە ئاڵوودەیە بە هێلکەی کوڵاو، زۆربەی کات دوو کڵاو دەکاتە سەری و ژنەکەی بەدبەخت کردووە بەوەی ناچاری دەکات زیاتر لە حەوت جار بە دەست ڕەشنووسی ڕۆمانەکانی بنووسێتەوە. کەوایە هەرکاتێک وەک خوێنەرێک بیر لە ئازاری خوێندندەوەی کتێبێکی دوور و درێژ دەکەنەوە، واباشترە بکەونەوە بیر بەدبەختییەکانی ژنەکەی تۆڵستۆی.
هەموو ڕۆماننووسەکان مرۆڤن، و هەموو شاکارە ئەدەبییەکانی دونیاش کۆمەڵێک وشەن کە یا خرۆشان و دەنگدانەوە دەخەنە گیانمانەوە یا نا. بۆیە لە بەرامبەردا پێویستە ئەو دەرفەتەی بدەنێ لەسەر دڵتان بنیشن و چێژیان لێوەربگرن یا ئەوەی کە بێهیواتان بکەن!
ئێ باشە.. چۆن دەتوانین خوێنەرێکی بەتاقەت و بەسەبر و بە نەزم بین؟
وا باشترە بۆ ئەم مەبەستە کاتەکانی خۆتان دابەش بکەن. هەردەم پانزە خوولەکی پێش خەوتنتان بنێنە لاوە بۆ خوێندنەوەی کتێب. هەر هەموو کاتەکانی هاتوچۆکردنتان، (بۆ نموونە لە نێو شەمەندەفەر، ئۆتۆمبێل و فڕۆکە یا لە وێستگەکانی چاوەڕوانی گواستنەوە) تایبەت بکەن بە خوێندنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن کتێبەکە بەش بەش بکەن. بۆ نموونە دەکرێت ڕۆمانی (شەڕ و ئاشتی – War and Peace) بە چەند حەفتەیەک تەواو بکرێت و هەمووی بخوێندرێتەوە. ئەویش بەوەی کە لەو کاتانەی تەرخانتان کردووە بۆ خوێندنەوە، هەر جارەی پەنجا لاپەڕەی لێ بخوێننەوە، دەبینن بە چەند حەفتەیەک تەواوتان کردووە و بە خۆشتان نەزانیوە.
کاتێک (ئاندریوو داڤیس – Andrew Davies) دەیویست وتارێک لەسەر (شەڕ و ئاشتی) لە (بی.بی.سی – BBC) بنووسێت، نووسخەی دووەمی کتێبەکەی بە مەقەست بەش بەش کرد و دواتر کەوتە گیانی بەشەکان و هەمووی خوێندەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر هەر ڕێگەچارەی ترت دەوێت، باشتر وایە بە کورتە چیرۆکەکانی (چیخۆف – Chekhov) دەست پێ بکەیت، بەتایبەت (خاتوون لەگەڵ سەگە جوانکیلەکەی – Lady with Lapdog) کە نزیکەی بیست لاپەڕەیە و چیرۆکەکەشی بەڕاستی کامڵ و سەرەنجڕاکێشە.

سەرچاوە: گاردیەن
لینکی بابەت: https://www.theguardian.com/books/2018/jun/09/book-clinic-millennials-long-classics-war-and-peace