ماکوان عێزەت – هەولێر
گەڕانەوەی میز لە میزەڵدانەوە بۆ گورچیلەکان (VUR) یەکێکە لەو حاڵەتە پزیشکییە باوانەی کە ڕووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ڕەگەزی مێدا. ئەگەرچی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا مەترسییەکی ئەوتۆی نییە و لەگەڵ گەشەی منداڵدا نامێنێت، بەڵام پشتگوێخستنی لە قۆناغە پێشکەوتووەکاندا دەبێتە هۆی هەوکردنی بەردەوام و زیانگەیاندن بە گورچیلەکان.
لە باری ئاساییدا، میز لە گورچیلەکانەوە و لە ڕێگەی بۆریی میز (حالب)ـەوە دەچێتە ناو میزەڵدان؛ بەڵام هەندێک کات ئەم پڕۆسەیە پێچەوانە دەبێتەوە و میز لە میزەڵدانەوە بەرەو گورچیلەکان دەگەڕێتەوە، کە لە زانستی پزیشکیدا بە «گەڕانەوەی نائاسایی میز» (VUR) دەناسرێت.
د. زانا ئەبوبەکر، دکتۆرا لە نەشتەرگەریی گورچیلە، میزەڕۆ، پرۆستات و نەزۆکیی پیاوان، سەبارەت بەم حاڵەتە ڕوونی دەکاتەوە کە گەڕانەوەی میز بە شێوەیەکی سەرەکی لە منداڵانی کچدا (بەتایبەت لە تەمەنی ٢ بۆ ٧ ساڵیدا) و لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵانی کوڕدا ڕوودەدات، بە ڕێژەی (٥ کچ بەرامبەر ١ کوڕ). ئەم حاڵەتەش دەبێتە هۆی هەوکردنی میزەڵدان و گورچیلەکان، تای بەرز و زیانگەیاندن بە گورچیلە.
قۆناغەکانی گەڕانەوەی میز ئەم حاڵەتە پزیشکییە بەسەر پێنج قۆناغی سەرەکیدا دابەش دەبێت:
• قۆناغی یەکەم: گەڕانەوەی میز تەنیا بۆ ناو بۆریی میز (حالب).
• قۆناغی دووەم: گەڕانەوەی میز بۆ ناو بۆریی میز و گورچیلە (لەم دوو قۆناغەدا هیچ ئاوسانێک لە بۆریی میز و گورچیلەدا ڕوونادات).
• قۆناغی سێیەم: گەڕانەوەی میز بۆ ناو بۆریی میز و گورچیلە، لەگەڵ سەرەتای ئاوسان و فراوانبوونیان (قۆناغی یەکەمی ئاوسان).
• قۆناغی چوارەم: گەڕانەوەی میز لەگەڵ ئاوسان و فراوانبوونی زیاتری بۆریی میز و گورچیلە (قۆناغی دووەمی ئاوسان).
• قۆناغی پێنجەم: گەڕانەوەی میز لەگەڵ ئاوسان و فراوانبوونێکی زۆری بۆریی میز و گورچیلە (قۆناغی سێیەمی ئاوسان).
بە گوتەی د. زانا ئەبوبەکر، لە قۆناغەکانی یەکەم و دووەمدا بە ڕێژەی ٨٠٪ حاڵەتەکە لەگەڵ گەشەکردن و گەورەبوونی منداڵەکەدا خۆی چاک دەبێتەوە و پێویستی بە نەشتەرگەری نییە؛ ئەم ڕێژەیە بۆ قۆناغەکانی سێیەم تا پێنجەم دادەبەزێت بۆ ٣٠٪ تا ٥٠٪، بە جۆرێک کە قۆناغەکانی چوارەم و پێنجەم زۆربەی کات پێویستیان بە نەشتەرگەری و چاندنەوەی بۆریی میز هەیە.
نیشانەکانی نەخۆشییەکە نیشانەکانی گەڕانەوەی میز لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە دەگۆڕێن و بریتین لە:
• هەندێک کات هیچ نیشانەیەکی نییە (بەتایبەت لە قۆناغی ١ و ٢دا ئەگەر میزەکە بەکتریا و هەوکردنی نەبێت).
• هەوکردنی میزەڵدان و گورچیلە، کە خۆی لە ئازار لە کاتی میزکردن، ئازاری بەشی خوارەوەی سک یان کەلەکە، تای بەرز و هەندێک جاریش ڕشانەوە و سکچووندا دەبینێتەوە.
• لاوازیی گەشەی جەستەیی منداڵ.
• میزڕانەگرتن، بەتایبەت لە کاتەکانی ڕۆژدا.
• زۆر چوون بۆ تەوالێت.
پشکنینە پزیشکییە پێویستەکان بۆ دەستنیشانکردنی وردی حاڵەتەکە، پزیشکانی پسپۆڕ پەنا دەباتە بەر ئەم پشکنینانە:
١. پشکنینی گشتیی میز، چاندنی میز (زەرع) و پشکنینی کارایی گورچیلەکان لە ڕێگەی خوێنەوە.
٢. پێوانەکردنی فشاری خوێن، باڵا و کێشی منداڵەکە.
٣. سۆنەری گورچیلە، میزەڵدان و ڕێڕەوی میز (USS of urinary system).
٤. تیشکی میزەڵدان بە بەکارهێنانی دەرمانی تایبەت (MCUG).
٥. تیشکی ڕەنگاوڕەنگی گورچیلەکان (DMSA Scan)، بەتایبەت بۆ قۆناغەکانی ٣، ٤ و ٥.
شێوازەکانی چارەسەرى بۆ چارەسەرکردنی گەڕانەوەی میز بەپێی قۆناغی نەخۆشییەکە دەگۆڕێت و بە سێ ڕێگەی سەرەکی دەبێت:
• چارەسەری دەرمان (Medical Management): تایبەتە بە قۆناغەکانی ١ و ٢، کە تێیدا دەرمانی دژەبەکتریا بەکاردەهێنرێت لە کاتی هەوکردندا، لەگەڵ چاودێری و پشکنینی بەردەوامی منداڵەکە.
• ناوبینکردنی میزەڵدا (Endoscopic DEFLUX injection): ڕێگەیەکی بێ نەشتەرگەرییە و لە ڕێگەی ناوبینکردنی و دەرزییەکی تایبەتەوە دەرمانێک بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی میز.
• نەشتەرگەریی چاندنەوەی بۆریی میز: بریتییە لە چاندنەوەی بۆریی میز لە ناوەوە یان دەرەوەی میزەڵدان، جا چ لە ڕێگەی نەشتەرگەریی کراوە بێت یان بە ئامێری ناوسکبینی (Laparoscopic Ureteric Reimplantation).
لە کۆتاییدا پزیشکان ڕێنمایی دایکان و باوکان دەکەن کە هەر کاتێک منداڵەکانیان تووشی هەوکردنی میزەڵدان یان گورچیلە بوون و تای بەرزیان هەبوو، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گورچیلە و ڕێڕەوی میز بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری گونجاو.

