رۆژنامەی ھەولێر

وەرزشوانێک دەبێتە بەهێزترین بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فەرەنسا

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

وەرزشوانێک خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فەڕەنسا بەربژێر دەکات
تێدی راینەر وەرزشوانی جۆدۆ و کەسایەتی بەناوبانگ و دیاری وەرزشی فەڕەنسا، دەیەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بەربژێر بکات و دەشلێت نە لە باڵی راستەکانە نە لە باڵی چەپەکانە.
تێدی راینەر پاڵەوانی ئۆڵۆمپی تەمەن 37 ساڵ کە هەمیشە یەکێک بووە لە وەرزشوانە دیار و خۆشەویستەکانی فەڕەنسا، ڕۆژی دووشەممە لە هەژمارە فەرمیەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رایگەیاند، خۆی بەربژێر کردووە بۆ هەڵبژاردەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی فەڕەنسا. راینەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لۆ پاریسیان ڕایگەیاندووە کە خۆی بە “نە ڕاست و نە چەپ” وەسف دەکات و دەشڵێت هیوادارە سەرۆکێک بێت کە خەڵک کۆبکاتەوە.
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی فەرەنسا ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە کەشێکی کۆمەڵایەتی توندا بەڕێوەدەچێت و بەشێک لە کاندیدەکانیش دەیانەوێت هەستی سۆزی خەڵکی ناڕازی وڵاتەکەیان بۆ خۆیان رابکێشن، وەرزشوانە فەڕەنسیەکەش یەکێکە لەو کەسانەی دەیەوێت هەست و سۆزی خەڵکی ناڕازی وڵاتەکەی، بۆ بەدەستهێنانی کورسی سەرۆکایەتی بەدەست بهێنێت.
تێدی راینەر یەکێک دەبێت لە بەشداربووەکانی ئۆڵمپیادی داهاتوو کە بڕیارە ساڵی 2028 لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت، ئەو وەرزشوانە فەڕەنسیە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکرێت، گوایە بەهۆی بەربژێر بوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی، بڕیاریداوە بەشداری لە ئۆڵمپیادی داهاتوو نەکات.

هالاند دەچێتە بارسێلۆنا
پۆڵ سکۆلز، ئەفسانەی پێشووی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، پێشبینی دەکات داهاتووی ئێرلینگ هالاند، یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بێت.
سکۆڵز کە یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی رۆژانی زێڕێنی مانچێستەریونایتد، لەگەڵ سێر ئەلێکس فێرگسۆن، لە پڕۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا قسەی کردووە و پێوایە، ئەگەر هالاند لە مانچێستەر سیتی بڕوات، راستەوخۆ روو لە بارسێلۆنا دەکات.
پرسیار لە سکۆڵز کراوە لەبارەی چارەنووسی ئێرلینگ هالاندی هێرشبەریمانچێستەر سیتی، ئەگەر یانەکەی بەهۆی سزادانەوە، لە پرێمەرلیگدا ببەزێت، ئەو دەڵێت، دەچێتە بارسێلۆنا.
سکۆڵز لەبارەی داهاتووی هێرشبەرە نەرویجییەکەوە دەڵێ، “لەوانەیە ئەو بۆ ریال مەدرید گونجاو بێت، دەتوانم بیهێنمە بەرچاوی خۆشم کە درێسی ریال مەدریدی لەبەردابێت، بەڵام پێموایە ئەو روو لە بارسێلۆنا دەکات”.
قسەکانی سکۆڵز لە کاتێکدایە، کە دەنگۆی سزادانی یانەی مانچێستەرسیتی زۆر زیادیکردووە، بەهۆی سەرپێچی و لادان لە یاسا داراییەکانی پرێمەرلیگ.
پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی بە 114 لادان لە یاساکانی تۆمەتبارکردووە، دەستەی سەرپەرشتیاری خولەکە لێکۆڵینەوە لە شێوازی سزادانی یانەکە دەکاتەوە، لە کاتێکدا سیتی لای خۆیەوە، سوورەلەسەرئەوەی هیچ هەڵەیەکی نەکردووە و بێتاوانە.
میدیای ئینگلتەرا، لەنێو گەرمەی ئەگەری سزادان و سزانەدانی مانچێستەرسیتیدا، باسی ئەگەری دابەزاندنی یانەکە، بۆ خولی چامپیۆنشیپ دەکەن،ئەوەش وایکردووە ناڕوونی لە داهاتوو و چارەنووسی یاریزانانی ئەویانەیەدا هەبێت.
هالاند تاوەکو ساڵی 2034 گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیە،بەڵام هیچ مەرجێکی سزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نییە، لەئەگەری هەوڵدانی هەر یانەیەک بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی.
لای خۆیەوە، نیکی پاتی هاوڕێی سکۆڵز لە مانچێستەر یونایتد، دەڵێ،باوکی هالاند رۆڵی گەورەی دەبێت لە هەر بڕیارێک کە ئەو بیدات، لەبارەیداهاتوویەوە.
پات دەڵێ، دڵنیام لەوەی باوکی هالاند، لە ئێستاوە بیری لە داهاتوویکوڕەکەی کردووەتەوە، “سەرسام دەبم ئەگەر باوکی، لە شوێنێک شتێکی بۆ داهاتووی کوڕەکەی بونیادنەنابێت”.
تاوەکو ئێستا پرێمەرلیگ وادەی کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە و کاتیراگەیاندنی سزاکانی سەر مانچێستەر سیتی رانەگەیاندووە.

یاریزانێک بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکان نێوان میسر و هۆڵەندا
ئەحمەد ناسڕ یاریزانی میسری کە پێشتر لە تیپە جیاوازەکانی یانەی ئایاکسی هۆڵەندی یاری کردووە، هەروەها ساڵانێکیشە لەو وڵاتە ژیان بەسەر دەبات، بەم دواییە بە تۆمەتی سیخوری کردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا دەستگیر کراوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی باڵا.
ئەو یاریزانە میسرییە لە مانگی ئۆکتۆبەر دووجار دەستگیرکراوە، جاری یەکەم لە 11ـی ئۆکتۆبەر لە ئەمستردام بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر بە ئەنقەست و دزیکردن کە توندوتیژی تێدابوو دەستگیرکرا. دوابەدوای ئازادکردنی سەرەتایی ئەمجارەیان لە 27ـی ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ تۆڕێکی سیخوڕی میسری دەستگیرکرایەوە. داواکاری گشتی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە تۆمەتبار بە کارکردن لەگەڵ لایەنێکی بیانی، ئەویش بۆ ترساندن و هەڕەشەکردن لە نەیارانی حکومەتی میسر لەسەر خاکی هۆڵەندا کاری نایاسایی کردووە.
ئەم دۆسیەیە گرژی و ئاڵۆزی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە و وەزیرانی دەرەوەی هۆڵەندا و میسر کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە ئەنجامدا. کاربەدەستانی میسر داوای ئازادکردنی بەپەلەی ناسر دەکەن، چونکە ئەو وەکو جێگری سەرۆکی یەکێتی لاوانی میسری لە دەرەوەی وڵات کاردەکات.
دوای ئەم پێشهاتانە و شانبەشانی ناڕەزایەتییەکانی لاهای و قاهیرە، هۆڵەندا بە هۆکاری ئەمنی باڵیۆزخانەی خۆی لە میسر داخستووە، جگە لەوەش هاوکارێکی ناسر هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر دەستبەجێ هاوڕێکەی ئازاد نەکرێت، بۆ هاوڵاتیانی هۆڵەندی سەرتاسەری جیهان دەکەن دۆزەخ.

خانمە ئەکتەرێکی ناوداری ئەمریکا رەفزی دایە ڤینسیۆس
ڤینیسیۆس جونیۆر یاریزانی بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، دوای جیابونەوەی لە خۆشەویستەکەی پێشووی لە هەوڵی ئەوەدایە پەیوەندییەکی نوێ لەگەڵ ئەکتەرێکی بەناوبانگ دروست بکات، بەڵام هەر زوو رەفزێکی وەرگرت.
ماڵپەری گۆڵ بڵاویکردەوە ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر بەهۆکارێکی نادیار لە ڤێرجینیا فۆنسێکا خۆشەویستەکەی جیابووەوە، دوای کەمتر لە مانگێک وەکو دیار یاریزانە بەڕازیلیەکە لە هەوڵی ئەوەدایە پەیوەندییەکی دیکەی سۆزداری دروست بکات، ئەمجارەیان لەگەڵ سادێ سینک خانمە ئەکتەری سینەمایی ئەمریکی، بەڵام ئەو خانمە ئەکتەرە داواکەی ڤینی رەتکردووەتەوە.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە ڤینیسیۆس لە رێگەی کورتەنامەیەکی ئینستاگرام داوای لە ئەکتەرە شۆخ و شەنگەکە کردووە لە یارییەکی یانەکەی لە شوێنی تایبەتی یاریگای بێرنابیۆ ئامادەبێت، بەڵام ئەو خانمە داواکەی ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدریدی رەتکردووەتەوە.

ڤان دایک لە لیڤەرپوول دەڕوات
ڤیرجڵ ڤان دایک، ئەستێرە و بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوولیئینگلیزی دەرگای رۆیشتنی لە یانەکەی بە کراوەیی هێشتەوە،لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت و تاوەکوئێستا هیچ رێککەوتنێکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نییە.
بەرگریکارە 35 ساڵەکەی هۆڵەندا و ئەو یانە ئینگلیزییە، لە مانگی 4ـی2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول نوێکردووەتەوە، بەڵام داهاتووییاریزانەکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی دیارنییە.
ڤان دایک لە نوێترین لێدوانیدا دەڵێت “من لە دۆخێکی باشدام، هەستبەباشی دەکەم، بەڵام ئێستا بابەتەکە پەیوەندیی بە منەوە نییە، بزانین لەداهاتوودا چی روودەدات، بەڵام من دوودڵ نیم لەبارەی داهاتوویخۆمەوە.”
کاپتنی لیڤەرپوول لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی “دەمەوێتبەردەوامبم لە یارییکردن و یاریی بکەم، بابزانین لە وەرزەکەدا چی دەبێت،ئێمە تاوەکو ئێستا بە کاتێکی نایابدا تێپەڕیوون، ئەگەر ئەوە بەردەوامبێتزۆرباش دەبێت. تاوەکو ئێستا هیچمان نەکردووە، ئەگەر ئەوە رووینەدادەچمە یانەیەکی دیکە، بەڵام ئێستا هیچ شوێنێکی نوێ نییە رایبگەیێنم وئەمە مانای ئەوە نییە هەست بە نیگەرانی و دوودڵی بکەم.”
ڤان دایک دەڵێت “تاوەکو ئێستا بڕیارم لەبارەی داهاتووی خۆمەوەنەداوە”، ئەمە لەکاتێکدایە چاوەڕواندەکرێت گفتوگۆکان لەگەڵ یانەیلیڤەرپوول لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە دەستپێبکەن.
ڤیرجڵ ڤان دایک، یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی لیڤەرپوولە و لە ماوەیچەند ساڵی رابردوودا بەردەوام شوێنی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکییانەکەدا پاراستووە، لە ماوەی رابردوودا میدیای ئیسپانیا بڵاویکردبووەوە،یانەی ریال مەدرید چاودێریی دۆخی ئەو یاریزانە دەکات و دەیەوێتبێبەرامبەر ڤیرجڵ لە لیڤەرپوولەوە بباتە مەدرید.
بەرگریکارە هۆڵەندییەکە تەمەنی 35 ساڵە، ساڵی 2018 بە گرێبەستێککە تێچووەکەی گەیشتە 84 ملیۆن یۆرۆ، لە یانەی ساوسامپتۆنەوەپەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لیڤەرپوولەوە کرد و لەو کاتەوە بووەتە یەکێکلە دیارترین یاریزانەکانی یانە سوورپۆشەکە.

شێخێکی قەتەر دەیەوێت یانەی بارسێلۆنا بکڕێتەوە
شێخ جاسم بن حەمەد ئال سانی یەکێک لە کەسایتیە دیار و دەوڵەمەندەکانی قەتەرە، ئەو کەسایەتیە ساڵانێک لە هەوڵی ئەوەدا بوو بتوانێت پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بکڕێتەوە، بەڵام دواجار سەرکەوتوو نەبوو و شکستی هێنا.
رۆژنامەی ئێل مۆندۆی ئیسپانی بڵاویکردەوە کە شێخ جاسم بن حەمەد ئال سانی گەورە بازرگانی قەتەری، دوای شکست هێنانی لە کڕینەوەی پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە پشکەکانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا بەدەست بهێنێت و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیە پارەیەکی خەیاڵی پێشکەش بکات.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە ئۆفەری یەکەمی بازرگانە قەتەرییەکە بۆ کڕینەوەی سەرجەم پشکەکانی یانەی بارسێلۆنا، نزیکەی 10 ملیار یۆرۆیە و رەنگە ئەو ژمارەیە وابکات، خاوەنەکانی یانە کەتەلۆنیەکە بیر لە فرۆشتنی یانەکەیان بکەنەوە.
یانەی بارسێلۆنا لە کاتێکدا رووبەڕووی ئەو ئۆفەر و دەرفەتە خەیاڵیەکە بووەتەوە، قەرزێکی زۆر لەسەر ئەو یانەیە کەڵەکە بووە و بەهۆی قەرزەکانیش، ئەو یانەیە زۆربەی پشکەکانی فرۆشتووە و هێشتان قەرزێکی زۆریشیان لەسەر ماوە.