رۆژنامەی ھەولێر

پۆڵەندییەكان بە هەستی نیشتمانی، نەیانهێشت بیرۆكەی سەربەخۆیی لە دڵیاندا بمرێت

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

بە ئامادەبوونی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت، یادی ڕۆژی نیشتمانیی پۆڵۆنیا لە هەولێر بەڕێوە چوو.

بە ئامادەبوونی ڤۆجێخ بۆزێك باڵیۆزی پۆڵۆنیا لە عێراق و ماچێ زایدەل كونسوڵی گشتی كۆماری پۆڵۆنیا لە هەرێم و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و خاوەنكاران و وەبەرهێنەران و میوانان ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی نیشتمانی و سەربەخۆیی پۆڵۆنیا لە هەولێر بەڕێوە چوو.
لە مەراسیمەكەدا سەفین موحسین دزەیی بە ناوی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پیرۆزبایی ئەم یادەی لە گەل و حكومەتی پۆڵۆنیا و باڵیۆزی پۆڵۆنیا لە عێراق كونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم كرد.
دزەیی پوختەیەكی لەسەر میژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی پۆڵۆنیا بۆ سەربەخۆیی پێشكەش كرد و پیرۆزباییی لێ كردن كە ١٠٨ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند. ئەمڕۆ پۆڵۆنیا ئەندامێكی كارای یەكێتی ئەورووپایە، بەشێكی گرنگی هەموو ناوچەكەشە.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەت خواستی هەرێمی كوردستانی دووپاتكردەوە بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی پۆڵۆنیا، لەم بارەیەوە گوتی پەیوەندییەكان لە ئاستێكی باشدان، بەڵام دەخوازین حكومەت لەگەڵ حكومەت و ژوورە بازرگانیەكان لەگەڵ ژوورە بازرگانیەكان و ناوەندە ئەكادیمیەكانیش لەگەڵ هاوتاكانیان ئەو پەیوەندیانەی نێوان هەردوو لا فراوانتر بكەن. چونكە هێشتا دەرفەتی زۆر لە نێوان هەردوو لا لەپێشە.
بەڕێز دزەیی گوتی ئێمە ڕێز لەو هاوكاری و یارمەتیانە دەگرین كە پۆڵۆنیا پێشكەشی ئاوارەو پەنابەرانی كردووە لە هەرێمی كوردستان، هاوكات پشتگیرییەكانیان لە پێشمەرگە لەبیر ناكەین كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە شەڕ دژی داعش هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەیان كرد.
لەبەشێكی دیكەی ووتارەكەیدا سەفین موحسین دزەیی بەناوی حكومەتی هەرێم سەرەخۆشی لە گەل و حكومەتی پۆڵۆنیا كرد بەبۆنەی ئەو هیرشە تیرۆریستیەی چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لە شاری كراكۆڤ كرایە سەر خەڵكی سڤیل و بەهۆیەوە قوربانی زۆری لێ كەوتەوە. بەڕێزیان سەرەخۆشیی لە خانەوادەی قوربانیان كرد و، هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست، جەختی كردەوە كە دەبێ هەموو هەوڵەكان یەك بخرێن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەركوێیەك بێت
11ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩١٨، ڕۆژێكی مێژوویی و چارەنووسگۆڕ بوو بۆ گەلی پۆڵەندا؛ گەلێك كە بۆ ماوەی ١٢٣ ساڵ لەسەر نەخشەی سیاسیی ئەورووپا سڕابوویەوە و خاكەكەی لەنێوان ڕووسیا، پرۆسیا و نەمسادا دابەش كرابوو.
بەڵام، ئەوەی لەدەستیان چوو خاك و دەوڵەت بوو، نەك ناسنامە و خەونی نیشتمانییان.
پۆڵەندییەكان بە پاراستنی زمان، كولتوور، مێژوو و هەستی نیشتمانی، نەیانهێشت بیرۆكەی سەربەخۆیی لە دڵیاندا بمرێت.
لە كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهاندا، لە ساڵی ١٩١٨، پۆڵەندا دووبارە سەربەخۆییی خۆی بەدەست هێنایەوە و گەڕایەوە نەخشەی ئەورووپا. ١١ی تشرینی دووەم، پۆڵەندا ١٠٨ـەمین ساڵیادی سەربەخۆییی ئەو وڵاتەیە.

پەیوەندییەكانی نێوان كورد و پۆڵەندا
لە مێژووی پەیوەندییەكانی پۆڵەندا و هەرێمی كوردستاندا، سەردانی مارێك بێلكا (Marek Belka)، سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی پۆڵەندا، بۆ هەولێر لە ساڵی ٢٠٠٥ وەك یەكێك لە گرنگترین هەنگاوە سیاسییەكان دادەنرێت.
بێلكا لە ٢٧ی تەمووزی ٢٠٠٥ سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبووەوە. ئەم سەردانە لەو كاتەدا بە سەردانێكی مێژوویی ناسێنرا، چونكە بێلكا یەكەم سەرۆكوەزیرانی وڵاتێكی دەرەوە بوو كە بە شێوەی فەرمی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد.
سەردانەكە لە كاتێكدا ئەنجامدرا كە عێراق لە قۆناغێكی هەستیار و گرنگی سیاسی و ئەمنی تێپەڕدەبوو و، هەرێمی كوردستانیش دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس هەوڵی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا دەدا.
مارێك بێلكا كاتێ سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد ستایشی ئەو هەرێمەی كرد و، گەشبینی دەربڕی بە دۆزینەوەی ڕۆڵێك بۆ ئەوەی لەگەڵ گەلی كوردستان هاوكار بن لە بنیاتنانی عێراقێكی فیدراڵ.
دۆستایەتی نێوان پۆڵەندا لەگەڵ هەرێمی كوردستان دۆستایەتیەكی زێڕینی هەیە. كە لێرەدا بە كورتی هەندێكیان دەخەینە ڕوو.
زانكۆی یاگیلۆنیا لە شاری كراكۆف لە زانكۆ هەرە كۆنەكانی وڵاتی پۆڵۆنیایە، مێژوویەكی دەوڵەمەندی هەیە.
زانكۆی یاگیلۆنیا ساڵی 2004 لەگەڵ زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا رێككەوتننامەی هاریكارییان بەست، لەسەر ئەو بنچینەیە تائێستا دەیان قوتابی هاتوون و كۆرسی خوێندنیان وەرگرتووە و بێ بەرامبەر ماستەر و دكتۆرایان تەواو كردووە، دروستبوونی ئەم پەیوەندیانەش لەلایەن كاربەدەستان و ئەكادیمیست و ناوەندە زانستیەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی بەرز نرخێندراوە و پێشوازیەکی زۆری لێ كراوە؛ بنیاتنانی ئەم جۆرە پەیوەندیانە لەگەڵ زانكۆكانی وڵاتی پۆڵەندا بۆتە هۆی ئەوەی كە ساڵانە بە دەیان قوتابی كورد درێژە بدەن بە خوێندنی قۆناغەكانی بەكالۆریۆس و ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی ولاتی پۆلەندا. دوای گەڕانەوەی ئەو قوتابیانەش بۆ ناو هەرێم هەر یەكێكیان لە بوارەكانی خۆیان خزمەتێكی بەرچاوی هەرێمی كوردستان دەكەن.
ساڵی 2011 نوێنەرانی هەرێمی مالۆپۆلسكای پۆڵەندا لە هەولێر ریكەوتنامەی هاوكارییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان واژۆ كرد. ڕێككەوتنەكە هەنگاوێكی گرنگ بوو لە پێشوەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان پۆڵەندا و كوردستان.
ئامانجە سەرەكییەكانی ریكەوتنامەكە بریتی بوون لە.پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانی نێوان كوردستان و مالۆپۆلسكا و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕەكان لە بوارەكانی پەروەردە، پزیشكی، كشتوكاڵ، پیشەسازی و، گەشتیاری و بانگهێشتكردنی سەردانی بەرامبەر لەلایەن شاندەكانی حكومەت و میدیا و كەرتی تایبەتەوە و كردنەوەی پەنجەرەیەك بۆ پڕۆژەی هاوكاریی ئومێدبەخش و زیادكردنی وەبەرهێنانی هاوبەش.
لە كراكۆف لە ساڵی ٢٠١٧ خەڵاتی سێرجیۆ دی مێلۆی پۆڵەندی بەخشرایە ڕێكخراوی خێرخوازی بارزانی و ئەو خەڵاتە بۆ ئەو كەسایەتی و ڕێكخراوە شایستایانەیە كە چالاكییەكانیان تەرخان دەكەن لە پشتیوانی لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی مافەكانی مرۆڤ و، پێكەوەژیانی ئاشتیانە و هاوكاری كۆمەڵگە و ئایین و كولتوورەكان.
هەر لە شاری كراكۆف پێشتر نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا و ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان لە كراكۆڤ یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژوو كرد.
بەپێی یاداشتنامەكە ھەردوو لا پێكەوە كاردەكەن بۆ پەرەپێدانی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان ئەكادێمیای هونەرە جوانەكانی كراكۆڤ و زانكۆ و كۆلیژە ھونەرییەكان لە هەرێمی كوردستان، ھەروەھا ھەوڵ دەدەن بۆ ئەنجامدانی گۆرینەوەی هاوبەش لە نێوان ھونەنەرمەندان و مامۆستایان و قوتابیانی ئەكادیمیای هونەرە جوانەكان لە هەردوو لاوە و ئاڵوگۆركردنی زانیاری و توێژینەوە دەربارەی مێژووی هەماهەنگی ھونەری نێوان هونەرمەندانی پۆلۆنیا و كوردستان و سەرتاسەری عێراق.
لە ھەمان كاتدا كار دەكەن بۆ رێكخستنی پێشانگا بۆ هونەرمەندانی كورد لە پۆلۆنیا و بۆ هونەرمەندانی پۆلۆنیا لە هەرێمی كوردستان.
شایانی باسە ئەكادێمیای ھونەرە جوانەكان لە پۆلۆنیا پێش زیاتر لە 200 ساڵ دامەزراوە و، لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دەستەیەك لە پڕۆفیسۆرەكانی ئەو ئەكادیمیایە لە ئەكادیمیای ھونەرە جوانەكانی بەغدا كاریان كردووە و زۆر قوتابی و ھونەرمەندیان پێگەیاندووە و جێپەنجەیان دیارە لەسەر ھونەری ھاوچەرخی عێراق و كوردستان.