رۆژنامەی ھەولێر

کوردستان یەکە!

شێرکۆ حەبیب
ئەو دروشمەی ٢+٢=١ کە ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا بەرزی کردەوە، تەنها ژمارە و یاسایەکی بیرکاری نییە، بەڵکو دەنگی مێژوویەکی پڕ لە قوربانی، خەبات و ئاواتی نەتەوەیەکە. واتە: هەر چوار پارچەی کوردستان، سەرەڕای هەموو جیاوازییە سیاسی و جوگرافییەکانیان، یەک نەتەوەیە.

ئەم بیرۆکەیە لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵکو لە دڵی مێژوویەکی پڕ لە قوربانی و خەباتی نەوەیەکەوە سەرچاوەی گرتووە. لەو مێژووەدا، ناوی مستەفا بارزانیی نەمر و بنەماڵەی بارزانی بەشێکی دیار و گرنگە.
لە مێژووی خەباتی کورددا، پەیامی یەکگرتوویی هەمیشە گرنگ بووە. مستەفا بارزانیی نەمر خەباتی لە بارزانەوە دەست پێکرد، بەڵام ئامانج و ئاواتی سیاسییەکەی تەنها سنووری ناوچەیەک نەبوو، هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک و هەڵەبجە، هەموویان بەشێک بوون لە شۆڕشی بارزانی. ئەمڕۆش، سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام بانگەشەی یەکگرتوویی و پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان دەکەن.
بەڵام پرسیارێکی گرنگ لێرەدا هەیە: ئایا دەکرێت بە ناوی ڕەخنەی سیاسی، بنەماکانی یەکگرتوویی نیشتمان لاواز بکەین؟
بێگومان، هیچ حزب و ڕێبەرێک لە ڕەخنە بەرزتر نییە. ڕەخنەگرتن مافە، بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان ڕەخنەی بونیادنەر و ئەو هەڵوێستانەی کە دەتوانن ببنە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکی و دابەشبوونی کوردستان.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەک هێزێکی سیاسیی نیشتمانی بەرپرسیارێتییەکانی گرتۆتە ئەستۆ، وەڵامی ڕەخنەکان داتەوە و لە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتیی کوردستاندایە. لە هەمان کاتدا، نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە هۆی لەبیرکردنی چارەنووسی هاوبەشی نەتەوەکەمان.
کەرکوک نموونەیەکی ڕوونی ئەم ڕاستییەیە. کەرکوک تەنها ناوچەیەک نییە، بەڵکو بەشێکە لە ناسنامە و مێژوو و داهاتووی کوردستان. چارەنووسی کەرکوک بە دروشم و ناکۆکیی ناوخۆیی دیاری ناکرێت. پێویستی بە یەکگرتوویی، ستراتیژیی نیشتمانی، کاری سیاسی و ڕێککەوتنی بەهێز هەیە.
ئێمە دەبێت لە خۆمان بپرسین:
– کێ لە دابەشبوونی کورد سوودمەند دەبێت؟
– ئایا لاوازکردنی دامەزراوەکانی هەرێم خزمەت بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی دەکات؟
– ئایا ناکۆکییە حزبییەکان دەبێت لە سەرووی چارەنووسی کوردستان بن؟
وەڵامەکە ڕوونە: هیچ بەرژەوەندییەکی حزبی نابێت لە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بێت.
یەکگرتوویی واتە هەموومان یەک بیر بکەینەوە؟ نەخێر!
یەکگرتوویی واتە هەموومان ئەندامی یەک حزب بین؟ نەخێر!
یەکگرتوویی واتە لەگەڵ هەموو جیاوازییەکانمان، لە کاتی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی نیشتمان، بەرژەوەندیی کوردستان بخەینە پێش هەموو شتێک.
ئەمە ئەو بنەمایەیە کە دەبێت بپارێزرێت، لە هەولێرەوە تا سلێمانی، لە دهۆکەوە تا هەڵەبجە، و لە زاخۆوە تا کەرکوک و خانەقین.
کوردستان بە دابەشبوون بەهێز نابێت، بە ناکۆکی سەربەخۆ نابێت و بە لاوازکردنی دامەزراوەکانی خۆی داهاتوویەکی باشتر دروست ناکات.
بەڵام لێرەدا پرسیارێکی چارەنووسساز هەیە: ئەگەر هەر بەرژەوەندییەکی حزبی، ناوچەیی یان کەسی ببێتە هۆی دابەشکردنی کوردستان، ئەوا ئەوەی ئەمڕۆ بە دوو دەست پێ دەکات، سبەی دەکرێت ببێتە چوار و پێنج!
ئەگەر هەر پارێزگایەک بیر لەوە بکاتەوە کە دەسەڵات و سنووری تایبەتی خۆی هەبێت و لە چوارچێوەی هاوبەشی نیشتمانییەوە داببڕێت، ئەوا لە جیاتی بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان، ڕێگا بۆ لاوازبوونی دامەزراوە نیشتمانییەکان و دابەشبوونی زیاتر خۆش دەکەین.
کوردستان بە یەکگرتوویی بەهێز دەبێت، نەک بە دابەشبوون. ئەگەر ئەمڕۆ بیر لە دابەشکردنی دەسەڵات و دامەزراوەکان بکەینەوە، سبەی چی لە یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە؟
ئەمە خەونی ئەو نەیارانەیە کە نایانەوێت کوردستان بەهێز و یەکگرتوو بێت. بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە کە سەرۆک بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو دڵسۆزانی نەتەوەکەمان، لە پێناوی پاراستنی یەکپارچەیی و دەستکەوتەکانی کوردستاندا بەردەوام دەبن.
مێژوو فێری کردووین کە دابەشبوون هێزمان دەشکێنێت، بەڵام یەکگرتوویی توانای پاراستن و بەرەوپێشبردنی نیشتمانمان پێ دەبەخشێت.
با لەبیرمان نەچێت:
٢+٢=١ تەنها دروشمێک نییە بیرۆکەیەکی نەتەوەییە.
کوردستان یەکە، تەنانەت ئەگەر بە چەند دەسەڵات و سنووری سیاسی دابەش کرابێت.
ڕەخنەمان هەبێت، بەڵام یەک نەشکێنین.
جیاوازیمان هەبێت، بەڵام نیشتمانمان دابەش نەکەین.
ڕکابەریمان هەبێت، بەڵام چارەنووسی نەتەوەکەمان نەخەینە مەترسییەوە.
چونکە کوردستان لە حزبێک گەورەترە، لە ڕێبەرێک گەورەترە، و لە هەموو ناکۆکییە سیاسییەکانمان گەورەترە. کوردستان یەکە، یەکگرتوویی هێزی ئێمەیە و پاراستنی یەکپارچەیی کوردستان ئەرکی هەموومانە.