هاوژین شوکر
سەروەری، ئارامی و بوونی نەتەوەیەک، هەرگیز لە خاڵێکی جێگیردا ڕاناوەستێت، بەڵکو هەمیشە لەبەردەم تاقیکردنەوەی بەردەوام و قۆناغی هەستیاری سیاسیدا دەبێت. ئەمڕۆ لە جیهانێکی پڕ لە گۆڕانکاریی خێرا و ئاڵۆزی ناوچەییدا، هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی یاسایی، دەستووری و قووڵایی ستراتیژی بۆ گەلی کورد، لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدا خۆی دەبینێتەوە. داهاتووی ئەم نەتەوەیە و پاراستنی دەستکەوتەکانی، پێویستی بە هۆشیاریی سیاسیی قووڵ و تێڕوانینێکی نیشتمانیی فراوان هەیە، چونکە نەیاران و ناحەزانی دۆزی کورد هەمیشە چاویان بڕیوەتە ئەم ئەزموونە و هەر دەرفەتێک بەکار بهێنن بۆ ئەوەی ڕەنج و قوربانیی دەیان ساڵەی گەلەکەمان بە بادەن و قەوارەکەمان لاواز بکەن.
مێژووی هاوچەرخی ئێمە پڕە لە پەندی تاڵی مێژوویی؛ ئەوەی هەمیشە ڕێگر بووە لەبەردەم پیلانگێڕییەکاندا، بوونی ئیرادەیەکی پۆڵایین و هێزێکی بەرگریی نەبەز بووە کە لە کاتی تەنگانەدا قەڵغانی پاراستنی ئەم خاکە بوون. لەم پێناویەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی، وەک هەمیشە و لە هەموو وێستگە سەختەکاندا، لانکەی بڕیاری نەتەوەیی و پارێزەری سەرەکیی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوون. پەرۆشیی هەمیشەیی پارتی لەسەر بنەمای خزمەتکردنی بێ جیاوازی خەڵک و پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکە بنیاد نراوە، وەک هێزێک کە هەمیشە خەمی گەورەی، مانەوە و گەشەسەندنی پێگەی هەرێم بووە لە ناوچەکەدا و ئامادە بووە قوربانی بە هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکان بدات لەپێناو پاراستنی کەرامەتی خەڵکەکەی.
ئاییندەی گەش و سەرکەوتووی کوردستان، تەنیا بە یەکڕیزی، بەهێزکردنی دامەزراوەکان، سەروەریی یاسا، و پێکهێنانی حکومەتێکی چالاک و توندوتۆڵ دێتەدی، کە بتوانێت بەرەنگاری تەنگژەکان ببێتەوە و گوزارشت لە خواستە ڕەواکانی هاووڵاتییان بکات. کاتی ئەوە هاتووە بەرژەوەندییە تەسک و حزبییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتماندا بوەستێنرێن و هەمووان لە دەوروبەری ئامانجە باڵاکانی نەتەوەکەمان کۆ ببنەوە. قەوارەی هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حزب و تاکێک نییە، بەڵکو بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و تێکۆشەری ئەم ڕێگەیەیە، پاراستنیشی ئەرکێکی پیرۆزی سەرشانی هەموو لایەکە.
بۆیە داهاتووی ئەم نەتەوەیە پەیوەستە بە بەهێزترکردنی سەروەریی یاسا، پشتئەستووربوون بە ئیرادەی گەل، و پاراستنی ئەو قەڵا سیاسی و ئابوورییەی کە هەیە. پارتی هەمیشە بە هەڵوێستە نەگۆڕە نیشتمانییەکانی سەلماندوویەتی کە مەرجەعی پاراستنی دەستکەوتەکانە. مێژوو حوکم لەسەر ئەوانە دەدات کە لە ئاست بەرپرسیارێتییە نەتەوەییەکاندا دەبنە خەمخۆر و پارێزەری ڕاستەقینەی داهاتووی ئەم خاکە، و دەبێت هەمیشە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت.

