دوێنێ، مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی گرنگی هەنووکەیی و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و ڕایگەیاند؛ ئێمە دەرگامان كراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێك كە بیەوێ ئامادە بێ، ئێستا پەرلەمانێكی كارامان هەیە كە شوێنی گفتوگۆیە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكان.
دەقی وتەکانی سەرۆکی حکوومەت:
ئەمڕۆ هاتووینەتە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەسەرکردنەوەی ئەم ژوورە و هەڵسەنگاندنی ئەو کارەساتە سروشتییەی کە پێش چەند رۆژێک بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر بەداخەوە زیانی گیانی و ماڵیشی لێکەوتەوە و بەداخەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا. لێرەوە من دووبارە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیان دەکەم، هیوادارم جێگەیان بەهەشتی بەرین بێت و خوا سەبووریی بنەماڵەکانیشیان بداتەوە.
لە نزیکەوە گوێبیستی هەموو ئەو بەڕێزانە بووین کە بۆیان باسکردم، بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم بارودۆخە، بێگومان بارینی رێژەیەکی یەکجار زۆری باران لە کاتێکی زۆر کورت هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە سروشتییە بووە، بەڵام دیارە لە هەندێک شوێنی تر پێویستیمان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە بۆ ئەوەی بزانین ئەگەر کەمتەرخەمییەک هەبووبێت، یان پێویستی بە گرتنی هەندێ رێکاری تریش بێت، ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین و بەیەکەوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین.
ئەوەی جێی دڵخۆشییە، ئەو هەماهەنگییەیە کە بینیمان لە نێوان پێشمەرگە و فەرمانبەران لە ئیدارە و دەزگا ئەمنییەکان و هاووڵاتییان خۆیان لەگەڵ یەکتر بووە، کە بە هانای یەکترەوە چوون بۆ ئەوەی زیانەکان کەم بکرێنەوە. من سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم، چ لە ئیدارە، چ لە دەزگاکانی ئەمنی و پێشمەرگە، زێرەڤانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، کوردستان فاوەندەیشن و هەموو ئەو دەزگا خێرخوازی و لایەنانەی کە بە هانای خەڵکەوە هاتوون و هەر یەکێک بەپێی توانای خۆی هاوکاریی پێشکەش کردن.
ئەوەی من داوا دەکەم لە هاووڵاتییانی خۆشەویست ئەوەیە لە کاتی وادا، زۆر پابەندی رێنماییەکانی حکوومەتی هەرێم بن بۆ ئەوەی هەم خۆیان لە کارەسات و زیانەکان بەدوور بگرن، هەم بۆ پاراستنی کەسوکار و خەڵکی دەوروبەریش یارمەتیی دەزگا پەیوەندیدارەکان بدەن و ئەو رێنماییانە دەکرێ زۆر زۆر یارمەتیدەر بن لە گەیاندنی هاوکاریی خێرا بۆ هاووڵاتییان و پاراستنی سەلامەتیی خۆشیان.
ئێمە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو ئەگەر و هۆکارانە دەکەین کە لەوانەیە ئەگەر کاری پێویستی تێدا بکرێت، رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە بکرێت، هەرچەندە کارەساتی سروشتی لە هەموو دنیا روودەدەن، لە شارەکانی پێشکەوتوو، لە وڵاتانی پێشکەوتووش کەس ناتوانێت رێگری لە کارەساتی سروشتی بکات، بەڵام ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ ئینشائەڵڵا.
هەستم کرد کە بەشێک لە کێشەکان بە هۆکاری قەیرانی داراییە لە لایەکەوە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی خەڵکی کوردستان بکەین لە لایەکی ترەوە کەوتووینەتە ژێر پاڵەپەستۆ و فشارێکی یەکجار زۆر کە دەبێت هەموو داهاتەکان رادەستی بەغدا بکەین بۆ ئەوەی ئێمە تەنیا مووچە دابین بکەین بۆ خەڵکی کوردستان ئەمە یەکێکە لەو نموونانەیە کە مووچە تەنیا کافی نییە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتی هەموو خەڵک بکەین. پێویستیمان بە بەشە بودجەیەکی گونجاو هەیە کە ئێمە ئامێری پێویست خزمەتگوزاری پێویست لە کاتی پێویستدا پێشکەشی خەڵکی بکەین.
کەواتە بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی شارێکی وەکو هەولێر یان هەموو شارەکان لە ئاستی کوردستاندا ئەوانە پێویستیان بەوەیە کە بەڕاستی رەچاوی وەزعی دارایی هەرێمی کوردستان بکرێ ئەو قەیرانە داراییە دەبێت چارەسەر بکرێ ئێمە بۆ ئەوەش لە بەغدا بە هەموو جۆرێک پێداگریمان کردووە لە دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هەم خەڵکی ئێمە ئاسوودە بێت، بەختەوەر بێت و ژیانێکی باشتر بژیت و بشتوانین ئەو خزمەتگوزاریانە بین کە پێویستن بۆ خەڵک دابینی بکەین.
ئێمە بەردەوام دەبین لە بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆمان و لە خزمەتی خەڵکی خۆمان دەبین و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەش دەکەم کە بەڕاستی لەم چەند رۆژە یارمەتییەکی یەکجار زۆری ئەو خەڵکەیان داوە بەتایبەتی دوای روودانی کارەسات کە خاوێنکردنەوەی شار بووە. داواشم لە خەڵکی کوردستان ئەوەیە یارمەتی دەزگاکان بدەن، یارمەتی خۆیان بدەن لە پاک راگرتنی شارەکان لە پاک راگرتنی مەنهۆڵەکان بۆ ئەوەی ناچار نەبین جارێکی تر خوانەخواستە ئەم ئەمە ببێت بە بەشێک لەو هۆکارانەی کە لافاو هەڵبستێ، یانیش خوانەخواستە رووداوی نەخوازراو رووبدات. جارێکی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەمووتان دەکەم.
دواتریش، سەرۆکی حکوومەت، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانانی دایەوە و لەبارەی هەنگاوەکان بۆ کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕایگەیاند؛ ئێمە دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێک بیەوێت بێت ئامادەبێت، ئێستا پەرلەمانێکی کارامان هەیە کە شوێنی گفتوگۆیە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان داوا دەکەین هەر لایەنێکی سیاسی خەمخۆری خەڵکی کوردستان بێ بیانەوێ بێن گفتوگۆ بکەن دەرگا کراوەیە بۆیان.
سەبارەت بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا و هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، وەرۆکی حکوومەت ڕایگەیاند؛ ئێمە لەسەر بنەمای دەستوور قسەمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵی کردووە بۆ چەسپاندنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان؛ راستە کێشەی ئێمە تەنیا بودجە نییە، زۆر شتی تریش هەیە، ناوچە دابڕێنراوەکانە و بودجەیە بابەتی نەوت و گازە لەسەر هەموو ئەو خاڵانە قسەی پێویستمان کردووە. سەبارەت بە هێرشی سەر کۆرمۆر ئێمە لەگەڵ لایەنی فەرمی بەغداش قسەمان کردووە و هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی کە نابێ ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە ببنەوە، سەرکۆنەی ئەم هێرشانە بە توندی کراوە و بەردەوامیش دەبین لەوەی کە هاوکاری یەکتر بکەین بۆ رێگریکردن. ئەوەی بزانم لیژنەیەکی هاوبەش لە لایەن سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵییەوە پێکهێنراوە دوێنێ چوونەتە ئەو شوێنە بۆ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانین کێ لە پشتی ئەم هێرشانە بووە و داواکاری ئێمە ئەوەیە هەر کاتێک بە دیار کەوت کێ بەرپرسە لەو جۆرە هێرشانە رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.

