شیڤان شێرزاد – هەولێر
لەسەر ڕاسپاردە و ئەركی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، پەیكەری فەرهەنگنووس و رۆژنامەنووسی دیاری كورد، ڕەوانشاد (گیو موكریانی)، لەلایەن هونەرمەند (سەردار قادر) شوێنە شكاوەكانی چاك كرانەوە.
ئەم پەیكەرەی گیو موکریانی لە شوێنی چاپەمەنییەكەی لەژێر قەڵای هەولێرە و لەسەر ڕێی گشتی پیادەڕۆی خەڵكە، ساڵانێكە بەهۆی كاریگەرییەكانی كەشوهەواوە تێكچووە و هەندێك بەشی شكابوون و ڕەنگەكەیشی بەتەواوی تێكچووبوو، بۆیە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەبوو.
مێژوونووس و ڕۆژنامەنووس و وێنەگر و خاوەن چاپخانەی كوردستان (گیو موكریانی)، كە برای بچووكی ڕۆژنامەنووسی ناوداری گەورەی كورد (حوسێن حوزنی موكریانی) و هاوكات باوكی مامۆستای زانكۆ و نووسەر و ئەكادیمیست خاتوو (كوردستان موكریانی)ـیە، ناوی تەواوی (عەبدولرەحمان سەید عەبدوللەتیف)ە و ناسناوی (گیو موكریانی)یە، لە ساڵی ١٩٠٤ لە مەهابادی پایتەخت لەدایك بووە و لە ١٩٧٧ لە نەخۆشخانەی مووسڵ بە نەخۆشیی دڵ كۆچی دوایی كردووە و لە هەولێری پایتەخت بە خاك سپێردراوە.

