جەلال بەرزنجی
بۆ هەولێر؛ ئەو شارەی بەشێکی لەسەر زەوییە و بەشێکی لە ناخی من.
هەر جارێک،
بەرەو شارەکەم دەفڕم،
دوو ماڵ لەگەڵمدا گەشت دەکەن؛
یەکێکیان،
لە ژێر باڵی فڕۆکەکەدا درێژ دەبێتەوە،
ئەوی تریان،
لە قووڵایی یادەوەریمدا هەناسە دەدات.
لە بەرزاییەوە،
شەقامەکان دەبنە هێڵ،
ماڵەکان دەبنە خەیاڵ،
وەک ئەوەی ئەو دوو جیهانە
هەرگیز نەگەنە یەک.
کاتێک فڕۆکەکە دەنیشێتەوە،
پێیەکانم،
پێش تایەکانی فڕۆکەکە،
دەگەنە زەوی.
هەستم،
لە نێوان گەڕانەوە و گەڕانەوەدا
بە سەرسامی دەسوڕێتەوە.
لە یەکەم ساتی گەیشتنمدا،
شارەکەم لەبەرچاومدا
دەبێتە دوو؛
یەکێکیان پێشوازیم لێ دەکات،
ئەوی تریان،
هێشتا هەر چاوەڕێی منە
من بە تەنیا ناگەڕێمەوە؛
یادەوەرییەکانی تەمەنێکی درێژ،
ئەو بەشەی خۆم،
کە هەرگیز لێم دانەبڕاوە،
ئەو دەنگانەی،
لەگەڵیان گەورە بووم،
هەموویان لەگەڵمن.
لە نێوان ئاسمان و شیعردا،
ڕابردوو،
دەست بۆ ئێستا درێژ دەکات.
دوو ماڵەکە،
هێواش هێواش
دەبنە دراوسێ.
شتێک لە ناخمدا
دەگەڕێتەوە
بە چرپە پێم دەڵێت
لەوانەیە گەڕانەوە
تەنها گەیشتن بە شوێنێک نەبێت؛
بەڵکو دۆزینەوەی ئەو بەشەی خۆت بێت
کە ئەم هەموو ساڵانە،
لە چاوەڕوانی تۆ وەستاوە.

