سلێمان تاشان – هەولێر
ئێوارەی یەکشەممە لەسەر دووشەممە نۆی تشرینی دووەم جارێکی دیکە ناوەندێکی سەرەکیی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و زیانێکی زۆری بەم ژێرخانەی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاند، یەکەم ئەنجامی هێرشەکە پەککەوتنی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەکە و کوژانەوەی تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان بوو و لانی کەم هەژدە کاتژمێر کارەبای لەسەر ماڵەکانی هەرێمی کوردستان کەم کردەوە.
ئەمە یەکەم جار نییە کۆرمۆر دەکرێتە ئامانج بەڵکوو پێشتریش چەندین جار هێرشی کراوەتە سەر تا پێش جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا لانی کەم دە جار هێرشی کراوەتە سەر و ئەمساڵیش چەند جارێک بەرهەمهێنانی گاز لەو کێڵگەیە وەستاوە و بەردەوام هەڕەشەی مووشەکی و درۆنی لەسەر بووە.
کارەساتبارترین هێرش کە کرابێتە سەر کۆرمۆر لە نیسانی ساڵی ڕابردوو ڕوویدا کاتێک بەهۆیەوە چوار کرێکاری کێڵگەی کۆرمۆر گیانیان لەدەست دا و بۆ ماوەیەکی زۆر چالاکییەکانی کۆمپانیاکە وەستێنرا.
دوێنێش، روانگەی ئیکۆ عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و روونیکردەوە، کێڵگەکە پێش ئەوەی بکرێتە ئامانج، رۆژانە نزیکەی 700 ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەمدەهێنا، بە نرخێکی خەمڵێنراوی 3.3 دۆلار بۆ هەر ملیۆن پێ سێجا، بەهای ئەو بەرهەمە نزیکەی 2.31 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا.
هەروەها ئاشکرایکرد، کێڵگەکە رۆژانە نزیکەی 1,400 تۆن گازی شل بەرهەمدەهێنێت کە بە گازی ماڵان ناسراوە. بە نرخێکی خەمڵێنراوی 720 دۆلار بۆ هەر تۆنێک، بەهاکەی دەگاتە نزیکەی 1.008 ملیۆن دۆلار لە رۆژێکدا.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئەو روانگەیە، بەرهەمهێنانی گازی چڕکراو دەگاتە نزیکەی 22 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بە نرخێکی خەمڵێنراوی 38 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەو بڕە هاوتای 836 هەزار دۆلارە لە رۆژێکدا.
ئیکۆ عێراق روونیکردەوە، ئەم خەمڵاندنانە تێچووی وەستانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، کرێی هێڵەکانی گواستنەوە و زیانە ناڕاستەوخۆکانی دیکە ناگرێتەوە کە بەهۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دروستبوون.
کێڵگەى کۆرمۆر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە کەوتووەتە ژیر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و لەڕووی جوگرافییەوە کەوتووەتە سنوری ناحیەى قادرکەرەمی سەربە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی. کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا کردووە و زۆربەی پشکەکانی بەدەستەوەیە و جگە لەم کۆمپانیایە کۆمەڵێک کۆمپانیای تری ئەوروپی و ڕۆژئاوایی لەو کێڵگەیە وەبەرهێنانیان کردووە.
ڕووبەری کێڵگەکە زۆر بەرفراوانە و دەگاتە سەد و سی و پێنج کیلۆمەتری دووجا و زۆر دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی و یەدەگی ئەو گازەی لە دڵی ئەو کێڵگیە خۆی حەشار داوە بە زیاتر لە حەڤدە تریلیۆن پێ سێجا مەزندە دەکرێت.
بەرهەمی گازی کۆرمۆر بە لوولە ڕەوانەى وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر و چەند وێستگەیەکی تر دەکرێ و زیاتر لە حەفتا لەسەدای کارەبای هەرێمی کوردستان بە سووتەمەنیی گازی کێڵگەکە دابین دەکرێت جگە لەمە گازی شلی ماڵانیش هەر لەو کێڵگەیەوە دابین دەکرێ و جگە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکەی ڕەوانەی پارێزگای کەرکووک و نەینەوا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەکرێ و بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وزە سوودی لێ وەردەگیرێت.
پڕۆژەی ڕووناکیی هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە کارەبای بیست و چوار سەعاتی بۆ خەڵک دابین کردووە پشتی بە بەرهەمی ئەو کێڵگەیە گەرمە و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لەو کێڵگەیە حەوتسەد و پەنجا ملیۆن پێ سێجای تێپەڕاندووە و وەبەرهێنانی زیاتر لە کێڵگەکە کراوە بۆ ئەوەی تا ساڵی ٢٠٢٨ بەرهەمهێنان زیاتر بەرز بکرێتەوە و لە چەند بیرێکی دیکە لە چەمچەماڵ دەست بە بەرهەمهێنانی گاز بکرێت.
کێڵگەکە لەدوای دابینکردنی پێداویستییەکانی کوردستان خەریکە دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق و هەر هەفتەی ڕابردوو دەست بە گواستنەوەت گازی سروشتی بۆ وێستگەیەکی کارەبای کەرکووک کرا دوای ئەوەی لەگەڵ عێراق ڕێککەوتنی کرد ڕۆژانە سەد ملیۆن پێ سێجای بۆ دابین بکات.
لەراستیدا کێڵگەکە فاکتەرێکی سەرەکیی هێزی وزەیە لە هەرێمی کوردستان و ئەوانەی چاویان بەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت و ناخوازن کوردستان وەک کاراکتەرێکی گرنگی سیاسی و ئابووری لە عێراق و ناوچەکەدا دەربکەوێت، ماخوازن خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆشنایی و ژیانێکی شارستانیدا بژین، هەر ئەوانە لە پشت هێرشەکەی کۆرمۆرن.
دوای هێرشەکە جگە لە حکوومەتی فیدراڵی، ئەمریکاش ناڕەزایەتی خۆی بۆ ئەو هێرشانە دەربڕیوە و دیار نییە بکەرانی ئەمجارە سزا دەدرین یان وەک هێرشەکانی ڕابردوو بێدەنگیی لێدەکرێت .
کۆمپانیاکە لە توانایدایە هەر لەم یەک دوو ڕۆژەدا بەرهەمهێنان ئاسایی بکاتەوە بەلام ڕایگەیاندووە چاوی لەوەیە دڵنیایی پێ بدرێت لە پاراستنی ئاسایشی کێڵگەکە و دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان بۆ ئەوەی سامانی و سەر و گیانی کرێکارانیشی سەلامەت بیت.

