عارف ڕوشدی
لەبەر ڕۆشنایی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان، وەکوو ئەرکێکی ڕابەرایەتی و لەپێناوی هێورکردنەوە و هێنانەکایەی کەشێکی لەباری گفتوگۆ، جەنابی سەرۆک بارزانی پەیامێکی لێوانلێوی هەستی پابەندبوونی نیشتمانپەروەری و بەرپرسیارێتی، ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد بەتایبەتی (برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان)، بۆ ئەوەی بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە و پێش هەموو شتێکی دیکە بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتمان بە هەند وەربگرن و، لە زووترین دەرفەتدا، کۆبوونەوەی بەرهەمداری یەکخستنەوەی تێڕوانینەکان و پێکەوەکارکردنی بەرپرسانە ئەنجام بدەن.
پەیامەکەی جەنابیان، لە کاتێکدایە، پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە و مەترسیی نەمانی چەتری یاسایی هەرێمی کوردستان چارەسەر کرا و لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی ڕەنگدانەوەی ئەرێنیی هەبوو، بۆیە پێویستە لەپێناوی تەواوکردنی هەنگاوەکانی دیکەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەیارکردنی تواناکانی هاوبەشی بەرگریکاری لە سەروەریی هەرێمەکەمان بەرامبەر هەر ئاڵنگارییەکدا بەردەوامییان هەبێت، هەروەها لە دانوستانێکی هێمنانەدا چارەسەری پێویست بۆ پرسەکانی لەسەر ناکۆک بدۆزرێتەوە.
لە کەس شاراوە نییە، جەنابی سەرۆک بارزانی لە ئاستی بەرپرسیارێتیی نەتەوایەتیی خۆیدا ماندوونەناسانە درێغی ناکات، بەتایبەتی لە کات و ساتە هەستیارەکاندا، بە هزرێکی میانڕەوی کوردستانییانە هەمیشە خوازیاری وەلانانی پرسە لاوەکییەکانە و لە خەمی بەهەندوەگرتنی پرسە چارەنووسسازەکاندایە، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام هانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی داوە، دوور بن لە خواستی بەرتەسکی حزبی و کار بۆ خواستە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەن، کە خۆیان لە: پاراستنی پێگەی یاسایی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانێکی شایەستە و سەرفرازانە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کوردەواری دەبینێتەوە.
هیوادارین، هەموو لایەنەکان، هاوشێوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەخۆبوردووانە، لە ئاستی پەیامەکەی جەنابی سەرۆک بارزانیدا، هەڵوێستی ئەرێنی بنوێنن و، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان شاد و کامەران بکەن.

