ئاری ئاغۆک*
هونەری نووسینی داڕشتن وەک ئاوێنەیەکی ڕۆشنبیری بریتیە لە نیشاندانی توانا و بەهرە شاراوەکانی قوتابی لە ناوەندەکانی خوێندن دا بۆ جیهانی دەرەوە، وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پڕۆسەی پەروەردە دەتوانرێ لە ڕێگەی هزر و خەیاڵی قوتابییەوە هەستەکانی ناوەوە نیشان بدرێت، لە ئەنجام دا دەبێتە هاندەرێک بۆ پەرەپێدانی توانا و بیرکردنەوەی قوتابی، بۆیە لە ناوەندەکانی خوێندن دا، کاتێ مامۆستای بابەتی کوردی ناونیشانێک دەستنیشان دەکات بۆ قوتابی تاوەکو داڕشتنێک بەپێی تێگەیشتن و ڕوانینی خۆی بنووسێ، بێگومان ئەمە تەنیا گواستنەوەی چیڕۆکێک نیە بۆ سەرکاغەز، تاوەکو قوتابی لە پێناو نمرەی زیاتر و دەرچوون و دەرنەچوون هەوڵی بۆ بدات، بەڵکو داڕشتن ئەندێشە و بیر و هەستە، چەندی قوتابی بەتێگەیشتنێکی ڕۆشنبیرانە دایبرێژێ و بینوسێ، ئەوا کاریگەری ئەرێنی لەسەر ڕەفتار و کەسایەتی و داهاتووی ڕۆشنبیری خۆی زیاتر دەبێت.
لێرەدا ئەوەی مەبەستە ئاماژەی پێ بکەین مژاری ژینگەیە لە بابەتی نووسینی داڕشتن دا، ئایا تاچەند ژینگەپارێزی بۆتە ناونیشانی سەرەکی لە لایەن مامۆستایانەوە بۆ قوتابی کە بابەتێک بە هەست و بیرکردنەوە و تێگەیشتنی خۆی بنوسێت دەربارەی ئەم پرسە گرنگەی ئێستا و داهاتووی ژیان، کە قوتابی ئازادانە بە ووشە و دەستەواژە و بیرکردنەوە هێڵی نووسینی تایبەت بێ بە پاراستنی ژینگە، هەروەها هێنانەوەی نموونەی زیندوو دەربارەی پاکژی و ژینگە پارێزی، دواجار وەک خەمخۆرێکی ژینگەپارێزی نیشتیمان ڕازەکانی دەرببڕێت، کە لە ئەنجام دا سوودی بۆ خودی خۆی و قوتابیانی دیکەش دەبێت، بۆیە ئەگەر بێت و لەلایەن مامۆستایانەوە وەک کێبرکێیەک باشترین داڕشتنی ژینگەیی خەڵات و رێزلێنانی لە گۆڕەپانی قوتابخانە پێشکەش بکرێ ئەمەش وەک هاندان و بەردەوامییەک و چاولێکەری قوتابیانی دیکە بۆ ئەم جیهانە جوان و ڕۆشنبیرییە ئەوا کاریگەری ئەرێنی دەبێت.
بۆیە پێشنیار دەکەم لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە هەر قۆناغ و ئاستێک بەپێی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی قوتابی بابەتە فرە لایەنەکانی ژینگە وەک ( پاکوخاوێنی، پاراستنی ژینگە، پیسبوونی ژینگە و هۆکارەکانی، بەفیرۆنەدانی ئاو، دروستکردنی کەلتووری ژینگەپارێزی، خۆشەویستیمان بۆ خاک و نیشتیمان لەڕوانگەی ژینگەپارێزییەوە، ژینگەو تەندروستی مرۆڤ، بەزەیی هاتنەوە بە گیانداران، زیانەکانی بڕینەوەی دارستان، پیسبوونی هەوا،،،،، هتد) ئەمانەو چەندین ناونیشانی تر کە خۆی لە فۆڕمی ژینگەپارێژی دەدۆزێتەوە ئەوا بایەخی پێ بدرێت.
گرنگ نیە چۆن دەنوسن و بە چ شێوازێک دەنوسن با زمانی نووسینیان سادەو ساکاربێ گرنگ دەربڕینەکەو بیرکردنەوە و خەیاڵفراوانی قوتابییە بەرانبەر بە دنیای نووسین بەگشتی و مژاری ژینگە بەتایبەتی، بۆیە نابێ مامۆستا داڕشتن وەک بابەتێکی ئاسایی سەیربکات و یا وەک ئەرکی ماڵەوە بە قوتابی ڕابسپێرێ، بەڵکو داڕشتن وەک ڕەهەندێکی فێرکاری و ڕۆشنبیری و هەوڵی دروستکردنی نەوەیەکی ڕۆشنبیری سەیر بکرێت، لەئەنجامدا تاکێکی ڕۆشنبیر و ژینگە پاڕێز و نیشتیمان پەروەری لێ چاوەڕوان دەکرێت.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر

