رۆژنامەی ھەولێر

سێیەمین خوولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شیکاگۆ بەڕێوەدەچێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

سێیەمین گەڕی فێستیڤاڵی ساڵانەی فیلمی کوردی لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن سەنتەری کولتووریی کوردی لە ئیلینۆی رێکدەخرێت و تێیدا 18 فیلم نمایش دەکرێن.

ڕێکخەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی ڕایدەگەیەنێت: “فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شیکاگۆ رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەم لە شاری شیکاگۆ بەڕێوەدەچێت.”
دەشڵێت: “18 فیلم پێشان دەدرێن کە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی بەرهەمهێنراون. لەنێو فیلمەکاندا بەرهەمی وەک (دۆسیەی ژمارە 1)، (من کێم؟)، (شوێنپێی مێروولەکان) و (شەو و تەم لە کوردستان) و چەندین فیلمی دیکە هەن.”
هاوڕێکخەری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا پانێڵێک بەڕێوەدەچێت کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر هونەر و ئەدەبی هاوچەرخی کوردی.
ئەمە سێیەمین ساڵی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵەیە، ساڵانە لە کۆتاییەکانی ساڵدا رێکدەخرێ. هاوڕێکخەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت: “بانگهێشتی سەرجەم ئەندامانی رەوەندی کوردیمان لە شیکاگۆ و ناوچەی نێوەڕاستی رۆژئاوای ئەمریکا کردووە بۆ ئامادەبوون و پشتگیریکردنی فیلمسازانی کورد، هەروەها بەرپرسانی ویلایەتەکەیشمان بانگهێشت کردووە”.