ڕائیب جادر – هەولێر
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان و بەرزبوونەوەی نرخ و کەمیی نەوت، خواست لەسەر سۆپای دار لە ناوچە شاخاوییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە. وەستایەکی دروستکردنی سۆپای داریش، دەڵێ، چەندین جۆر سۆپای دار ھەن، ئێستا جگە لە خەڵکی گوندەکان وای لێ ھاتووە خەڵکی شارەکانیش بەکاری دەھێنن.
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و دواکەوتن یان دابەشنەکردنی نەوتی سپی وایکردووە ھاووڵاتییان ڕوو لە بەکارھێنانی دار بکەن وەک جێگرەوە.
سۆپای دار تێچوونی کەمترە بەراورد بە ئامێرە کارەباییەکان یان نەوت لەو ناوچانەی دارستانیان نزیکە. سۆپای دار ھەر لە کۆنەوە خەڵک لە وەرزی سارد و سەرمادا بەکاری دەھێنا، چونکە گەرمییەکی زۆری ھەیە، پێدانی گەرمییەکی زۆر و دیزاینکردنی بەشێوازێکی فلکلۆر لە نێو ماڵەکاندا وای کردووە تا ئێستاش بەشێک لە ھاووڵاتییان سۆپای دار بەکاربھێنن.
جیھاد سەمیر، وەستایەکی دروستکردنی سۆپای دارە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: زیاتر لە ٢٠ ساڵە کاری دروستکردنی سۆپای دار دەکەم، پیشەکەم زۆر خۆش دەوێت و لە باوکم بۆ ماوەتەوە، لەگەڵ ھاتنی ھەر ساڵێک بەشێوەیەکی جیاواز سۆپا دروست دەکەم، شتێکی باشە و زەرەری بۆ خەڵکیش نییە.
گوتیشی: ھیچ کاتێک وەکو ئەمساڵ بازاڕمان گەرم نەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە نرخی نەوت ڕۆژبەڕۆژ گران دەبێت، ھاووڵاتییانیش بۆ خۆ گەرمکردنەوە لە وەرزی زستان ناچارن سۆپای دار بکڕن.
ئەو وەستایە، دەشڵێ، کڕیارەکانم زیاتر لە گوندەکان دێن، بەڵام ئەمساڵ لەبەر گرانی نرخی نەوت خەڵکی شارەکانیش داریان ھێناوە و سۆپای دار دەکڕن.
جیھاد سەمیر، ئاشکراشی کرد: ڕۆژانە من و شاگردێکم لە دوکانەکەم ٣ تا ٥ سۆپا دروست دەکەین، لە سەرەتای دەستپێکی سەرمای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا نزیکەی ٥٠٠ سۆپامان بە خەڵکی شار و دەرەوەی شار فرۆشتووە، نرخی ھەر سۆپایەکیش لە ٦٠ ھەزار دینارەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ٢٠٠ ھەزار دینار، ئەوەش لەسەر جۆری پلێتەکە دەمێنێتەوە، چونکە چەند پلێتەکە باش و جوان بێت، پارەی زیاتر دەکات.
ئەگەر ئەمساڵ زوو نەوت و سووتەمەنی بەسەر گوند و ناوچە سەختەکانی کوردستان دابەش نەکرێت، ئەوە کاریگەریی خراپی لەسەر ژینگەی کوردستان دەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئەم مانگە نەوتی سپی ماڵان بەسەر ھاووڵاتییان دابەشدەکرێت.
کارزان شاکر، وەستایەکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە ساڵی ١٩٩٣وە خەریکی ئەم کارەم، ھیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ خەڵک لە سۆپای داری نەکۆڵیوەتەوە و نەیکڕیوە، ھۆکارەکەیشی ئەوەیە نەوت کەمە و خەڵکەکە نەوتی نییە، پێنج جۆر سۆپا ھەیە ئەویش بەپێی گەورەیی و بچووکییەکەیەتی، سۆپامان ھەیە بۆ ژووری ١٢ مەتر و ١٦ مەتر و ٢٠ مەتر و ٢٤ مەتر و ٤٠ مەتر دووجا.
سەبارەت بە جۆری سوپای داری خۆماڵی و نرخەکانی لە بازاڕەکان لەگەڵ قەبارەیاندا، وەستا کارزان شاکر، گوتی: نرخی سۆپاکان بەپێی گەورەیی و بچووکی دەگۆڕێت، ھەتا گەورەتر بێت نرخەکەی زیاترە، خەڵک بەپێی ڕووبەری ژوورەکەی سۆپاکان دەبات.

