رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی ستراتیجیی ڕێگای دووسایدی (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) بە ڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە

کارەکانی پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی مۆدێرنی (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) بە ڕێژەی 95% بە هەموو بڕگەکانییەوە تەواو بووە، تەنیا کارێکی کەم لە توونێلی ماوەراندا ماوە و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەتەواوی کۆتایی پێبێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییان و شۆفێرانەوە.

ئەم پڕۆژە ستراتیجییە کە درێژییەکەی ١٠کیلۆمەترە، دوو توونێل (میراوە و ماوەران) و سێ یەکتربڕ لەخۆ دەگرێت. بە تەواوبوونی ئەم ڕێگا نوێیە، ماوەی هاتوچۆی نێوان شاری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە بڕی نیو کاتژمێر کەم دەبێتەوە، کە ئەمەش کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری دەکات.
پڕۆژەکە هاوشێوەی پڕۆژەکانی دیکەی کەرتی ڕێگاوبان، بەپشتبەستن بە دەستی کاری ناوخۆیی و بەپێی بەرزترین ستانداردی نێودەوڵەتی جێبەجێ کراوە. لە دروستکردنیشیدا تەواوی مەرجەکانی سەلامەتیی هاتوچۆ ڕەچاو کراون، لەوانەش دابینکردنی ڕەمپەی سەلامەتی کە لە ئەگەری لەکارکەوتنی ستۆپی ئۆتۆمبێلەکاندا، دەبێتە هۆکارێکی سەلامەت بۆ ڕاگرتن و کۆنترۆڵکردنیان.
لە ماوەی 6 ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 810 پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبانی تەواو کردووە و جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکانی دەکاتەوە، تا ئەو کاتەی تەواوی ڕێگای نێوان شارەکانی کوردستان دەکرێنە دووسایدی مۆدێرن.