هاودەنگ فارووق
لە مێژووی خەباتی نەتەوەکاندا، هەمیشە کەسانێک هەن گیان و خوێنی خۆیان و ئازیزانیان دەکەنە قوربانی بۆ پاراستنی خاک و نیشتمان. محەمەدی حاجی مەحموود، یەکێکە لەو سەرکردە و پێشمەرگە شۆڕشگێڕانەی کە لە سەختترین ڕۆژگارەکاندا قەڵغانی بەرگری بووە بۆ کوردستان و مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی تۆمار کردووە.
کاتێک تیرۆریستانی داعش هەڕەشەیان لە کەرکووک و خاکی کوردستان دەکرد، کاکە حەمە وەک فەرماندەیەک لە هێڵی پێشەوەی سەنگەرەکان بوو. لەوێدا داستانێکی پڕ لە ئازار و هاوکات پڕ لە شانازی تۆمار کرا؛ شەهید عەتای کوڕە گەورەی، لە پێشچاوی خۆیدا و لە هەمان سەنگەری بەرگریدا گیانی پاکی بە نیشتمان بەخشی و شەهید بوو. لەو ساتە سەختەدا کە دڵی هەر باوکێک پارچە پارچە دەبێت، کاکە حەمە بڕیارێکی مێژوویی دا. ئەو ئامادە نەبوو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و بەرگریی کەرکووک بەجێبهێڵێت و لەگەڵ تەرمی جگەرگۆشەکەی بگەڕێتەوە، بەڵکوو مانەوەی لە سەنگەر بۆ پاراستنی خاکی کوردستان هەڵبژارد، تا سەرۆك بارزانی داوای لێكرد لەگەڵ تەرمی ڕۆڵەكەی بگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ، دوای ئەو هەموو قوربانیدانە گەورەیە، بیستنی هەواڵی دەرچوونی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ کاکە حەمە لەسەر بابەتێکی بێمانا و بێناوەڕۆک، جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانییەکی قووڵە. چۆن دەکرێت ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرییە مەزنە لەیاد بکرێت؟ ئەم هەنگاوە زیاتر لە زوڵم و پیلانگێڕییەک دەچێت لە دژی کەسایەتییەکی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ، کە هەموو تەمەنی خۆی بۆ ئازادیی ئەم گەلە تەرخان کردووە.
مێژوو و ویژدانی نەتەوەییمان پێمان دەڵێت: کە نابێت قوربانیدانی قارەمانەکانمان پاداشتەکەی بەم شێوەیە بێت. لەم هەلومەرجەدا، هەر پێشمەرگە، ئازادیخواز و شۆڕشگێڕێک، خۆی بە پشتیوانی کاکە حەمە دەزانێت و ئەم نادادییە ڕەت دەکاتەوە. گەلی ئێمە باش دەزانێت کێ لە ڕۆژە سەختەکاندا سنگی نا بە گوللەوە و کێش شایەنی ڕێز و پێزانینە، نەک بڕیاری بێبنەما و دروستکردنی کۆسپ. پشتیوانیکردن لەو کەسانەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خەونی دوژمنانیان لەگۆڕ نا، ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە.

