مەشخەڵ كەوڵۆسی
لەدوای ئەوەی چەند هونەرمەند و نوسەرێك لەگەڵ چەند كەسایەتییەكی بارزانیدا وێنەیان گرت، ئیدی سەرلەنوێ شەپۆلێكی تری ئیرهابی فیكری بەتوندی سەری هەڵدایەوە، شەپۆلەكە بەڕادەیەك گشتگیر و سەرتارسەری و توند بوو، هەندێك لەو كەسایەتییانە ناچاربوون ڕوونكردنەوە بدەن و، بەجۆرێك لەداوای لێبوردن و پۆزشهێنانەوە قسەیان كرد.
بەندە وەكو كەسێك كە دوانزە ساڵ زیاترە لەزۆرێك پەیچ و میدیاوە وەك بنێشتە خۆشە كەوتوومەتە بەر ئەو هێرش و شاڵاوە، دەمەوێت چەند سەرنجێك لەسەر ئەو بابەتە تۆمار بكەم:
یەكەم: نوسەر و بیرمەند و هونەرمەند و هەر كەسێكی سادەش، مافی خۆیەتی لەگەڵ كێ وێنەدەگرێت و لەگەڵ كێ نایگرێت و بۆهیچ كەسێك نیە بەهیچ پاساوێك لێپرسینەوەی لێ بكات. چونكە هیچ ڕوكنێكی تاوانی تێدانیە. نەلەڕووی لۆژیك، نە سیاسی و نەیاسایی و كۆمەڵایەتی، هیچ پاساوێك بۆ لێپرسینەوە دروست ناكات.
دووەم: هەڵمەتێكی ئاشكرا هەیە بۆ “ڕووخاندنی سیاسی” لەدژی ئەوانەی كە بوونەتە سیمبولی شۆڕشی نەتەوەی كورد. بەجۆرێك هەڵمەتەكە گەورەیە بۆ ناشرینكردنی ئەو بنەماڵانە كە مرۆڤی كورد نەوێرێت لێیان نزیك ببێتەوە. بەو مانایەی كە ناچار بین داوای لێبوردن بكەین لە موعەممایەك كە نەدەیناسین و نەدەزانین كێیە و نە هۆكار و پاساویشی هەیە.
پێم وایە ئەوە تۆڵەی شۆڕشە لەو بنەماڵەیە دەكرێتەوە، چونكە مرۆڤ دەكەوێتە بەردەم ڕاستییەكی حاشا هەڵنەگر، ئەویش ئەوەیە: مادەم سەرباری ئەو شۆڕش و قوربانیدانە مرۆڤی كورد هێشتا سڵ بكاتەوە لەوەی وێنە لەگەڵ نەوەیەكیان بگرێت، ئیتر چۆن مرۆڤی تر لە قۆناغەكانی داهاتوودا زاتی ئەوە بكات كە شۆڕش لەپێناوی كورددا بكات.
بە واتایەكی تر: ئایا ئەو هەموو شۆڕش و قوربانیدانە بۆ كورد شفاعەت ناكات بۆ ئەوەی وێنە لەگەڵ نەوەیەكی بارزانی نەمردا بگیرێت و، وەك ئەوەی تاوانێك كرابێت مرۆڤ پێویستی بەوەیە ڕوونكردنەوە بدات و پاساو بهێنێتەوە؟ ئەگەر وابێت، چۆن چاوەڕوان بكەین شۆڕشگێڕی تر لەناو كورددا هەڵبكەوێت و دڵگەرم بێت بۆ ئەوەی شۆڕش لەپێناوی كورد بكات؟
من بەگومانێكی قووڵەوە دەپرسم: ئایا ئەوە دەستێكی هەواڵگری و پلانێكی سیاسی مەترسیدار و ئامانجدارنیە بۆ ئەوەی تۆوی شۆڕش لەناو كورددا بەتەواوی بنەبڕ بكرێت؟ من كە بزانم سبەینێی كوردێك ناوێرێت لەگەڵ نەوەكەم وێنە بگرێت، ئیدی چۆن هەوڵ بدەم شۆڕش بكەم؟.
سێیەم: وەڵامی ئەو ئیرهابە فیكرییە ئەوە نیە كە پاكانە بكەیت و پاساو بهێنیتەوە، بەڵكو ئەوەیە نەترسیت و ڕای خۆت بڵێیت وەك ئەوەی چەندین ساڵە ئێمە كردوومانە و، پاساوە لۆژیكی و سیاسییەكانی ئەو هەڵمەتەمان هەڵتەكاندووە. بۆیە بەڕای من نەدەبوو ئەو كەسایەتییانە كەمن لەدوور و نزیك نایان ناسم، ڕوونكردنەوە بدەن.
چوارەم: وێنەگرتن لەگەڵ هەر بەرپرسێك و سەردان و كۆنتاكت لەگەڵیان، مانای پشتگیری ئەوان نیە بۆ نوسەرەكە، یان بەپێچەوانەوە. بگرە ڕەنگە زیانیشی هەبێت. بەڵام زۆرجار زەرورەتی پیشەی مەعریفە وفیكرو هونەر و نوسین ئەو دیدارانە دەسەپێنێت.
پێنجەم: سەردانكردنی ئەو كەسایەتییانە، مانای ئەوە نیە ئیتر تۆ لەدژی خەڵكیت. چونكە من پێم وایە كۆمەڵگەی كوردی ئەوەندە بچوك و ڕایەڵەكانی نێوان چین و توێژەكان ئەوەندە شل وناسكە، بەرگەی ئەو دابەشكارییە ناگرێت لەنێوان خەڵكدا.
شەشەم: گلەیی و گازندەی خەڵك و چارەسەری كێشەكانی گەندەڵی و ناعەدالەتی، بابەتێكە جوهدی هەموو لایەكی دەوێت و، هۆكار و پاڵنەر و سەرچاوە و پاساوەكانی فرەچەشنن و تەنها لای كەسێكی دیاریكراو نین و، بابەتەكە لیڤڵی جیاجیای هەیە. لەبەر ئەوە چون و نەچوونی كەسێك بۆ لای بەرپرسێك یان كەسایەتییەك هیچ لەو بابەتە ناگۆڕێت نەبەباش نەبەخراپ. دەبێ كەلتور و یاسا وپەروەردە ئەو بابەتی گەندەڵییە لەڕەگەوە چارەسەر بكەن، نەك چون یان نەچوونی نوسەرێك بۆلای كەسایەتییەك.
حەوتەم: من لێرەدا نە شاهیدی پاكی بۆ كەس دەدەم، نەشفاعەت بۆ كەسێكی دیاریكراو دەكەم، بەڵام دەمەوێت بڵێم: نابێت ڕێگە بدەین ئەو ئیرهابە فیكرییە بۆمان دیاری بكات لەگەڵ كێ دانیشین و لەگەڵ كێ دانەنیشین. بەڵام كاتێ چووین دەبێت دیسان نەگەڕێینەوە بۆ موهادەنە لەگەڵ ئیرهابی فیكریدا.
دواجار: كۆمەڵگەی كوردی ناسكە و بەرگەی ئەو ململانێ ناڕەوایە ناگرێت. هاوكات بەرگەی ئەو پلانە ناگرێت كە بۆ تۆڵەكردنەوە لە ڕۆحی شۆڕشگێڕی كورد داڕێژراوە، بابەتی گەندەڵی و ناعەدالەتی وگلەییەكانی خەڵك واقیعن و كەس ناتوانێ نكولی بكات و، كەسیش ناتوانێ ئیدیعای چارەسەركردنی بكات بەبێ هەبوونی زەمینەی كەلتوری و یاسایی، لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستییانەشدا نابێ مرۆڤی وشیار پاساو بداتە بەردەوامبوونی ئیرهابی فیكری بەجۆرێك نوسەرێك وەكو تاوانێكی گەورەی كردبێت ڕوونكردنەوە بدات لەسەر ئەوەی وێنەی لەگەڵ كێ گرتووە… بۆیە دەڵێم: كێ دێ لەگەڵ بارزانییەكاندا وێنە بگرین؟.

