رۆژنامەی ھەولێر

کـــــــــــــــــــــــــــــەناری دووەم دراما و چارەنووسی بەهاکان؛ خوێندنەوەیەک لە نێوان کاریگەرییەکانی شاشە و هۆشیاریی تاکدا

سه‌هه‌ند كۆیی
خێزان وەک سەرەکیترین پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، هەمیشە لەژێر کاریگەریی ئەو ئامرازە کلتوری و ڕاگەیاندنانەدا بووە کە دەوروبەریان گرتووە. لەم چەند دەیەی کۆتاییدا، کۆمەڵگەی کوردی ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی تەکنەلۆژیا و میدیایی بووەتەوە، کە تێیدا تەلەفزیۆن و شاشەکان بوونەتە میوانی هەمیشەیی ناو ماڵەکان. لەم نێوەندەدا، درامای ناوخۆیی و بەرهەمە دۆبلاژکراوەکان وەک دوو هۆکاری سەرەکی دەرکەوتوون کە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە داڕشتنەوەی هۆشیاریی بەکۆمەڵ و گۆڕینی بەها باوەکان. له‌ گۆشه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌م جاره‌ی: كه‌ناری دووه‌مدا، ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم بابەتە باس ده‌كه‌ین و تیشک ده‌خه‌ینه‌ سەر شێوازی کارکردنی ئەم خزمەتگوزارییە میدیاییانە لەسەر دەروون و کلتوری خێزانی کوردی و هاوکات لێکەوتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە هەڵده‌سه‌نگێنین.

ڕۆڵی زمانی دایک و فۆلکلۆر لە بەرهەمی هونەریدا
بەرهەمە نیشتمانییەکان هەمیشە وەک ئاوێنەیەک سەیر دەکرێن کە کێشە و ئاسته‌نگ و بەسەرهاتەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەی تێدا دەدرەوشێتەوە. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، درامای کوردی لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی داوە دەست بۆ ئەو بابەتە هەستیارانە ببات کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانەوە هەیە. کاتێک خێزانەکان سەیری کارێکی هونەری یان بەرهەمێکی درامایی دەکەن کە بە زمانی دایکیانە و باس لە دابونەریتی خۆیان دەکات، جۆرێک لە هاوسۆزی و پەیوەستبوونی دەروونی دروست دەبێت. ئەم پڕۆسەیە دەکرێت ببێتە هۆی بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و پاراستنی زمان، چونکە بەکارهێنانی شێوەزارە ڕەسەنەکان و زیندووکردنەوەی فۆلکلۆر لە ڕێگەی نواندنەوە، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ نەوەی نوێ تا ئاشنای ڕابردووی خۆیان ببن. لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە کە بەشێک لەم کارانە لەبری پێشکەشکردنی چارەسەر، تەنها جەخت لەسەر لایەنە تاریک و نەرێنییەکانی وەک توندوتیژی، خیانەت و کێشە خێزانییەکان دەکەنەوە. ئەم جۆرە نواندنە دووبارەیە دەکرێت بێهیوایی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاو بکاتەوە و وێنایەکی شێوێندراو لە پەیوەندییە کەسییەکان پیشان بدات. بۆیە هاوسەنگی لە نێوان نیشاندانی واقیع و پاراستنی ئومێد، ئەرکێکی بنەڕەتییە کە پێویستە نووسەران و دەرهێنەرانی ناوخۆیی لەبەرچاوی بگرن بۆ ئەوەی پەیامێکی پەروەردەیی تەندروست بگەیەنن.

دۆبلاژی بیانی و تێکەڵبوونی کلتورەکان
دیاردەی دۆبلاژکردنی زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان، بەتایبەت بەرهەمە تورکی، ئێرانی، عەرەبی و کۆرییەکان، وەرچەرخانێکی گەورەی لە یەکەی خێزانی کوردیدا دروست کرد. چونکە کاتێک زمانی کوردی دەخرێتە سەر جەستەی کلتورێکی نامۆ، جۆرێک لە تێکەڵاوبوونی چەمکەکان بەرهەم دەهێنێت. بە جۆرێک کە وەرگێڕانی دەنگی دەبێتە هۆی ئەوەی بینەر بە ئاسانی لە هێڵە گشتییەکانی چیرۆکەکە تێبگات، بەڵام هاوکات شێوازی ژیان، جلوبەرگ، پەیوەندییە سۆزدارییەکان و تەنانەت نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتانەش دەگوازرێنەوە بۆ ناو ماڵەکان. ئەم گواستنەوە کلتورییە زۆرجار بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و لە ڕێگەی وێنەی کوالێتی بەرز و دیمەنی سەرنجڕاکێشەوە ئەنجام دەدرێت، کە ئەمەش کاریگەرییەکەی دووقات دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە پێی دەوترێت: داگیرکاری کلتوری، یان بە جیهانیبوون لە ڕێگەی میدیاوە. هه‌ر بۆیه‌، کاتێک گەنجان و نه‌وجه‌وانان بەردەوام تەماشای جیهانێک دەکەن کە جیاوازە لە ژینگەی ڕاستەقینەی خۆیان، تووشی جۆرێک لە دابەشبوونی کەسایەتی دەبن. بەو پێیەی ئەوان لە نێوان ئەو واقیعە سادە و زۆرجار سەختەی تێیدا دەژین و ئەو ژیانە شاهانە و پڕ لە ڕەنگاوڕەنگەی لە شاشەکاندا دەیبینن، تووشی چاوەڕوانی و بەراوردکارییەکی بەردەوام دەبن لەگەڵ ئەو دیمەنە ناڕاستانەی کە لەسەر شاشەکان دەبینرێن. بە چه‌شنێك، کە تارمایی ئەم کاریگەرییە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی لێڵبوونی ئاسۆی ژیان و گەشەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە بەرانبەر بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزان و ڕێگا خۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانی کێشە و ململانێی نێوان نەوەکان.

بایەخی پەیامە جوانەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەلان
گۆڕانی بەهاکان پرۆسەیەکی خاوە بەڵام بەردەوامە، کە تێیدا دراماکان ڕۆڵی هاندەر دەگێڕن. لەم ناوەرۆکەشەوە، یەکێک لە دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەی تێبینی دەکرێت، سستبوونی پەیوەندییە ڕاستەقینەکانی نێوان ئەندامانی خێزانە. لە سایەی ئەم دووری و نامۆبوونە نەبینراوەدا، لەبری ئەوەی کاتەکانی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا تەرخان بکرێن، دەبنە گۆڕستانێکی بێدەنگ و دابڕانێکی نادیار لەناو ڕووناکی و ساردوسڕی شاشەکاندا. ئەم گۆشەگیرییە کۆمەڵایەتییە لەناو یەک ماڵدا، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سۆز و تێگەیشتنی یەکتر. جگە لەوەش، زۆرجار لەم درامایانەدا چەمکەکانی وەک ڕێزگرتن لە گەورەکان و هاوکاری هاوبەش و دڵسۆزی خێزانی، بە شێوازی جۆراوجۆر دەخرێنە ژێر پرسیارەوە. لەلایەکی ترەوە، پێویستە ئاماژە بە لایەنە ئەرێنییەکانیش بکرێت، چونکە هەندێک لە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان بایەخ و پەیامێکی ئەخلاقیی گەورەیان پێیە، وەک؛ پاراستنی ماف و ئازادییەکان و برەودان بە زانست و هۆشیاری و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و هەموو جۆرە نادادپەروەرییەک. لە بەرانبەر ئەمەشدا، کاتێک کۆمەڵگە بەو ڕاستییە دەگات کە ئاریشەی هاوشێوە لەناو کلتوورەکانی تریشدا هەن و بە عەقڵانییەت و تێگەیشتن چارەسەر دەکرێن، ئەمە دەبێتە چراخانێک بۆ کرانەوەی فیکری و فراوانتربوونی پانتایی قبوڵکردنی ئەویتر، بەڵام کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کە ژمارەی ئەو بەرهەمە بەپێزانانە کەمترە لەو زنجیرە درێژانەی کە بێباکانە کات دەکوژن و تەنها گرنگی بە لایەنە لاوەکییەکانی ژیان دەدەن، کە ئەمەش هاوسەنگییە پەروەردەییەکەی شێواندووە و بنەما ڕەسەنەکانی ژیانی خێزانی كوردی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.

بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و پاراستنی شیرازەی خێزان
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە درامای ناوخۆیی و دۆبلاژکراو وەک چەکێکی دوودەم وان لە کلتوری هاوچەرخی کوردیدا. ئەوان تەنها هۆکاری کات بەسەربردن نین، بەڵکو ئامرازێکی بەهێزی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتین کە دەتوانن بناغەکانی خێزان بەهێز بکەن یان بەرەو سستبوون و هەڵوەشاندنەوەی بەرن. هەر بۆیە لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی ئەم لێکەوتە نەرێنییانە و پاراستنی ڕەسەنایەتی کلتوری، پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی ڕۆشنبیری، چاودێرییەکی زانستی و ڕەخنەیی بەهێز بخەنە سەر جۆری ئەو ناوەڕۆکانەی کە پێشکەشی ناوماڵی کوردی دەکرێن. له‌ هه‌مانكاتدا، هانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بدرێت کە کوالێتی بەرز بێت و چارەسەری ڕاستەقینە بۆ کێشەکان پێشنیاز بکات. هاوکات خێزانەکانیش بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەرشانە لە ڕێکخستنی کاتی تەماشاکردن و دروستکردنی دیالۆگی ڕەخنەیی لەگەڵ منداڵەکانیاندا، تا بتوانن جیاکاری لە نێوان واقیعی ژیان و خەیاڵی سەر شاشەکاندا بکەن، بەمەش دەکرێت میدیا ببێتە هۆکارێک بۆ گەشەکردن نەک داڕووخانی بەهاکان. چونکە پاراستنی شیرازەی خێزان و نەوەکان، پایەی سەرەکیی مانەوەی هەر کۆمەڵگەیەکی زیندووە.دواجار، ئەوە ئاگایی و هوشیاریی خودی مرۆڤەکانە کە چارەنووسی تەکنەلۆژیا و بەرهەمە میدیاییەکان دیاری دەکات، نەک پێچەوانەکەی.