گوهدار شوكری ئاكرەیی
ئایا ئەوکاتە مرۆڤەکان بە قەد ئێستا دژمنی یەکتر دەبوون؟ بە قەد ئێستا یەکتریان دەکوشت؟ بە قەد ئێستا سەر دەبڕا؟ یان مرۆڤ، تەنانەت ئەگەر هیچ ئایینێکیش نەبوایە، هۆکارێکی تری بۆ دابەشکردنی خۆی لە یەکتر دەدۆزییەوە؟ چونکە لەوانەیە کێشەکە لەو باوەڕە نەبێت کە مرۆڤ بە هۆیەوە خوا دەپەرستێت و، کێشەکە لە مرۆڤ خۆی بێت، کە هەموو شتێک دەکاتە هۆی دروستکردنی «ئێمە» و «ئەوان». نەتەوە، ڕەنگ، زمان، خاک، دەسەڵات، بیرکردنەوە، ئایدیۆلۆجیا. کەواتە بە دڵنیاییەوە ناتوانین بڵێین ئەگەر هیچ ئایین و مەزهەبێک نەبوایە، ئەوکاتە مرۆڤ ئاسودەتر دەبوون لە ئێستا! بەڵام دەتوانین بڵێین، رەنگە لە نەبوونی ئایین و مەزهەبەکان، چەند پێشهاتەیەک لەو دۆخەدا تێبینی کرابا یان بەدەر کەوتبا! بۆ نمونە ئەوکاتە مرۆڤ نەیاندەتوانی بڵێت: «من لەسەر ڕاستیم چونکە ئایینەکەم وای دەڵێت، تۆش لەسەر هەڵەیت چونکە ئایینەکەت جیاوازە و دەرنجام یەکتر لەناو ببەن، پیرۆزی شەهید بوون یا کافر بدەنە پاڵ یەکتر؛ لە هەمانکاتدا پرۆسەی هاوسەری بەوشێوەیەی ئێستا نەدەبوو! کە نابێت دوو ئایینی جیاواز پرۆسەی هاوسەگیری بکەن، ئەگەر بکرێت، زۆر جار حاشای لێ دەکرێت، هەندێ جاریش کوشتنی لێ دەکەوێتەوە! کەواتا ئەمانە هەمووی ئەوەمان پێ دەڵێن، رەنگە «هەر بە خواپەرستی»ـیش، لەسەر شێوازی خواپەرستیمان، جیاوازییەک بخەینە گۆڕێ! چونکە مرۆڤ سروشتێکی هەیە کە تێیدا: خۆویستی و بەرژەوەندی هەیە، ترس و ناڕوونی هەیە، حەزی بە دەسەڵات و سەلماندنی خۆی هەیە، لە هەموو ئەمانە ترسناکتر کاتێک باوەڕێک دەکاتە بەشێک لە ناسنامەی خۆی، بۆ پاراستنی ئەو باوەڕە دژایەتییەکی توند پیشان بدات. خودی خۆی بە نوێنەری ڕاستییەکەی خوا دەزانێت، باوەڕی خۆی دەکاتە تەرازووی ڕاست و هەڵە. کەواتە ئەگەر بە شێوەیەکی فەلسەفی سەیری بابەتەکە بکەین، دەکرێ بڵێین ئایین و مەزهەب بە خۆیان هۆکاری سەرەکیی نارەحەتیی مرۆڤ نین، بەڵام دەکرێ بکرێنە دەسپێچ و، ببنە هەوێنی ململانێ و، سروشتی مرۆڤیش ببێتە بنەمای ململانێیەکە؛ کەواتە سروشتی ئێمەی بەستەزمان هۆکاری سەرەکییە! لەوەوە نابێت بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئایین و مەزهەب، هیچ کاریگەرییەکی نییە! ئایین و مەزهەب دەتوانن مرۆڤ بەرەو میهرەبانی و لێبوردەیی ببات، یان ببێتە ئامرازێکی دژایەتی.

