رۆژنامەی ھەولێر

نووسەری فریودەر و خوێنەری خۆشباوەڕ

سەدیق سەعید ڕواندزی
لە پێشانگای نێودەوڵەتییەکەی كتێب لە هەولێر، نووسەرێك پێشنیاری خوێنەوەی دە ڕۆمانی بۆ خوێنەران كرد، كە بە تێگەیشتنی خۆی، ڕۆمانی ناوازە و جوان و پڕ مانا و بەچێژن. لەو دە ڕۆمانە، یەكێكیان هی خۆی بوو، واتە ئەو نووسەرەی پێشنیارەكەی دەكرد، سێی تریان هی هاوڕێیەكانی بوون، ئەوانی تریش كە وەرگێڕان بوون، ئەو دەزگایە چاپی كردبوون، كە ڕۆمانی ناوبراوی چاپ كردووە! لێرەدا دیارە كە ئەو پێشنیارە، نە لە سۆنگەی بەهێزیی ڕۆمانەكانەوەیە، نە لە پەرۆشی كولتووری خوێنەوە و ئاشناكردنی خوێنەرانەوەیە بە ڕۆمان، بەڵكو بانگەشە و ڕیكلامێكی تایبەتی و كەسیانەیە، كە ئەمەش ڕوونە وەك كورد وتەنی (دۆم بێ و كڵاش بۆ خۆی بدورێت دەبێ چۆن بێت).
بێگومان كاتێ پێشنیاری ڕۆمانێك یان هەر كتێبێك دەكەین، ئەوا لە بەرای هەموو شتێكدا، دەبێ ناوەڕۆك بكەینە پێوەر، نەك هاوڕێیەتی، گرووپگەرایی، یان پاداشتی چاپكردنی كتێبەكەمان لەلایەن دەزگایەكەوە، بە ڕیكلامكردن بۆ بەرهەمەكانی.
بەو پێیەی هەموو ژیانم خوێندنەوەیە، جگە لە كاتی دەوامی فەرمی كە وانە بە منداڵە چاوگەشەكانی نیشتمان دەڵێمەوە، ئیدی بە بەردەوامی سۆراغی ئەو كتێب و ڕۆمانانە دەكەم كە دەنووسرێن و بڵاو دەكرێنەوە، بۆیە بەشێك لەو ڕۆمانانەم خوێندوونەتەوە، كە ریكلامی گەورەیان لە تۆڕەكانی سۆشیال‌میدیا، یان خاوەن كتێبخانەكانەوە بۆ كراوە، كە لە ڕاستیدا نەك لەو ئاستە نەبوونە خوێنەر بیانخوێنێتەوە، بەڵكو نەدەبوو چاپیش بكرێن! ئەو نووسەرەی بانگەشە بۆ ڕۆمانەكەی خۆی دەكات، نیشانەی ئەوەیە كە ڕۆمانەكەی نەخوێنراوەتەوە، بۆیە بە سواڵی سەرنجڕاكێشانەوە، دەیەوێت ئەو هەست و سۆزە لای خوێنەری خۆشباوەر دروست بكات كە ڕۆمانەكەی بخوێننەوە.
دەق خۆی خۆی دەسەپێنێت، پێویستی بەوە نییە بانگەشەی بۆ بكرێت، لە بەرانبەر ئەمەدا، ئێمە جۆرە خوێنەرێكیشمان هەیە، كە دەكرێ بە خوێنەری خۆشباوەر بیناسێنین. ئەم تایپە لە خوێنەر كەوتۆتە ژێر هاشوهۆشی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال‌میدیا و بڕوای وایە، كامە نووسەر هەر ڕۆژە لەسەر شاشەیەك و لە بەردەم مایكێكدا قسە فڕێ بدات و بە لنگەوقووچی باسی ڕەخنە و ڕۆمان و شیعر بكات، ئیدی ئەویان نووسەری پلە یەكە و دەبێ گوێی لێ بگرێت و بەرهەمەكانی بخوێنرێنەوە، كە ئەمە زۆر هەڵەیە؛ ئەم دوو تایپە، واتە نووسەری فریودەر و خوێنەری خۆشباوەڕ، كاتێ لە گوتار و پروپاگەندەیەکی بێبنەمادا یەك دەگرنەوە، بە داخەوە تا ڕادەیەك ڕووبەرەكە لە ئاستی ڕووكەشی دەگرن، بەڵام كاتێ ناوەڕۆكی گوتارەكانیان دیار دەكەوێت، ئیدی دڵنیا دەبنەوە لەوەی كە ئەوەی ئەوان دەیڵێن، تەنها خۆدەرخستنە.
شاعیرێك لەو ڕۆژانەدا، باسی لەوە دەكرد كە ئەو كتێب و شیعرەكانی خۆی ناخوێنێتەوە، ئەم شاعیرە سادەنووس و میللی و شەقامەکییە، یەكێكە لەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بەداخەوە بێئەژمار خوێنەر و گوێگری ساویلكە و خۆشباوەڕی هەیە! ئەگەر شاعیرێك خۆی شیعرەكانی خۆی نەخوێنێتەوە، كە لە بەرای هەموو خوێنەرێك، شاعیران خۆیان دەبێ خۆیان خوێنەری شیعرەكەیان بن، ئاخۆ گاڵتەجاڕی نییە، لەشكرێك خوێنەری ساویلكە بكەونە دوای شیعرەكانی؟
دەقی ئەدەبی، ڕۆمان و شیعر، بە بانگەشە و ریكلامی برادەرایەتی و گروپگەرایی و شارچیەتی هەڵناسەنگیندرێت، بەڵكو بە خوێنەری هۆشیار و زیت، ئەوە ئەم جۆرە خوێنەرەیە، دیاری دەكات كامە ڕۆمان شیاوی خوێنەوەیە، نەك ڕۆماننووسێك بە خۆی سواڵی خوێنەوە لە خوێنەران بكات و پێیان بڵێت ڕۆمانەكەم بخوێننەوە!