یاسین قادر بەرزنجی
ئاخ خۆزگایە بمتوانیایە
هەرچی وشەی
زارت هەیە
بمکردایە بە هۆنراوەو
لەسەر زاری
گشت دڵدارێکی
کورد بووایە
(هەڵەبجەیی)
یەکێک بوو لە شاعیرە بەتواناو دیارەکانی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بەزمانێکی جوان و پاراو شیعرەکانی دەخستنە بەرچاو.
ڕەوانشاد بۆ یەکەم جار شیعری خۆی ساڵی ١٩٧٨ بڵاوکردووەتەوە، وەک کوردێکی هۆشیار، ماوەیەکی زۆری تەمەنی بە خەباتکردن لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا بردووەتە سەر، هەمیشە لەڕیزی بەشخوراوو ستەمدیدەکاندا بووە، ژمارەیەک لە شیعرەکانی بەناوی (بڵێسە) ەوە لە چاپکراوەکانی شاخدا و بەتایبەت لە گۆڤارەکەی یەکێتیی نووسەرانی کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە، لە شاریش گەلێک بەرهەمی لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی ئەوکاتەدا بڵاوکروونەوە، کە ژمارەیەکیان وەرگێڕراون بۆ زمانی عەرەبی.
کاکە حەمە کەسێکی ڕوناکبیرو خاکەڕاو زمان شیرین بوو، دۆستی گیانی بە گیانی ئەدیب و هونەرمەندان بوو، هاوسەری بەڕێزی و هەردوو جگەرگۆشەکەی و قەڵەمەکەی هەموو مایەو سەرمایەیەکی ژیانی بوون، بۆ بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، ئەو کاتەی هەڵاتووی سەربازی بوو کاری نانەوایی دەکرد و سەربەرزانە دەژیا، هەر لەسەر کارەکەشی بە ڕووداوێکی دڵتەزێن گیانی سپاردو مەرگی ئەو بووە زامی دڵی هاوڕێیان و کەسوکارەکەی و ئێمەومانانی نووسەرو هونەرمەندانی یارویاوەری و بووە یادگارێکی هەڵەبجەی شاری شاعیران و مرۆڤە گەورەکان.
کاکە حەمەی بە موراد نەگەیشتوو، وێڕای شیعرە بەسۆزەکانی دەستی بردووە بۆ زۆر ژانرێکی ئەدەبیی ترو لەوانیشدا بە سەلیقەی وردییەوە بەرهەمی نەخشاندووە، ئەوانیش بریتی بوون لە :
*چیرۆک و شیعر بۆ منداڵان
*کورتە چیرۆک
*ئۆپەرێت
*شانۆنامە
ساڵی ١٩٨٥ هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی بەناوی (پروشە) ەوە لە چاپداوە، ساڵی ٢٠٠٦ یش بە کۆششی بەڕێز د.هەڤاڵ ئەبوبەکری برازای کۆمەڵە شیعری (سێبەری دەنگەکان) لە چاپدراوە هەر کاک هەڤاڵ خۆیشی پێشەکی بۆ نووسیوە.
لەم کتێبەدا ژمارەیەک شیعرو پەیڤی شیرینی هاوڕێ شاعیرە دڵ پڕ لەسوێکانی بڵاوکراونەتەوە کە بۆ مەرگی هاوڕێ ئازیزەکەی خۆیانیان نووسیوە.
بۆ مەرگی شاعیر ڕەوانشاد د.هیدایەت عەبدوڵڵا حەیران ڕازی دڵی خۆی درکاندووە :
[ئێستا لەوێ
زامەکانت چاک بوونەوە
ئێمە لێرە
دڵی یەک ژەنگاوی ئەکەین
هاوڕێم پشوویەک بە
زۆرم پێیە، هەرچی بڵێم
لەم دوورەوە لە یەک ناگەین..].
هەروەها جەمال غەمباری شاعیریش وتوویەتی :
[ئێستا دەفتەرێک
بێ قەڵەم
پەڕەکانی ئەدا بەدەم تانجەرۆوە
ئێستا تەنوورێ
بێ پشکۆ
بەدیار لەتێ نانی خوێناوی وشکەوە
چاوەڕوانی کەسێك ئەکات، دەستێ بخاتە سنگیەوەو
ئەو لەتە نانە دەربێنێ].
ئاخۆ ئەو ڕۆژە شوومەی مەرگی هێنا بۆ شاعیرەکەی هەڵەبجە، چەندە شیعرو رازو پەیڤی شیرین لە سنگی كاکە حەمەدا خنکابن؟!
یادت بەخێر شاعیرە زەحمەتکێشەکەی کورد، هاوڕێ خۆشەویستەکەی هەمووان، هەمیشە یادت بەخێر

