رۆژنامەی ھەولێر

تامی ئازادی بە بۆنی دڵەڕاوکێوە…(ڕاڤەیەکی دەروونناسی بۆ سەرەتای ژیانی زانکۆیی قوتابيانی قۆناغی یەکەم)

شیتاڵ عەبدولعەزیز جەمیل
جانتا‌یەکی نیوەکراوە لە گۆشەی ژوورەکەدا، کلیلێکی نوێ لە گیرفاندا و هەستێکی ناڕوون لە نێوان گەروو و قەفەسەی سنگدا؛ تاسەیەکی شێتانە بۆ سەربەخۆیی، ئاوێتە لەگەڵ دڵەڕاوکێیەکی نامۆ بۆ ئەو ئاسایشەی کە لە دوای خۆمان بەجێ ماوە. چوونە نێو زانکۆ و دابڕان لە خێزان، بۆ خوێندکاری ساڵی یەکەم تەنیا ڕاگواستنێکی جوگرافیایی سادە نیە، بەڵکوو وەرچەرخانێکی دەروونی قووڵە. خوێندکار بۆ یەکەمین جار ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبێتەوە کە دەکرێت ناوی بنێین «پارادۆکسی وەرزی یەکەم»؛ دۆخێکی ناتەبا و دژبەیەک کە تێیدا ئازادی ڕەها، ڕێک بە هەمان ئەو ئەندازەیەی کە دڵخۆشکەر و چێژبەخشە، بە هەمان ئەندازەش بۆنی دڵەڕاوکێ دەدات. ئەم ململانێ سۆزداریە، نە کەموکوڕی ئیرادەیە و نە نیشانەی لاوازی، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەرچوونی پێکهاتەی دەروونە لە ناوچەی ئارامی (Comfort Zone). ناوچەی ئارامی لە دەروونناسیدا تەنیا چەمکێکی هاندەرانە نیە، بەڵکوو دۆخێکی سەقامگیری دەماری و ڕەفتاریە کە تێیدا ئاستی گرژی و هاندراوی بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێت. لە ژینگەی ماڵ و خێزاندا، شێوازە بایۆلۆجی و ڕەفتاریەکانی مێشک لەسەر دۆخی خۆگەڕ (ئۆتۆماتیکی) ڕێک خراون. بە هەڵوەشانەوەی ئەم ژینگەیە، ئەمیگدالا (Amygdala) کە ناوەندی هۆشیاری و کاردانەوەی ترسە لە مێشکدا، نادیاریەکانی دەوروبەر وەک جۆرێک لە هەڕەشە بۆ سەر مانەوە لێک دەداتەوە و لە ڕێگەی دەردانی هۆرمۆنی کۆرتیزۆڵەوە، زەنگی مەترسیەکی فیزیۆلۆژی لێ دەدات. هاوکات، توێکڵی پێشەوەی مێشک (Prefrontal Cortex) کە ناوەندی بیرکردنەوەی لۆژیکی و پلاندانانە، ئاسۆیەکی فراوانی خۆدەستەڵاتی و توانای بڕیاردان و دەستپێشخەری و سەربەخۆیی تاکەکەسی دەخاتە بەرچاو؛ ئەمەش لە ڕێگەی دەردانی دۆپامینەوە، هەستی جۆش و خرۆش و ئازادی دەئافرێنێت. بەریەککەوتنی ئەم دوو ڕێڕەوە دەمارییە کەوا لە تاک دەکات لە نێوان پێکەنین و دڵەڕاوکێدا هەڵپەسێردراو بمێنێتەوە.

ئەم شەپۆلە لە ڕوانگەی تیۆری دەروونشیکاریشەوە شیاوی ڕاڤەکردنە؛ مارگرێت ماهلەر لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە مرۆڤ دوو خول لە ژیانی تێدەپەرێنێت کە ئەویش جیابوونەوە وسەربەخۆبوونی کەسیەتیە (Separation-Individuation). کە یەکەمیان لە سەردەمی مناڵیدا بە جیابوونەوەی فیزیکی لە دایک ڕوودەدات و دووەمیان لە کۆتایی هەرزەکاریدا بە سەربەخۆبوون لە دامەزراوەی خێزان پێکدێت. زانکۆ مەیدانی دەرکەوتنی هەر ئەم سەربەخۆبوونی کەسیەتیە؛ پڕۆسەیەکی پڕئازار بەڵام پێویست بۆ داڕشتنی ناسنامەیەکی دەروونی سەربەخۆ، کە لە درێژەیدا نابێت بیرکردنەوە و دڵتەنگی بە لاوازی سۆزداری دابنرێت. هاوکات لەگەڵ ئەم گواستنەوەیە، خوێندکار ڕووبەڕووی دیاردەی شەکەتی بڕیاردان دەبێتەوە. لێشاوێک لە بڕیارە ورد و درشتەکانی ڕۆژانە کە پێشتر لە ماڵەوە چارەسەر دەکران، ئێستا بارێکی قورس بەسەر توانای مەعریفیدا دەسەپێنن و هەستی شەکەتی بەردەوامی دەروونی بەجێدەهێڵن. مرۆڤناسانی وەک ڤیکتۆر تێرنەر ئەم دۆخە بەرزەخیە بە دۆخی ئاسکەیی و پەڕینەوە (Liminality) ناودێر دەکەن؛ فەزایەکی هەڵواسراو کە تێیدا تاک چیتر ئەو قوتابیە پشتبەستووەی دوێنێ نیە و هێشتا نەگەیشتووەتە پێگەی پێگەیشتوویی و خودبژێوی سبەینێش. ئەم ڕاگرتنە لە نێوان دوو دۆخدا، هەرچەندە دڵەڕاوکێهێنەرە، بەڵام بەپێی دەروونناسی گەشە، پڕپیترین خاکە بۆ پێناسەکردنەوەی خود.
لەم نێوەندەدا، تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە کە دڵەڕاوکێ وەک نیشانەیەکی نەرێنی لەقەڵەم دەدات، لە کاتێکدا بەپێی یاسای «یێرکس-دادسۆن (Yerkes-Dodson Law)»، ئاستی کارکرد و هوشیاری مرۆڤ پەیوەستە بە ئاستێکی گونجاو لە هەژانی دەروونی.
ئارامی ڕەها لە ناوچەی ئارامیدا دەبێتە هۆی سڕبوون و بێجووڵەیی، هەژانی لەڕادەبەدەریش بەرەو ناوچەی ترس و ئیفلیجی ڕەفتاری دەبات؛ بۆیە دڵەخورپەی وەرزی یەکەم، نیشانەیەکی دروستە لەسەرکەوتنی خوێندکار لە ناوەڕاستی «ناوچەی گەشە و فێربوون»دا. بۆ بەڕێوەبردنی ئەم هەژانە دەروونیە و پێشگرتن لە خلیسکانی بەرەو ناوچەی ترس، ڕێکارەکانی سەقامگیری دەروونی یارمەتیدەرن. بەپێی تیۆری پەیوەستبوونی جۆن بۆڵبی، مرۆڤ تەنیا کاتێک دەست بۆ گەڕان و پێشڕەوی بوێرانە دەبات کە بنکەیەکی پارێزراوی هەبێت. هەر بۆیەش ئێستا لە نەبوونی ماڵدا، پێویستە لەنگەری بچووکی ئارامی دروست بکرێت؛ وەک پابەندی بە ڕۆتینێکی دیاریکراوی ڕۆژانە، خه‌لوەتکردن لەگەڵ کوپێک قاوە لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا، یان هەڵگرتنی شتومەکێکی ئاشنا لە ڕابردووەوە، کە ئەمەش ئەو پەیامە بۆ مێشک دەنێریت، کە کۆڵەکەکانی ژیان نەڕووخاون. سەرباری ئەمە، پێناسەکردنەوەی مەعریفی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت؛ توێژینەوە دەروونناسیەکان دەریدەخەن کە گۆڕینی دڵەڕاوکێ بۆ جۆش و خرۆشی هۆشیارانە زۆر ئاسانترە لە هەوڵدان بۆ ئارامبوونەوەیەکی دەستکرد، چونکە لە هەردوو دۆخەکەدا لێدانی دڵ بەرزە. وتووێژی ناوەکی بە شێوەیەک کە: «جەستەی من وزە کۆدەکاتەوە بۆ ئەم ئەزموونە نوێیە»، کۆنترۆڵی گوشاری فیزیۆلۆژی دەکات. لە لایەکی ترەوە، دەبێت لە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی-دەروونی بە ناوی (نەزانیی فرەچەشن) وریا بین؛ هەڵەیەکی مەعریفی کە تێیدا هەر خوێندکارێک وا دەزانێت تەنیا خۆی تووشی ترس و دڵتەنگی و گۆشەگیری بووە و هەمووان بە تەواوی زاڵن بەسەر ژیانی خۆیاندا، بێئاگا لەوەی کە ئارامی ڕواڵەتی هاوپۆلەکان تەنیا ڕووپۆشێکی کۆمەڵایەتیە بۆ خۆڕاگری. لە کۆتاییدا، فراوانکردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان دەبێت هەنگاو بە هەنگاو بێت؛ قسەکردنێکی زۆر کورتی ڕۆژانە، پرسینی پرسیارێکی سادەی ناو پۆل، یان ئاڵوگۆڕکردنی ڕایەکی کورت لەگەڵ دەوروبەردا، بەردی بناغەی متمانەسازی و تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەردەوامەکان دادەمەزرێنێت بەبێ ترسی پەراوێزخران. دڵەڕاوکێی ڕۆژانی سەرەتای زانکۆ بەڵگە نیە لەسەر هەڵەبوونی ڕێڕەوەکە، بەڵکوو نیشانەیەکی فیزیۆلۆژیە لەسەر کشانی ماسوولکە دەروونیەکان؛ ئەو ماسوولکانەی کە سنوورەکانیان فراوان دەکەن بۆ ئەوەی وەشانێکی بەهێزتر، بەتواناتر و ئازادتر لە خۆت بهێننە بەرهەم.