رۆژنامەی ھەولێر

کارەساتە تێنەگەیت کە ئافرەتیت!

لیا سەیفەدین
کاتێک باس لە قووڵایی بوون و ناسنامە دەکرێت، تێگەیشتن لە خۆت و ڕەگەز بنەمایەکە بۆ هەر هۆشیارییەکی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی ئەگەر ئافرەتێک لە پێگە و تواناکان و مافەکانی خۆی تێنەگات یان پشتگوێیان بخات، ئەمە کاریگەریی نەرێنی قووڵ لەسەر ژیانی خۆی و دەوروبەری دروست دەکات متمانە بەخۆی لەدەست دەدات و ناتوانێت بە تەواوی تواناکانی خۆی گەشە پێبدات
لە ئەنجامدا زۆر جار بێدەنگ دەبێت، بەرامبەر بەو زۆرداری و نادادپەروەریانەی کە لەسەر بنەمای ڕەگەز بەسەریدا دەسەپێنرێن، بەبێ ئەوەی هەوڵی ڕەتکردنەوە یان گۆڕینیان بدات، تەنانەت دایک یان ژنێک کە خۆی لەم هۆشیاریە بێبەش دەکات، بێ ئەوەی مەبەستی بێت هەمان کلتور و بیرکردنەوەی نادادپەروەر بۆ نەوەکانی دوای خۆی(کچ و کوڕ) دەگوازێتەوە و سنوورەکان توندتر دەکاتەوە.

بۆیە کاتێک ئافرەت لە گرنگیی پێگەی خۆی تێنەگات بەشێکی کۆمەڵگەش لە وزە و داهێنانی مرۆیی بێبەش دەبێت، چونکە ئافرەت نیوەی کۆمەڵگەیە و بەشدارێکی سەرەکییە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە لە ڕووی فکری و کۆمەڵایەتی و ئابوری.
بە بۆچوونی من تێگەیشتن لە ئافرەت بوون هەرگیز مانای باڵادەستی نایەت بەڵکو بە مانای هۆشیاری ماف و بەرپرسیارێتیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بە ئازادی و شکۆمەندییەوە لە کۆمەڵگەدا بژی.
ئەم دۆخە لە دیدی سۆرێن کیرکەگاردەوە، فەیلەسوفە گەورەکەی دانیمارک و باوکی فەلسەفەی بوونگەرایی، زۆر بە ڕوونی باسی لێوەکراوە، فەلسەفەکەی کیرکەگارد بە تەواوی لە دەوری تاک، ئازادیی هەڵبژاردن و پەیوەندیی مرۆڤ بە خودی خۆیەوە دەسووڕێتەوە. ئەو پێیوایە قووڵترین و ترسناکترین جۆری نائومێدی ئەوەیە کە مرۆڤ ئاگای لەوە نەبێت کە خاوەنی خودێکی سەربەخۆیە و هەوڵ بدات ببێتە کەسێکی تر.
لەو ڕوانگەیەوە، کاتێک ئافرەتێک لە بەهای خۆی و لە هێزی ناوەوەی تێنەگەیشت لە دۆخێکی نائومێدیی شاراوەدا دەژی و بێئاگایە لەو گەوهەرەی کە لە دەست خۆیدایە ئەو دەبێتە قوربانیی پێشوەختە و دابونەریتی کۆمەڵایەتی واتە بە خواستی دەوروبەری دەژی نەک بە ئیرادەی خودی خۆی، ئەمەش لە فەلسەفەی بوونگەراییدا تەسلیمبوونە بە نەمانی کەسێتی.
لیرەدا گرنگە لەوە تێبگەین و بڵێین مرۆڤ بوونەوەرێکی ئازادە بەڵام ئەم ئازادییە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەهێنێتە ئاراوە تێگەیشتن لە خود واتە هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە ئەگەر ئافرەتێک ترسا لەوەی ببێتە خاوەن دەنگ و ناسنامەی خۆی یان پێی باش بوو لە سایەی نەزانین یان بێدەسەڵاتیدا بمێنێتەوە، تەنها بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی باج یان سەختییەکانی هۆشیاری نەبێتەوە، ئەوا لە ڕوانگەی بوونگەراکانەوە ئەمە ڕەتکردنەوەی دیاری ژیانە، و هەر لێرەشەوەیە کە نەزانینی و تێنەگەشتن لە خۆی وەک ئافرەت دەبێتە گەورەترین کارەسات.