حهیدهر مهنتك
“زا زایە، ستەویر ئەتوو چ بەرایە!”، پەندێکی کوردییە، ڕۆژگاری کۆن زیاتر لای گوندنیش و کۆچەرییەکان، بەرگوێ دەکەوت، لۆ هەندێ قۆناغ و سەردەم، بەتایبەت ئەوانەی تەمەنێکیان هەبوو، یان ئەزموون فێری بینەوبەردەی ژیانی کردبوون، تا گەیشتۆتە ئەمڕۆی سەردەمی تەکنەلۆژیا و سۆشیالمیدیا؛ وەک کاک دێدەوانی خزمم گوتەنی: ئەم پەندە دوو مەبەستی سەرەکی دەپێکی لە ڕووی کرداری و لە ڕووی خواستنەوە.
لەم ئێوارانە لە ماڵی خزمێکدا بووم، لە درێژەی گفتوگۆ وگێڕانەوەکانی ئەم پەندەی هێناوە ناو باس و خواسەکانیەوە؛ پێم باش بوو، منیش تێکەڵی دنیای سوشیالمیدیای بکەم و بیخەمە بەر چاوی ئەو گەنج و لاوانەی لە جیهانێکی سەردەمانیدا دەژین.
کەسە ژیر و ئاقڵمەند و دنیادیدەکان، زۆر جار دەڵێن، لەم قۆناغە پێویستمان بە خوێنی تازە و بە بڕوانامەی تایبەتمەند و موختەس هەیە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوانەی ئەزموون و تەمەن بە کردارەکی فێرە ئیدارەدان و سیاسەت و کاری ئۆرگانی بوونە.
جا با دوور نەکەومەوە لە کرۆکی مەبەست؛ دەڵێ “زا زایە، ستەویر ئەتوو چ بەرایە!”؛ لێرەوە مەبەستی (یەکەم) ئەو کاریلە و بەرخ و گوێلەکانەی ماوەیەکە لەدایک بوونە، دەقاڕن و دەنگیان لێوە دێ جا داوای شیر دەکەن، هەندێ جاریش لە کردارەکی هاوێرکردن و جیاکردنەوەیان دەست بە قاڕەقاڕ دەکەن، تا ئێرە ئاساییە منداڵیش بۆ شیر و برسیەتی و ئازارپێگەیشتن دەگریێت، بەڵام (ستەویر) تۆ بۆ دەقاڕی کە کاریلە و بەرخ و گۆلکت نیە! ئەمە هەنگاوە کردارەکیەکەیە.
هەنگاوی (دووهم) ههنگاوی خواستن چیە؟ لەم پەندە بۆ مرۆڤ، دەبینی کەسێک کێشەیەکی هەیە، کەسێک داواکارییەکی هەیە و هەق و جێگای خۆیەتی گوێی لێ رابگیرێ؛ خاوەن داواکاری کەسێکی شایستەیە، یان کێشەکەی شایانی هەڵوەستەلەسەرکردنە، کەچی دەیان کەسی ناجۆر و ناشایستە و نامستەهەق، ئەوانیش دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە، بۆ جێبەجێکرانی داواکەیان یان چارەسەری کێشەیەک شایستەی بەدواداچوونیش نیە، بۆیە دەڵێن: زا زایە، ستەویر ئەتوو چ بەرایە!

