ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
لە مانگی تشرینی یەکەم (مانگی ١٠) و گۆڕانی وەرزەکان، پەتایەکی باوی وەرزی لە قوتابخانەکان و باخچەکانی ساوایاندا سەر هەڵدەداتەوە کە زۆرجار بە کۆکەیەکی نامۆ و دەنگێکی گڕ لە شەواندا دایکان و باوکان تووشی دڵەڕاوکێ دەکات. ئەم حاڵەتە لە ڕووی پزیشکییەوە بە «هەوکردنی قوڕگ و لوولەی هەوا» یان (Croup؛ خناق حنجری) ناسراوە.
د. بیلال عەبدوڵڵا، پزیشکی پسپۆڕی وردی دڵی منداڵان، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەم نەخۆشییە هەوکردنێکی ڤایرۆسییە و ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئاوسانی گەروو و لوولەی هەوای منداڵان. بە گوتەی ناوبراو، ئەم پەتایە کۆمەڵێک نیشانەی تایبەتی هەیە کە پێویستە هەموو دایک و باوکێک بە باشی لێی ئاگادار بن بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا مامەڵەی دروستی لەگەڵدا بکەن.
نیشانە سەرەکییەکان چۆن دەردەکەون؟
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕن:
• لە دوو ڕۆژی یەکەمدا: بە نیشانەی هاوشێوەی هەڵامەتی ئاسایی وەک تایەکی کەم، ئاوهاتن یان گیرانی لووت و، سووتانەوەی گەروو دەست پێدەکات.
• لە قۆناغی دواتردا (بەتایبەت لە شەواندا): کۆکەیەکی وشک، توند و دەنگگڕ دەردەکەوێت کە هاوشێوەی دەنگی “کەڵەشێر” یان وەفاڕینی سەگە، لەگەڵ هەناسەدانی بەدەنگ (سیڕە) لە کاتی هەناسەوەرگرتندا.
ڕێنمایی و هەنگاوە خێراکان بۆ چاودێری لە ماڵەوە
بۆ کەمکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی منداڵەکە، د. بیلال عەبدوڵڵا جەخت لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی دەکاتەوە:
١. پلەی گەرمای مامناوەند و جلوبەرگی گونجاو: دوورکەوتنەوە لە بەریەککەوتنی ڕاستەوخۆی منداڵ لەگەڵ تەزووی ساردی هەوا. هەروەها پۆشینی جلوبەرگی گونجاو (نە زۆر ئەستوور بێت کە ببێتە هۆی ئارەقەکردن و دواتر سەرما و دووهەواکەوتن، نە زۆر تەنکیش بێت کە ساردی لێ بدات).
٢. دژەبەکتریا (ئەنتی بایۆتیک) بە تەواوی قەدەغەیە: لەبەر ئەوەی سەرچاوەی نەخۆشییەکە بە تەواوی “ڤایرۆسییە”، دەرمانەکانی دژەبەکتریا هیچ سوودێکیان نییە و بەکارهێنانیان بەبێ ڕێنمایی پزیشک زیانبەخشە.
٣. چارەسەری دروست: پشت بە هەڵمژینی هەڵمی ئاوی شلەتێن، ئارامکردنەوەی منداڵەکە (چونکە گریان تەنگەنەفەسییەکە زیاد دەکات)، پێدانی شلەمەنی و، بەکارهێنانی دەرمانی دابەزاندنی تا (لە بەر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا) دەبەسترێت.
زانیارییەکی وەرزیی گرنگ
هەوکردنی قوڕگ و لوولەی هەوا (Croup) میوانێکی ساڵانەی نەخوازراوە کە زیاتر لە وەرزی گۆڕانی کەشوهەوادا بڵاودەبێتەوە (بەتایبەت لە مانگەکانی ١٠، ١٢ و، ٣). بۆیە پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێی بێزارکەر ناکات؛ ئاگاداریی پێشوەختە و مامەڵەکردنی هێمنانە و دروست، باشترین ڕێگایە بۆ دەربازکردنی منداڵەکەت بە سەلامەتی.

