رۆژنامەی ھەولێر

نووسەر و پەروەردەکار و پسپۆڕی زمانی کوردی؛ طارق قەراجی

ئاری ئاغۆک

 

نووسەر و پەروەردەکار و پسپۆڕی زمانی کوردی مامۆستا (طارق ساڵح قەراجی) یەکێک بوو لەو گەوهەرە جوانانەی دنیای ئەدەب و پەروەردەو فێرکردن کە لەماوەی ژیان و تەمەنی دا توانی خزمەتێکی فرەلایەن پێشکەش بە چەند نەوەیەک و کتێبخانەی کوردی بکات، وەک ناوێکی درەوشاوە هەمیشیە لە زهن و یادەوەریمان دەمێنێتەوە، کە بەداخەوە شەش ساڵ لەمەوبەر لە ڕێکەوتی ١٩ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەهۆی پەتای نەگریسی کۆڕۆنا ژیانئاوایی کرد، وەک وەفاو یادێکی لەیاد نەکراو ئەمڕۆ لەیاد و وەفادا، یادی ئەو مڕۆڤە جوانە دەکەینەوە کە لەوێستگەیەکی ژیانم دا مامۆستام بووە، لە وەفاش دا وەفاداری خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ قەڵەم و نووسین و بەرهەم و ڕۆحی پاکی کۆچکردوو مامۆستا طارق ی هەمیشە لەیاد.

دەسپێکی ناسین
دەسپێکی ناسینمان بۆ ساڵی ١٩٩٤ دەگەڕێتەوە، ئەوکات وەک دوو دراوسێ لەبازاڕی کوران یەکترمان ناسی، وێرای جیاوازی تەمەنمان کاتێ زانی خوێنەری ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبم زیاتر لێک نزیک بووینەوە، ئەوکات من لە قۆناغی ناوەندی و ئەویش قوتابی کۆلیژ، ڕۆژانە یا لە دوکانی ئەو، یا لە دوکانی ئێمە، بەدەم چاوەڕوانی موشتەریەوە باسی ئەدەب و ژیاننامەی شاعیران و کتێبی بۆ دەکردم، ئیدی ئەو ئەڵقە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە بەردەوام بوو، چەند ساڵێک دوای ئەوە، ئەو بوو بە مامۆستا و منیش قوتابی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان، قەدەر وای هێنا لە قۆناغی سێیەم مامۆستا طارق بووە مامۆستام، زمان و ئەدەبی کوردی پێ گوتین، لەو ساوە وەک پەروەردەکارێک و پسپۆڕێکی زمانی کوردی زیاتر سوودم لە ئەزموون و فەرهەنگی زاراوەیی و پەروەردەیی ئەم مامۆستا پڕ وزەیە وەرگرت، ئیدی تا دوا قۆناغ جگە لە پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی، ئەوا لەچالاکییە هونەری و ئەدەبییەکانی ناو پەیمانگە و دەرەوەی پەیمانگە زێتر لێک نزیک بووین.
لەساڵی ٢٠٠٣ کاتێ گۆڤاری نواڵەی نوێ هاتە بڵاوکردنەوە، لەیەکەم ژمارەوە هاوکار و گۆشەنووسی ئەدەبی گۆڤارەکەمان بوو، هەروەها وەک خاوەن کتێب کاتێ بەرهەمێکم بهاتبایە چاپ و بڵاوکردنەوە بەدیاری پێشکەشیم دەکرد، گەلێ جاریش لە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان خوێندنەوە و شرۆڤەی ئەدەبی بۆ بەرهەمەکانم دەکرد. لەوانە شاعیرێک خۆشی دەویستی، دیوانی عەشقی ئەبەدی، سەفەرنامە، دوایین خوێندنەوەو شرۆڤەی بۆ کتێبی شیعری (چەفیە ڕەشەکەی دایکم)بوو، بە ناونیشانی (شرۆڤەیەکی ڕادیکاڵیانە بۆ چەفیە ڕەشەکەی دایکم) لەکاتی مەڕاسیمی ناساندنی ئەم کتێبە، بۆ ئامادەبووانی خوێندەوە.
بۆیە لە ژیانی ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی و کۆمەلایەتیم دا خوا لێخۆشبێ مامۆستا طارق یادگاریەکی جوانی بۆ بەجێهێشتووم، لێ ئەسەف زۆر زوو بەجێهێشتین!!! چونکە خەونی گەورە و پڕۆژەی زێتر و بڕوانامەی بەرزتر ناو و ناونیشانی ئەم مرۆڤە ڕۆشنبیرە بوون.

گەشتێک بەنێو وێستگەی تەمەن
لە ژمارە (٣٨)ی مانگی ئابی ٢٠٠٦ گۆڤاری نواڵەی نوێ، لەگەڵ هۆشیار نوری لەک چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ مامۆستا طارق ئەنجام دا کە لەڕێگەی پرسیارو گفتوگۆوە باس لە چەند لایەنێکی ژیانی دەکات، لێرەدا وەک یاد و وەفایەک بەشێک لەو ژیاننامەیە دەخەینەڕوو:
-طارق ساڵح مەحمود ناسراو بە طارق قەراجی، لە ڕێکەوتی ١-١-١٩٦٩لەدایکبوە، بڕوانامەی بەکالیۆسی لە بەشی زمانی کوردی کۆلیژی پەروەردەی زانکۆی سەلاحەدین بەدەستهێناوە، دوای چەند ساڵێکیش بۆتە خاوەن ماستەر لە پسپۆڕی خۆی کە تایبەت بووە بە زمان و ئەدەبی کوردی، لەوێستگەی پەروەردەیی دا لە چەندین ناوەندی خوێندن خزمەتی بە پەروەردە و زانست و زمانی کوردی کردوە، لەهەمانکات دا وەک نووسەرێکی خامە بەبڕشت و ڕوناکبیر لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکان بابەتی لێکۆڵینەوە و ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە بۆ بابەتە کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەرییەکان نووسیوە، ووتار و لێکۆڵینەوەی بۆ بەشی هەرەزۆری کەڵەشاعیر و ئەدیبەکانی کلاسیزمی و ڕۆمانسیزم و ڕیالیستی کردووە، بەرهەم و شیعرەکانیانی لە دیدگایەکی ئەدەبی هەڵسەنگاندووە، جگە لەمەش گەلێ وتاری نووسیوە و زۆر سەرنج و پێشنیاری بەپێزی سەبارەت بەڕەوشی هونەر و پەروەردە و بەدواداچوونی پڕۆگرامەکانی خوێندنی زمان و ئەدەبی کوردی لە قۆناغی ئامادەیی بەمەبەستی بەرەو پێشبردن و خزمەت پێگەیاندن لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان نووسیوە، گەلێ بابەتی هونەری و ئەدەبی وەک ( موزیکی فیلم، نهێنییەکانی ڕابەڕی ئۆرکێسترا، ئاوازی گۆرانی منداڵان لە کوردستانی عیراق و ،،،،هتد) لەگەڵ چەند کتێبێک یەکێک لەوانە بە ناونیشانی (لەکۆکردنەوەی میوزیکی میللیدا) لە زمانی عەرەبی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی، وێرای ئەوەی وەک زمانەوانێک پێداچوونەوەی بۆ گەلێ کتێب کردووە، بە شێوازی نووسینی ئەمڕۆی کوردی دایڕشتوونەتەوە، وەک نووسەرێکی دیار و بەرچاو لە ڕووپەڕی گۆڤار و ڕۆژنامەکان بە شێواز و زمانێکی ئەدەبی پاڕاو بەرهەمەکانی بڵاوبۆتەوە، بە تایبەتی لە بواری تێڕوانین بۆ ڕەوشی هونەری کوردی و هونەری شێوەکاری و تێڕوانین بۆ شانۆی کوردی و شرۆڤە بۆ کلیپ و گۆرانی کوردی، خوێندنەوە بۆ فیستیڤاڵەکانی کورتە فیلم، فیستیڤاڵی گۆرانی و میوزیکی کوردی، تێڕوانین بۆ شیعری کوردی و ئەدەبی منداڵان، لەگەڵ چەندین لایەنی دیکەی دنیای ئەدەب و هونەر و کەلتور و ڕۆشنبیری، جگە لەکاری نووسین خوالێخۆش بێ طارق قەراجی دەسپێکی ژیانی ئەدەبی و هونەری بەشداریکردن بووە بەچەندین شانۆگەری لەوانە (شانۆگەری بەنیو چایە دەتخنکێنم، سێبەری دڕک، شانۆگەری گوندەکەم) کە لە ساڵی ١٩٨٧ لە هۆڵی ڕۆشنبیری و جەماوەر لەشاری هەولێر پێشکەش کراوە. هەروەها نووسەر خاوەن چەند چیرۆک و کورتە چیرۆک و دەقی شیعریشە.
ئەمانە مشتێک بوون لە خەرمانی تەمەنی ئەدەبی و روناکبیری مامۆستا طارق ساڵح قەراجی.
بەداخەوە هێشتا زۆری لە هەگبەمابوو، لەگەڵ ئەوەش دا لە وێستگەی ژیانی دا وەک قەڵەمێکی پاک توانی مێژوویەکی جوان بۆخۆی تۆماربکات و هەمیشە بە شانازییەوە باسی دەکەین و یادی دەکەینەوە، ڕۆحی شاد و ئارام.