رۆژنامەی ھەولێر

با نەمرم لەم غەریبییە!

مقداد شاسواری

 

ماوەیەك بوو “بێوار”ی هاوڕێم دەربەدەرو، گەڕەكاوگەڕەك و، كۆڵان بە كۆڵان و، نووسینگە بە نووسینگە عەوداڵی خانوویەكی كرێ بوو، دەستی نەدەكەوت. وابێ كرێیەكەی بەراورد لەگەڵ مووچەكەی، گیرفاندڕ و كەمەرشكێن نەبێت. ژمارەی مۆبایلی خۆی لای هەموو نووسینگەیەكی خانووبەرە دانابوو. عەسرانێك نووسینگەیەك پەیوەندی پێوەكرد و پێی گۆتبوو خانوویەكی بۆ دۆزیوەتەوە كرێكەشی لەقەدەر مووچەو گیرفانی ئەوە و موناسیبە! پێی گوتبوو خێرا وەرە هەتا لە كیسمان نەچووە. هاوڕێكەم گۆتبووی لە كوێیە؟ كابرای عەقارات گۆتبووی لە گەڕەكی “المرایا”. هاوڕێكەم گۆتبووی ئەوە لە كوێیە؟ كابرا گۆتی ” پێشتر لای خۆمان ناوی “ئاوێنە” بوو ڕەحمەتت لێ بێ! وەلحاسڵ تەكلیفی لێم كرد و منیش لەگەڵی چووم بۆ سەیری خانووەكە. سەروبیچمی خانووەكەو كرێیەكەشمان پەسەند كرد. بەدڵمان بوو. بەڵام بێواری هاوڕێم زۆری ئەزیەت و ئازار چەشتبوو بەدەست دراوسێی بێزاركەر و خراپ و ئاوها، بەینی خۆشمان بێ لە كوردایەتییا نەرمە ڕەگێكی شۆڤینیەتیشی تێدابوو، بۆیە ڕووی لە كابرای دەڵاڵ و عەقاراتەكە كرد و گۆتی: ئەرێ دراوسێكانم كێن و چۆنن؟ كابرای دەڵاڵیش وەك ئەوەی مێش لەخۆی بكاتەوە گۆتی: شتێكی وا لە باشی و خراپییان نازانم، بەڵام دەزانم دراوسێی لاتەنیشتی چەپت هینن، تەسەور دەكەم خەڵكی لای ئەنبار و مەنبار بن!

هاوڕێیەكەم ئەژنۆیەكی نووشتایەوە و گۆتی: هاوار بە حاڵم.. ئەدی دراوسێی لاتەنیشتی ڕاستەم؟ كابرای دەڵاڵ هەندێ پشتەملی خۆی خوراند و گۆتی: لاتەنیشتی راستەت… ئا.. تەسەور دەكەم ئەویش هەر هینە.. خەڵكی لای حەویجەو مەویجەیە!
– هاوار بە ماڵم.. ئەدی ئەوەی بەرامبەرمان؟
– ئەویان دەڵێی.. ئا.. وەڵلا ئەویش هینە، تەسەوڕ دەكەم خەڵكی لای موسڵ و ماموسڵە!
– قوڕی دنیا بۆ سەر سەری من… ئەی ئەو ماڵەی پشتیان بە پشتمانەوەیە؟
– ئەویانیش… بەخوا.. ئا.. ئەویانیش تەسەور دەكەم خەڵكی لای فەلوجەو مەلوجەیە!
– ئەی ئەو دەرگا ڕەشەی سەری كۆڵان… ئەوان خەڵكی كوێن؟
– ئەو دەرگا ڕەشەی دەڵێی.. ئەها.. تەسەور دەكەم ئەوانیش هین بن… لە ئەهالی ئەو گوندە بن، تۆ بڵێ.. ئا.. تەلەعفەر و مەلەعفەر.
هاوڕێكەم بە نائومێدی، ئاهێكی ساردی هەڵكێشاو گۆتی” كەواتە بە ئەلەنتەریكی یابانی بگەڕێی، لەم گوزەرەیا ماڵە كوردێك نابینیتەوە؟
– تەسەور ناكەم هەبێ…
هاوڕێكەم تەواو قەدەمی شكاو بە كزۆڵی ڕووی لە من كرد و گۆتی: جا من لەم غەریبیە چۆن دەتوانم بژیم. پەندێكی كوردی هەیە دەڵێ من بوومەتە بێگانەو… هەر لێ گەڕێ. چی لەم خانووە بكەم… بە ئیسم و كەلامی خوا بێمە ئێرە هەناسەم لەبەر دەبڕێ و، كورە هەر دەمرم لەم غەریبیە!!
***
ڕۆژێك پاشتر، هاوڕێكەم شڕە خێوەتێكی لەو شێخەڵلایە كڕی و بۆخۆی چوو لە دەرێی ئاوایی لەسەر زەوییەكی زێدەڕۆ دایكوتاو! پێی گۆتم: هەتا خیوەت هەرزانە بڕۆ دانەیەكیش بۆخۆت بكڕە! ئەو بایە لەو كونەی بێ، پێویستت پێ دەبێ!!!