ماکوان عێزەت – هەولێر
ئەگەرچی کۆخە لە بنەڕەتدا سەنگەرێکی سروشتیی بەرگریی لەشە، بەڵام کاتێک سنووری چەند هەفتەیەک دەبەزێنێت، ئیتر لە نیشانەیەکی سادەوە دەگۆڕێت بۆ زەنگێکی مەترسیدار کە هەڕەشە لە ئارامی، خەو و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەکات.
ساڵانە لە ١٥ـی تشرینی یەکەمدا (ئۆکتۆبەر)، ڕۆژی جیهانیی کۆخەی درێژخایەن بەڕێوە دەچێت. دەستنیشانکردنی ئەم ڕۆژە وەک سەرجەم بۆنە تەندروستییە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتییان و ئاشناکردنیانە بە مەترسی و کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە.
لەو بارەیەوە، د. هیوا خالید گەردی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ و پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی سنگ و هەناسە، ڕوونی دەکاتەوە کە کۆخە یەکێکە لە باوترین نیشانەکانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، بە جۆرێک لە نێوان هەر ١٠ کەسدا کەسێک بەدەست کۆخەوە دەناڵێنێت. پزیشکان کاتێک کۆخە بە «درێژخایەن» پێناسە دەکەن کە ماوەکەی ٨ هەفتە یان زیاتر بخایەنێت.
لە ڕووی فیسیۆلۆژییەوە، کۆخە هێڵێکی بەرگریی گرنگی جەستەیە بۆ ڕێگریکردن لە چوونەژوورەوەی ڤایرۆس، بەکتریا، تەنی نامۆ و دووکەڵ؛ بەڵام بۆ بەشێک لە نەخۆشەکان تەنها نیشانەیەکی کاتی نییە، بەڵکو مانگان و ساڵان دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە نەک هەر کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاتی خەوتن و سیستەمی خۆراک دادەنێت، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا ڕێگری لە قسەکردن، کارکردنی ئاسایی و کوالیتی ژیانی ڕۆژانەی کەسەکە دەکات.
هۆکارە سەرەکییەکان:
بەپێی لێکدانەوە پزیشکییەکان، دیارترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کۆخەی درێژخایەن بریتین لە:
*جگەرەکێشان و کێشانی بەرهەمە تووتنییەکان.
*تەنگەنەفەسی (ڕەبۆ) و نەخۆشیی درێژخایەنی تەسکبوونەوەی بۆڕییەکانی هەناسە.
*گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە بۆ ناو قوڕقوڕاگە.
*لێکەوتەی هەندێک جۆری دەرمان، بەتایبەت دەرمانەکانی دابەزاندنی پەستانی خوێن.
*نەخۆشیی سیل (سیلی سییەکان).
*هۆکاری دەروونی و بوون بە خووی بەردەوام.
ئایا چارەسەری هەیە؟
سەبارەت بە چارەسەرکردن، د. هیوا ئاماژە بەوە دەکات کە چارەسەر هەیە و بەردەستە، بەڵام مەرجی سەرەکی دەستنیشانکردنی دروستی هۆکارەکەیە؛ چونکە شێوازی چارەسەر بەندە بە بنەچەی دروستبوونی کۆخەکەوە.
لە کۆتاییدا پزیشکان هۆشداری دەدەن: ئەگەر کۆخەکەت زیاتر لە ٨ هەفتەی خایاند، یان نیشانەکانی وەک (تێکەڵبوونی خوێن لەگەڵ بەڵغەم، دابەزینی کێش، تا، یان تەنگەنەفەسیی توند)ی لەگەڵدا دەرکەوت، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێویست. کۆخەکەت پشتگوێ مەخە و هۆکارەکەی لە ڕەگەوە بدۆزەرەوە.

