ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لێژنەی تێهەڵچوونەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ جاری سێیەم کۆدەبنەوە و چارەنووسی 3 خاڵەکەی یاریی گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە نێوان تەڵەبە و نەورۆز یەکلایی دەکەنەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی دەزگای میدیایی رۆژنامەی هەولێر هەوڵدەدرێت لەژێر فشارێکی زۆری سیاسی و مەزهەبی بڕیاری سەرکەوتنی نەورۆز بەرامبەر تەڵەبە هەڵبوەشێتەوە.
یانەی نەورۆز لە دوای یارییەکەی گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق سکاڵای لە لێژنەی رەوشت لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تۆمار کرد، بە هۆکاری ئەوەی دوو یاریزانی تەڵەبە بۆ ماوەی خولەکێک بە هەمان ژمارە یارییان کردووە، بەمەش سکاڵایەکەی نەورۆز سەریگرت و لێژنەکە یانەی نەورۆزی بە براوە هەژمار کرد.
دواتر یانەی تەڵەبە لە لێژنەی تێهەڵچوونەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تانەی لە بڕیاری لێژنەی رەوشت دا.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رۆژنامەی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لێژنەی تێهەڵچوونەوە بۆ جاری سێیەم لەبارەی کەیسی 3 خاڵەکەی یاریی تەڵەبە و نەورۆز کۆدەبنەوە. هاندەرانی تەڵەبە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی خۆپیشاندان لەبەردەم بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەغدا دەکەن.
رۆژنامەی هەولێر زانیویەتی، سەرۆکی لێژنەی تێهەڵچونەوە بە سزایەکان دەیەوێت بە بڕیارێکی تاکرەویی خۆی، نەورۆز بە دۆراو دابنێت، بەڵام کوردەکانی نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و لێژنەکان، رێگریان لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە کردووە، بە هۆکاری ئەوەی لەسەر نووسراوەکە تەنیا واژۆی سەرۆک و ئەندامێکی لەسەر بووە، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، بەپێی یاسا هیچ نووسراوێک کاری پێناکرێت ئەگەر سەرووی 50%ـی ئەندامان دەنگی بۆ نەدەن، لە کۆی پێنج ئەندام تەنیا دوو کەس دانگیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرکەوتنەکەی نەورۆز داوە و 3 ئەندامەکەی دیکە کە یەکێکیان کوردە و جێگری سەرۆکی لێژنەکەیە رەتی کردووەتەوە و بڕیارەکەی پـێـڕاگرتوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی هەولێر، ئێستا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەژێر فشارێکی گەورەی سیاسی دایە و لە هەموولایەکەوە لێژنەکان کەوتوونەتە ژێر دەستێوەردان و پاڵەپەستۆیەکی گەورەم بۆیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رۆژی دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی قورس دەکات و تێیدا چەندان بڕیار دەدات، چاوەڕێ دەکرێت ئەم بڕیارانە چارەنووسی تۆپی پێی خولەکانی عێراق یەکلایی بکاتەوە، ئەم بڕیارانە دەبێتە پێوەر ئایا فیدرسیۆنەکە بەتەواوەتی کۆنترۆڵی خۆی لەدەست داوە یان بەوپەڕی بوێرییەوە بەرەنگاری فشارەکان دەبێتەوە.
یانەی نەورۆز ئەم وەرزە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە، ئەگەر نەورۆز 3 خاڵەکە وەربگرێت ژمارەی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی گەرمەی پێشەنگی خولەکە بە 24 خاڵ هاوتا دەبێتەوە.

