رۆژنامەی ھەولێر

نوێنەری حکوومەتی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا داوای پشتگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەکات

عەبدولقەهار هەولێری

د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، لەگەڵ شاندێکی نوێنەرایەتی، سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد و لەلایەن جۆرجینا تێئۆدۆرێسکو، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا، پێشوازیی لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، د. دلاوەر ئاژگەیی باسێکی لە دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق کرد و ئاماژەی بە پێگەی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا کرد.
هەروەها، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی باسی ئەو تەحەددیانەی کرد کە هەرێم ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە تایبەتی لە بواری ئەمنی و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستاندا.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بوون بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، هەروەها کاریگەریی ئەو هێرشانە لەسەر بارودۆخی هەرێم و ژیانی هاووڵاتیان.
د. دلاوەر ئاژگەیی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک ناوچەیەکی ئارام و نموونەیەک لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی ئاشتیخوازانەی خۆی، وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیری.
لەو پێناوەدا، ئاماژەی بە گرنگیی پشتگیریی زیاتر لەلایەن هاوپەیمانان و دۆستانی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا، کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەددییانە و پاراستنی سەقامگیریی هەرێم.
لە بەرامبەردا، جۆرجینا تێئۆدۆرێسکو سڵاو و ڕێزی خۆی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی نارد و ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.
ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا هەروەها هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەت و گەلی کوردستان دووپات کردەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان لە ناوەندەکانی یەکێتیی ئەورووپا.
جێگای ئاماژە پێکردنە، هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لە ڕۆڵی ئاشتیخوزانەی خۆی بەردەوام بووە لە کێشە و ناکۆکییەکانی ناوچەکە، بەڵام قوربانی سەرەکی جەنگ و ململانێکانە و لە ڕابردوو و ئێستادا لە ژێر هەڕەشە و مەترسیی هێرشی موشەکی درۆنییە و لەو بارەیەوە چەندین جار سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان هۆشداری داوە.