رۆژنامەی ھەولێر

سمینارێكی زانستی بۆ ئاسایشی ئاو و ڕێگریکردن لە مەترسییەکانی لافاو بەڕێوەچوو

ئەمرۆ دووشەممە 2026.10.19، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و هێمن قادر، جێگری پارێزگار و سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆ و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندازیاران و ئەکادیمی، پسپۆڕ و شارەزایانی بواری سەرچاوە ئاوییەکان و ژینگە، لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی لوبنانی فەرەنسی لە شاری هەولێر، سمینارێكی زانستی لەژێر ناونیشانی ( ئاسایشی ئاو و کۆنترۆڵکردنی لافاو لە هەرێمی کوردستان، لە ئاستەنگە وەرزییەوە بەرەو چارەسەری بەردەوام ) بەڕێوەچوو، كە لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی لوبنانی فەرەنسی ڕێکخرابوو.

لەڕێورەسمی دەستپێکردنی سمینارەکەدا، پارێزگاری هەولێر لە وتارێكدا جەختی لە گرنگیی بەستنی ئەم جۆرە سمینارە زانستی و ئەکادیمیانە کردەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان و ئاماژەی بەوەشدا کە ئیدارەی پارێزگای هەولێر بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە توێژینەوە زانستییەکان و پێشنیاری پسپۆڕان دەکات بۆ ئەوەی بکرێنە پلانی کارکردن لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.

پاشان تیشک خرایە سەر دیاریکردنی مەترسییە وەرزییەکانی لافاو لە ناوچە جیاجیاکان و، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، و پێشکەشکردنی توێژینەوەی ئەکادیمی بۆ بەرێوەبردنێکی دروستی سەرچاوە ئاوییەکان بە ئامانجی گۆڕینی هەڕەشەی لافاو بۆ دەرفەتی ئاوەدانی، هەروەها جەخت لەسەر بەردەوامبوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و پاککردنەوە و قووڵکردنەوەی کەندە سروشتییەکان کرایەوە.

لەکۆتایشدا، ئامادەبووان جەختیان لە گرنگیی بەستنەوەی توێژینەوە زانستییەکانی زانکۆکان بە لایەنی جێبەجێکاری حکومەت کردەوە، تاوەکو پلانی ستراتیژیی درێژخایەن دابڕێژرێت کە بتوانێت ئاسایشی ئاو بپارێزێت، بە تەواوی کۆنترۆڵی مەترسییەکانی لافاو لە پایتەخت بکات، و سەلامەتیی هاووڵاتییان و پاراستنی ژینگەی شارەکە مسۆگەر بکرێت.