رۆژنامەی ھەولێر

پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندندا دەست پێدەکات

پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندندا لە ھەرێمی کوردستان ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بەمەبەستی دابینکردنی ژینگەیەکی گەرمە بۆ قوتابییان.

دابەشکردنی نەوت بەپێی پلانەکە ھەمیشە لە ناوچە شاخاوییەکان و قەزا و ناحیە کوێستانە ساردەکانەوە دەستپێدەکات. سەلام حەسۆ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ساڵی ڕابردوو بڕێکی زۆری نەوت لە کاتی خۆیدا بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشکرا، ئەمساڵیش وەزارەتی پەروەردە پلانی خۆی داڕێشتووە و لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا نەوت بۆ ھەموو قوتابخانەکان دابین دەکرێت.
ئەو بەرپرسەی کەرتی پەروەردە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، بڕی ئەو نەوتەی دەدرێتە ھەر قوتابخانەیەک بەپێی ژمارەی پۆلەکان و ئەو ژوورانە دیاری دەکرێت کە ڕۆژانە بۆ خوێندن بەکاردەھێنرێن.
لیژنە تایبەتەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە بە ھەماھەنگی لەگەڵ کارگێڕی قوتابخانەکان ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی گەیاندنی بەشە نەوتەکە دەکەن تا دڵنیابن لەوەی پێش توندبوونی سەرما پۆلەکان گەرمکراون.
پەروەردەی گشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە ھەوڵدەدەن لە وەرزی زستان ھیچ کێشە و گرفتێکی سووتەمەنی لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ ئەوان دروست نەبن و لە ژینگەیەکی گەرم و گونجاو پرۆسەی خوێندن بەڕێوەبچێت.