رۆژنامەی ھەولێر

ڕێکخستنی بازاڕ و بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچییە بازرگانییەکان لە پێشینەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی چاودێریی بازرگانیدایە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

تێکچوونی ھاوسەنگی نێوان دینار و دۆلار بژێوی ڕۆژانەی ھاووڵاتییانی بەرەو قۆناغێکی دژوار بردووە، شەپۆلێکی گرانی خستووەتە بازاڕەکانەوە، دابەزینی بەردەوامی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار ڕاستەوخۆ نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی بەرزکردۆتەوە، لەم نێوەندەدا ھاووڵاتییان خۆیان وەکو یەکەم زەرەرمەندی ئەم شلەژانە داراییە دەبینن، چونکە ھەر جووڵەیەکی نەرێنی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گیرفانی خێزانەکان و توانای کڕینی ڕۆژانەیان دروست دەکات، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە ھەر قۆستنەوەیەکی ناڕەوا، قایمقامەکان، جەخت دەکەنەوە، لیژنەکانی چاودێری بە بەردەوامی لەناو بازاڕن تا ڕێگری لە ھەڵکشانی دەستکردی نرخەکان بکەن و نەھێڵن لەم بارودۆخە ھەستیارەدا قۆرسایی ئەم تەنگەژەیە تەنیا بکەوێتە سەر شانی ھاووڵاتییان.

پاش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار نرخی ھەموو کەلوپەلێک گران بووە، ھاووڵاتییان نیگەرانن لەم دۆخە و ھیوادارن زیاتر بارودۆخەکە بە ھەڵ نەبینن بۆ ئەوەی قۆرخکاری بەرامبەر بە ئەوان نەکرێ و ڕەوشی ئابووری ھاووڵاتییان بەرچاو وەربگیرێت.
خۆراک و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی وەک برنج، شەکر و ڕۆن لە پێشەنگی ئەو کاڵایانەن کە ڕاستەوخۆ نرخیان ھەڵکشاوە. ھاووڵاتییان خۆیان وەک قوربانیی یەکەمی ئەم گرانییە دەبینن و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان چارەسەرێکی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان بدۆزنەوە.
ھاشم ئەسحەد، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری زۆر ھەیە لەسەر بازاڕ، کاریگەری بازاڕیش زیاتر لەسەر چینی ھەژار و کەمدەرامەتە، خەڵکێکی زۆر لە توانایان نییە نەک شتی گەورە، شتی زۆر بچووکیش بکڕن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەری لەسەر ھەموو پێداویستییەکی ڕۆژانە ھەیە و ھەموو شتێک گران بووە، ئەوەش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی ھەموو کەلوپەلێکی لەناو بازاڕ گران کردووە، ھاووڵاتییان بەوە دڵگرانن و داوا دەکەن کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکرێت، لیژنەکانی بەدواداچوون کاری خۆیان دوو بەرامبەر زیاد کردووە و لێپێچینەوە لەو کەسانەیان کردووە کە نرخی کەلوپەلیان گران کردووە. قایمقامەکانی قەزاکان، خەڵک پشت ڕاست دەکەنەوە کە ئەوان چەندین لیژنەی دیکەیان زیاد کردووە بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی بازاڕ و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی کەلوپەلەکان.
بریندار حەیدەر، قایمقامی قەزای ناوەندی دھۆک، دەڵێت: بەدواداچوونی بابەتەکەمان کردووە، لە ھەمان کاتدا بۆ ئەوەی نرخی کەلوپەل ھەرزان بێت داوا دەکەین باج لەسەر ھەندێک کەلوپەل کەم بکرێتەوە تا بتوانین باڵانسی بازاڕ ڕابگرین.
ھەرچەندە ھۆکاری سەرەکیی گرانییەکە بۆ کێشەی نرخی دینار دەگەڕێتەوە، بەڵام ھاووڵاتییان چاویان لەسەر بەردەوامیی چاودێرییە توندەکانی لیژنە پەیوەندیدارەکانە، تاوەکو ڕێگری لە قۆستنەوەی قەیرانەکان لەلایەن بازرگانانەوە بکرێت و پێداویستییە سەرەکییەکان لە ئاستی توانای کڕینی خەڵکدا بمێننەوە.
بەرێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی ھەولێر، بڵاوی کردەوەتەوە، بە مەبەستی پاراستنی مافی ھاووڵاتیان و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و ڕێگری لە ھەر جۆرە سەرپێچییەکی بازرگانی، بە ھەماھەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی، تیمەکانی گەڕان و پشکنین بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی ھەڵمەتەکانی چاودێری لە بازاڕەکاندا، ئەم ھەڵمەتانەش لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی بەڕێوەبەرایەتیمانە بە ئامانجی ڕێگری لە چەواشەکردنی ھاووڵاتییان، بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاری، چاودێریکردنی نرخ و کوالێتیی کاڵاکان و ڕێگری لە فرۆشتنی کەلوپەلی خۆراکی بەسەرچوو ئەنجام دەدرێن.
جەختی کردووەتەوە: بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی ھەولێر، لە ڕێگەی بەردەوامبوون لەم ھەڵمەتانە و ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، جەخت لە پابەندبوون بە یاسا و ڕێنماییەکانی بازرگانی دەکاتەوە و بەردەوام دەبێت لە پێشگرتن بۆ ھەر جۆرە سەرپێچییەک کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ماف و بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان دادەنێت.
ڕوونیشی کردووەوە، پاراستنی مافی ھاووڵاتییان، ڕێکخستنی بازاڕ و بەرەنگاربوونەوەی سەرپێچییە بازرگانییەکان، لە پێشینەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەرکی چاودێریی بازرگانیدایە.
ھۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاوەدێریی بازاڕی ھەولێر، ڕایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونەکانیان ھەندێک لە مارکێتەکان دەستکاریی نرخ دەکەن، لە کاتێکدا کۆمپانیاکان بە نووسراوی فەرمی سەرجەم مارکێت و کۆگاکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە ھیچ گۆڕانکارییەک لە نرخەکاندا نەکراوە.
جەختیشی کردەوە، ھەر مارکێتێک بەبێ بوونی ھیچ ھۆکارێک یان گرانبوونی لە سەرچاوەی سەرەکییەوە نرخەکان بەرز بکاتەوە، بەپێی ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، بڕیارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوونی گومرگی، ئامانج لێیان کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی دابەزینی بەھای دینار و ڕێگریکردنە لە ھەڵئاوسان و گرانبوونی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕدا.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، زیاتر گوتی: لیژنەکانی چاودێریی بازاڕ بەردەوام بەدواداچوون بۆ نرخەکان دەکەن تاوەکو ھاووڵاتییان ڕاستەوخۆ سوودمەند بن لە بڕیارە ئابوورییەکان، لە ھەمان کاتدا ڕێگە بە ھیچ قۆرخکاری و بەرزکردنەوەیەکی نایاسایی نرخ نادرێت، ھەر سەرپێچیکارێکیش بە توندی ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
دەربارەی بەشەخۆراکی مانگانەی ھاووڵاتییانیش، نەوزاد شێخ کامیل، دەشڵێ: ساڵانە ھەشت بەشەخۆراک دابەش دەکرێت، سەرجەم کەرەستە و ماددە خۆراکییەکان بەر لە دابەشکردنیان، پشکنینی وردی تاقیگەییان بۆ دەکرێت تاوەکو لە ڕووی تەندروستی و کوالێتییەوە دڵنیایی تەواو بدرێتە ھاووڵاتییان.