شاخه‌وان عه‌بدوڵا: هیچ کەسێك بۆی نییە ئاهەنگی نەورۆز له‌ كه‌ركووك ڕابگرێت

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە د. شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند هیچ کەس و لایەنێك بۆی نییە ڕێگری لە ئاهەنگی نەورۆز بكات یان چوارچێوەی بۆ دابنێت، بەڵكو ڕێگریكردن لە بۆنە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش لەگەڵ لەناوچوونی رژێمی دیكتاتۆری، کۆتاییان هاتووە.

د.شاخەوان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، لەبارەی بڕیارێكی ئەمڕۆی راکان جبووری پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، کە بۆ جەژنی نەورۆز تەنیا سێ کاتژمێر رێگەپێدانی بە ئاهەنگێڕان و یادکردنەوەی جەژنەکە دابوو، دواتریش لەژێر گوشار، ناچار کرا لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە، نووسیویەتی “دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی کاربەرێکەری پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، لەبارەی دەستنیشانکردنی کاتی گێڕانی ئاهەنگی نەورۆز لە پارێزگای کەرکووک، راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و لایەنی پەیوەندیدار قسە کرا بۆ رێگریکردن لەو بریارە، کە دژی دەستوور و یاسایە، هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە نە ئاهەنگی نەورۆز نە هیچ بۆنەیەکی نەتەوەیی یان ئاینی راگرێت، یان چوارچێوەیەکی بۆ دانێت”.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەروەها نووسیویەتی “هەموو لایەک دڵنیا دەکەمەوە کە ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکووک و تەواوی شارەکانی تری عێراق بەئازادی بەرێوەدەچێت و دەزگا ئەمنییەکانیش ئەرکی پاراستنی ئاهەنگەکان لە ئەستۆ دەگرن”.

دووپاتیشی كردووەتەوە كە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بریار درا لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو هەڵانە، رێکاری یاسایی دەگرنەبەر، چونكە رێگریکردن لە بۆنە نەتەوەیی و ئایینییەکان لەگەڵ لەناوچوونی رژێمی دیکتاتۆری، کۆتایی پێهاتووە.

ھەواڵی زیاتر