ڕائیب جادر – ههولێر
فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا دژی پڕۆژەیاسای بودجە بەرەیەکی ھاوبەش پێکدەھێنن و دەنگدان بە ڕەشنووسە نوێیەکە بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن، بەبێ گەرەنتیکردنی شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، دەنگ بە پڕۆژەکە نادەین و ناکرێت یاساکە بە زیانی مافەکانی خەڵک تێپەڕێنرێت.
بەپێی ھەواڵێکی ڕۆژنامەی “الێباح”ـی سەر بە حکوومەتی عێراق، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ڕەشنووسی بودجەی گشتیی ٢٠٢٧ دەنێردرێتە پەرلەمان کە تێکڕای خەرجییەکانی بودجەکە سەرووی ٢٠٠ ترلیۆن دینارە و بڕی ٦٥ ملیار دیناریش کورتھێنان ھەیە. ھەروەھا سەرووی ملیۆنێک گرێبەست بەپێی ئەو یاسایە جێگیر دەکرێن، پێویستە لەو ملیۆن گرێبەستەی کە دەکرێن بە فەرمانبەری ھەمیشەیی، ١٤٠ ھەزاریان لە ھەرێمی کوردستان بێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە بەغدا ئەمەش جێبەجێ دەکات یان نا؟
سەرەڕای ئەوەی بەپێی ئاماری دانیشتووان، دەبوایە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا لەسەر بنەمای ڕێژەی ١٤.١٤٪ دیاری بکرێت، بەڵام لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧دا ئەو بنەمایە پشتگوێ خراوە، گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەردەوامە و تا ئێستا سەرجەمیان لەسەر ڕەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی بەو شێوەیەی ئێستا ھاوڕان.
ئەم ھاودەنگییە سیاسییە ھاوکێشەی یاسادانان لە پەرلەمانی عێراق دەخاتە بەردەم قۆناخێکی دژوار و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی بەغدا ناچار دەکات پێداچوونەوە بکەن، پەیامی کورد لە بەغدا یەکلاکەرەوەیە، ھیچ بودجەیەک شەرعییەتی تێپەڕبوونی نابێت ئەگەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان پشتگوێ بخات.
پێگەی ھەرێمیش لە دانوستانەکاندا بەھێزە، چونکە سەرجەم پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکوومەتی فیدراڵ بەوپەڕی شەفافییەتەوە جێبەجێ کردووە و ھەرچی بەغدا داوای کردبێت جێبەجێ کراوە و، تەواوی داواکارییەکانی ھەرێمیش بە تەواوی لە چوارچێوەی دەستووردان، ھەوڵێکی زۆر جددی لە ئارادایە بۆ ئەوەی جگە لە زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، چیدیکە مووچە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت و مافە بنەڕەتییەکانی مووچەخۆران پارێزراو بن.
بەپێی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە حکوومەتی عێراق خەرجییە گشتییەکانی بە ٢١٧ ترلیۆن دینار و داھاتەکانی بە ١٧٤ ترلیۆن دینار خەمڵاندووە و پشکی ھەرێمی کوردستانیش کەمکراوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدیە قەبارەی گشتیی بودجە و داھاتەکان گۆڕانکارییان بەخۆیانەوە بینیوە، نیگەرانی و سەرنجەکان لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان چڕ بوونەتەوە، بە جۆرێک کە جگە لە تەرخانکردنی بودجەی تەشغیلی، ھیچ بڕەپارە یان پڕۆژەیەک بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی ھەرێم لە ڕەشنووسەکەدا دیاری نەکراوە، ئەویش کەمترە لەوەی بەشی تەواوی مووچە بکات و کەمترینی پێنج ساڵی ڕابردووە.
پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا ١٣.٣٠٨ ترلیۆن دینارە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو بڕە لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا ١٦.٤٩٨ ترلیۆن دینار بووە، واتە بە رێژەی ١٩.٣% کەمی کردووە. ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ١١.٤٨٢ ترلیۆن دینار بووە.
ڕێژەی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ھەرێمی کوردستان تەرخانکراوە لە کۆی گشتیی خەرجییەکان ٦.١%ـە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا ٨.٣% و لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٨.٨% بووە. سەبارەت بە بودجەی وەبەرھێنان، بڕەکەی ٠.٤٩٩ ترلیۆن دینارە، بەرامبەر بە ٢.٧٨٤ ترلیۆن دینار لە ساڵی ڕابردوودا. ھاوکات بڕی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە لە داھاتەکاندا جێگیر کراوە، وەک ساڵی ٢٠٢٣ بە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ماوەتەوە، ھەر چەندە لە دوای ھێرشەکانەوە ئەو بڕە نەوتە لە ھەرێمی کوردستان ھەناردە ناکرێت.
بڕیارە لە ماوەیەکی نزیک دا شاندێکی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببنەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پشکی ھەرێم لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ و ھەموارکردنی ئەو خاڵانەی جێگەی ناکۆکین.
سەردانی شاندەکە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناڕازییە لە ڕەشنووسی نوێی بودجە، کە تێیدا پشکی ھەرێم لە ١٤.١٤%ـەوە بۆ ١٢.٧٠% کەمکراوەتەوە، ھاوکات جێگیرنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە دەرەوەی خەرجیی ڕاستەقینە “ئینفاقی فیعلی” ھۆکارێکی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانە کە مەترسی لەسەر بەردەوامیی شایستە داراییەکان دروست دەکات.
بایز زراری، پەرلەمانتاری کوردستان لە بەغدا، دەڵێت: بڕیارە شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆببێتەوە، ئێمە لە ھەوڵداین ئەو خاڵانەی لە ڕەشنووسی بودجەکەدا جێگەی پرسیارن گۆڕانکارییان تێدا بکرێت، ھەروەھا شاندەکەش لەسەر ئاستی باڵا دەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی: بەداخەوە حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی بەغدا خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ھاووڵاتیی عێراق نازانن و ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کەمترین پشک بۆ کوردستان تەرخان بکەن، لە کاتێکدا ھەتا ئێستا جگە لە ھەرێمی کوردستان، ھیچ ناوچەیەکی عێراق پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەدیوە و خەڵکی تەواوی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش خەون بەوە دەبینن کە بێن لە ھەرێمی کوردستان بژین، ئەمەش ئەرکی ئەوە دەخاتە سەر دەسەڵاتدارانی بەغدا کە پابەند بن بە تەرخانکردنی بڕە بودجەی شایستە بۆ کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر حکوومەتی ھەرێم لە ڕێگەی لیستێکەوە سەرجەم داواکاری و تێبینییەکانی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردبوو تا لە ڕەشنووسەکەدا جێگیر بکرێن، بەڵام لەلایەن بەغداوە ڕەچاو نەکرابوون.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی شاندی شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردووەتەوە بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لەم ھەفتەیە بەردەوام دەبن.
ئاشکراشی کردووە: گفتوگۆکانی کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە شێوەیەکی جددی و بونیادنەر بەڕێوەچووە، ھەندێک خاڵ پێشکەوتنیان بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ھێشتا چەند پرسێکی بنەڕەتی ماون کە پێویستیان بە چارەسەری ھاوبەش ھەیە، ئامانجمان ئەوەیە بودجەی ٢٠٢٧ ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان، نەک درێژەدان بە کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی لە بەغدا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پڕۆژەیاسای بودجە کارەساتە و ھیچ ڕەچاوێکی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان تێدا نەکراوە، ھەروەھا لەسەر بنەمای ئەنجامی سەرژمێریی دانیشتووان دانەنراوە.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی، جەختیکردەوە، لەنێو پڕۆژەیاساکەدا دەیان مینی چێندراو بۆ ھەرێمی کوردستان دانراونەتەوە، ئەگەر بەو شێوەیە تێپەڕێنرێت، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت، دانانی مەرجی ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، داھاتی نانەوتی و قەرزەکانی بانکی بازرگانیی عێراق، لەو بەربەستانەن کە لەنێو پڕۆژەیاساکەدا ھەن.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پشکی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمتر لە ١٢% دابەزێنراوە، لە کاتێکدا دەبێت ١٤.١٤% بێت، ناکرێت بودجەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ١٣ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار بێت و بودجەی یەک وەزارەت بە تەنیا لە پشکی ھەرێمی کوردستان زیاتر بێت.

