سلێمان تاشان – هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم پەرلەمانی عێراق بە فەرمی کۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر پاڵێوراوانی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزارەتە بەتاڵەکان دەدات. کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بە کۆبوونەوەیەکی گرنگ دادەنرێت چونکە ئەگەر سەرکەوتوو بێت و بێ کێشە پاڵیوراوەکان متمانە لە پەرلەمان وەربگرن ئەوا پێگەی کابینەی حکوومەتی زەیدی بەهیزتر دەکات.
رۆژی سێشەممە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کرد و داوای کرد ئەمڕۆ وەک کاتی دانیشتنی پەرلەمان دیاری بکرێت. داواکارییەکەی عەلی زەیدی بە پشتبەستن بە بڕگەی چوارەم لە مادەی حەفتا و شەشی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەرچووە.
ئەو کۆبوونەوەیە دەبوایە پێنجشەمی هەفتەی ڕابردوو بکرێت بەڵام هەندێک ڕووداوی وەک دەستکاریکردنی بەهای دینار و سەرهەڵدانی هەندێک ناڕەزایەتی لە عێراق لە ئاستی دامەزراوەکان پێسنیازەکەی دانیشتن و کۆبوونەوەی پەرلەمان کە لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری لەسەر درابوو، کۆبوونەوەکە نەکەوتە خانەی یاساییەوە.
ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەنگاوێکی گرنگە بۆ تەواوکردنی کابینە ڕێک دوای پێنج مانگ لە دامەزراندنی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق. لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا وزارەتەکان بە وەکالەت بەڕێوە دەبران بەشێک لەو وەزارەتانە وەزارەتی زۆر هەستیارن و لایەنە سیاسییەکانی عێراق داکۆکیی گەورەیان لەسەر دابەشکردنیان هەیە.
بەگشتی نۆ وەزارەت بێ وەزیرن. پاش ئەوەی دەنگ لەسەر چواردە وەزیر لە کۆی بیست و سێ وەزیر درا، دەنگدان لەسەر نۆ وەزارەت بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لەسەر پالێوراوەکان دوا خرا. هەروەها ئەمریکا ناڕازی بوو بەرامبەر بە سپاردنی هەندێک پۆست بە لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە گرووپە میلیشیاکان.
ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە بریتین لە بەرگری، ناوخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆچ و کۆچبەران، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لاوان و وەرزش، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری.
بەپێی زانیارییەکان چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکوەزیرانی عێراق چوار جێگری هەبێت کە دوو شیعە، سوننەیەک و کوردێک دەبن.
پاڵێوراوانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان و پۆستە باڵاکانی حکوومەتی عێراق بریتیین لە بەنگین ڕێکانی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕێباز حەملان بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن. ناوی ئەو کاندیدانە یەکلا کراونەتەوە و ڕادەستی سەرۆکوەزیران کراون بۆ ئەوەی لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەیان پێ بدرێت.
لە نێو وەزارەتە بەتاڵەکان دوو وەزارەت زۆرترین مشتومڕ و ناکۆکییان لەسەر هەبووە ئەوانیش وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگرین و هەر یەک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لایەک و سوننەکان لە لایەکی دیکە بەرامبەر بەو دوو پۆستە هەستیارن و ئەو کەسەی دەبێتە وەزیری ناوخۆ یان بەرگری دەبێت کەسێکی متمانەپێکراو بێت.
هاوکات ئەمریکاش بەرامبەر ئەو پۆستانە داواکاریی تایبەتی خۆی هەیە و پێشتر عێراقی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک پۆستی حکوومی بە گرووپە میلیشیاکان بدرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەوە بڵاو کرایەوە کە حکوومەتی عێراق وەزارەتێکی دیکەی زیاد کردووە کە ئەویش وەزارەتی ژیریی دستکردە بەڵام هێشتا بە فەرمی یەکلا نەکراوەتەوە ئەو وەزارەتە ئەمڕۆ وەزیریشی بۆ دیاری دەکرێت و لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە متمانە بە وەزیری پاڵێوراو دەدرێت.
تەنانەت ئەوەش درکێنرابوو کە وەزارەتی ژیریی دەستکرد بە کەتیبەکانی ئیمام عەلی دەدرێت کە یەکێکە لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی.
ئەگەر پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بتوانێت کابینەی زەیدی تەواو بکات ئەوا پێدەچێت ئەم جارە ئەنجوومەنی وەزیران هەنگاوێکی دیکە بنێت لە ڕەوانەکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ە و عەلی زەیدی بۆ جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی پێویستییەکی زۆری بە پەسندکردنی بودجەکە هەیە.

