رۆژنامەی ھەولێر

لەبرایەتییەوە بۆ دژایەتی هەنگاو دەنێن

كارزان گلی – هە‌ولێر

حكوومەتی ئازەربێجان، چەند بڕیارێكی بۆ قوتابخانەكانی وڵاتەكەی دەركرد لەبارەی ئافرەتی باڵاپۆش، توركیای نیگەران كردووە، تەنانەت لێدوانی چەند بەرپرسێكی هەردوو وڵات دەریدەخات، كە ئازەربێجان و توركیا لەبرایەتییەوە بۆ دژایەتی هەنگاو دەنێن.

حكوومەتی ئازەربێحان بڕیاری داوە، بەهیچ شێوەیەك نابێت ئافرەت لەقوتابخانەی ناوەندیی و دواناوەندییدا باڵاپۆش بێت، تەنانەت نابێت مامۆستاش باڵاپۆش بێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی قوتابییە باڵاپۆشەكان و مامۆستاكان پرۆتستۆی ئەو بڕیارە بكەن.
توركیا زۆر نیگەرانە لەو بڕیارە، بەتایبەت ئاكەپە و موحافیزكارەكان، هەروەها لەسۆسیال میدیاشەوە توركە موحافیزكارەكان ئیدانەی ئەو بڕیارە دەكەن و بە ٢٨ی شوباتی دەچوێنن، كە ئەوكات لەتوركیا باڵاپۆش بۆ هەموو فەرمانبەران و قوتابیانی ئافرەت قەدەغە كرابوو.
لە٢٠١٠دا، حكوومەتی ئازەربێجان یاسای رێكخستنی جلوبەرگی قوتابیان و مامۆستایانی دەركرد، لەو یاسایەدا باڵاپۆشكردنی قوتابی و مامۆستای قەدەغە كرد، ئەوكات پڕۆتستۆی بڕیارەكە كرا و رێگەی لێگیرا جێبەجێ بكرێت.
دوای ئەوەی لەشەڕی نێوان ئازەربێجان و ئارمینیا لەبارەی قەرەباغ و سەركەوتنی ئازەربێجان، دەستی حكوومەت واڵا كرا بۆ چەند گۆڕانكارییەك و لەمساڵدا بڕیاریانداوە هەمان ئەو یاسایەی ٢٠١٠ جێبەجێ بكەن و دەڵێن ئازەربێجان وڵاتێكی سیكۆلاریزمە و دەبێت سیستەمی پەروەردەش سیكۆلاریزیم بێت.
تاوەكوو ئێستا بڕیارەكان بڵاونەكراوەتەوە و نازانرێت ئاخۆ قۆتابی باڵاپۆش بۆی هەیە بەجلوبەرگی تایبەت بەخۆی و بەباڵاپۆشی بێتە قوتابخانە یان ناتوانێت؟ بەڵام وەكوو ئەوەی لەچەند ڤیدیۆیەكدا بڵاوكراوەتەوە، دەیان قوتابی باڵاپۆش رێگەیان لێگیراوە بەباڵاپۆشی بچنە قوتابخانە و هەروەها رێگە لەمامۆستا باڵاپۆشەكانیش گیراوە، بۆیە پڕۆتستۆ دەستیپێكردووە.
ئاژانسی (BBC)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەتی ناوەخۆی ئازەربێجان، تاوەكوو ئێستا ٣٧ قوتابی باڵاپۆشی دەستبەسەر كردووە، هەروەها بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی قوتابیانی باڵاپۆشەوە، چەندین قوتابخانە زیانیان پێگەیشتووە.
وەزارەتی ناوەخۆ، پلاتفۆرمی سۆسیال میدیای لەتەواوی وڵات بۆ كاتێكی نادیار قەدەغە كردووە، تا لەو رێگەیەوە ئەو ڤیدیۆیانە بڵاونەكرێتەوە كە قوتابیان دژی بڕیارەكانی حكوومەت خۆپیشاندان دەكەن.
ئازەربێجان دەستوورەكەی سیكۆلاریزمە و ٩٠٪ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە موسڵمانن و بەشێكی زۆریان سەر بەمەزهەبی شیعین و بەشێكیشی سوونین. لەدوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت توانیان سەربەخۆیی خۆیان وەربگرن.
بەشێك لەچالاكوانانی ئازەربێجان دژی ئەو بڕیارەی حكوومەتن و پییانوایە مادام وڵاتە دەستوورەكەی سیكۆلاریزمە، پێویستە رێگە لەو قوتابیانە نەگرێت كە باڵاپۆشن، وەكوو چۆن ئافرەتانی تر ئاساییە باڵاپۆش نەبن.
بەڵام ئەوانەی لەگەڵ ئەو بڕیارەن و بەتایبەت ئەو میدیایانەی سەر بەحكوومەتن، وڵاتی ئێران تۆمەتبار دەكەن بەوەی دەستیان لەپشت ئەو خۆپیشاندانەدا هەیە.
ئۆكتای سەراڵ، راوێژكار لەسەرۆكایەتی كۆماری توركیا، لەهەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، بەهیچ شێوەیەك ئەوەی حكوومەتی ئازەربێجان بەرامبەر بەقوتابیانی باڵاپۆش دەیكات مایەی قبوڵكردن نییە.
زیاتر نووسیویەتی: ”لەم سەردەمەدا هەرگیز نابێت ئەو جۆرە بیركردنەوانە تێپەڕن.“
لەیلا شاهین، سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاكەپە لەپەرلەمانی توركیا، بەهەمان شێوە ئیدانەی ئەو بڕیارەی كردووە و داوا لە حكوومەتی ئازەربێجان دەكات، بەپەلە لەو بریارەی پەشیمان ببێتەوە.
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: ”ئەی برایەكانمان لەئازەربێجان، ئێمە بەو نەهامەتییەدا تێپەڕیوین و دەبێت كۆتایی پێ بێت، ئافرەتان باڵاپۆشن یان نا نابێت ئێوە بریار بدەین، واز لەئافرەتەكان بهێنن با ئازاد بن“
چەندین بەرپرسی تری توركیا، بەهەمان شێوە دژی ئەو بڕیارە وەستاوەنەتەوە و داوا لەئازەربێجان دەكەن، لەو بڕیارەی پەشیمان ببێتەوە. عەلییەڤ، سەركۆماری ئەو وڵاتە، وەكوو وەڵامێك بۆ توركیا، دەڵێت ئازەربێجان وڵاتێكی موسڵمانە، بەڵام سیكۆلاریزمە و كەس بۆی نییە دەستوەردان لەم وڵاتەدا بكات.