رۆژنامەی ھەولێر

سووریا گفتوگۆ لەبارەی چوونی بۆ ناو ئەو رێككەوتنە دەكات

كارزان گلی – هە‌ولێر

چەند رۆژێك بەر لەئێستا، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سووریا سەردانی ریازی پایتەختی سعوودیای كرد و پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ سعوودیا راگەیاند دژی حوسییەكانی یەمەن. دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە، لەداهاتوویەكی نزیكدا سووریاش دەچێتە ناو رێككەوتنی مەككەوە.

میدیاكانی سووریا دوای سەردانەكەی ئەرع بۆ سعوودیا دەنووسن ”ئەندامبوون لەرێككەوتنی مەككە، یان كاركردن بەیەكەوە؟“
رێككەوتنی مەككە لە ٧ی ٨ی ٢٠٢٦، لەسعوودیا لەنێوان توركیا و پاكستان و سعوودیا ئیمزا كرا و داوایان لەوڵاتانی تری ئیسلامی كرد بێنە ناو ئەو رێككەوتنەوە.
میدیاكانی سووریا بڵاویان كردووەتەوە، چوونی سووریا بۆ ناو رێككەوتنی مەككەوە، پەیوەندیی بەو سەردانەی شەرع هەیە بۆ سعوودیا.
رۆژنامەی (عیناب بەلەدی)ی سووری بڵاوی كردوەتەوە، بەگوێرەی گۆڕینی نەخشەی ناوچەكە و گرەنتی ئاساییشی ناوچەكە، هەنگاوەكان بۆ ئەوەن سووریاش دەچێتە ناو هاوپەیمانیی مەككەوە.
ئەسەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، پێشتر لەبارەی ئەو رێككەوتنەوەی ئاماژەی دابوو، سووریا وەكوو وڵاتێكی سەربەخۆ، پێویستە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە و رێككەوتنەكە بكات و ئەوكات بڕیار بدات دەبێتە ئەندامی ئەو رێككەوتنە یان نا؟
محەممەد ئیسحاق، وەزیری دەرەوەی پاكستان، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێك بهێنێت باسی لەوە كرد، شەش وڵات دێنە ناو رێككەوتنی مەككەوە.
لای خۆشییەوە شەهباز شەریف، سەرۆك وەزیرانی پاكستان، لەرێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی پەیامی بۆ سووریا ناردووە و پێیانی گوتووە، بۆ بەرژەوەندی سووریا باشترە بێنە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، حكوومەتی سووریا لەگفتوگۆیەكی گرنگدایە بۆ ئەوەی هێز بنێرێتە سعوودیا بۆ شەڕكردن دژی حوسییەكان. بەڵام حكوومەتی سووریا ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، یەكەم كاری حكوومەت بونیادنانەوەی سووریایە، نەك بابەتێكی تر.
ئەمیر فاخووری، شارەزای سیاسەت لەسووریا، پێی وایە چوونی شەرع بۆ سعوودیا بابەتێكی روتینییە و پەیوەندی بەوەوە نییە سعوودیا بچێتە ناو رێككەوتنی مەككەوە. فاخووری باس لەوە دەكات، سەردەنەكە بۆ سێ مەبەست بووە:
یەكەم: گرژی نێوان سعوودیا و حووسییەكان تەشەنە نەسێنێت.
دووەم: رێككەوتنی مەككە بچیتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سێیەم: پەیوەندیی سیاسی و ئاساییشی نێوان ریاز و شام برەو پێبدەن.
باس لەوەش دەكات، تاوەكوو ئێستا هەنگاونان بۆ ئەوەی سووریا ببێتە ئەندامی رێككەوتنی مەككە، نەبووەتە كردار و هەنگاوی فەرمی بۆ نەنراوە.
سووریا و سعوودیا، دەیانەوێت جیا لەوەی پەیوەندیی دیبلۆماسی و ئابووریی نێوانیان برەو پێبدەن، هەروەها دەیانەوێت لەڕووی ئاساییشی ناوچەكەشەوە هەنگاو بنێن.
فاخووری پێیوایە، سووریا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی رێككەوتنی مەككە، پێویستە هێزە سەربازییەكانی یەك بخات و پارچە پارچە نەبن، هەروەها پێویستە لەڕووی ئاساییشی ناوەخۆییەوە هەنگاوی باشی نابێت و كەرتی سەربازیش سەرلەنوێ بونیاد بنێتەوە.
بەهۆی ئەوەی توركیا كاریگەریی زۆری لەسەر سووریا هەیە، تەنانەت بەشێك پێیانوایە سووریا بووەتە باخچەی پشتەوەی سووریا، بۆیە رەنگە ئەوان فشار بخەنە سەر سووریا بۆ ئەوەی ببنە ئەندام لەرێككەوتنی مەككە، بۆ ئەوەی ئەگەر لەداهاتوو مەترسی بكەوێتە سەر حكوومەتی شەرع، ئەوان بەبەهانەی ئەو رێككەوتنەوە بچن بەهانای حكوومەتی سووریاوە.