ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
پشکنینی ڤیتامین دی نابێت وەک پشکنینێکی ڕۆتینی و بێ بنەما بۆ هەموو کەسێک ئەنجام بدرێت، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەو کەسانە گرنگ و پێویستە کە نیشانەکانی کەمیی ڤیتامینەکەیان تێدا دەردەکەوێت یان لە گرووپی مەترسیدارن. لەم بارەیەوە د. نیگار محەمەد عەبدولڕەحمان، پسپۆڕی پزیشکیی خێزانی، ئەو کۆمەڵە و حاڵەتانە دەستنیشان دەکات کە پێویستیان بە ئەنجامدانی پشکنینەکە هەیە:
• کێشەکانی ئێسک: ئەو کەسانەی دووچاری شاشبوونی ئێسک، ئێسکەنەرمە، شکانی دووبارە، یان شکانی ئێسک بە زەبرێکی کەم .
• نەخۆشییە درێژخایەنەکان: تووشبووانی نەخۆشییەکانی جگەر و گورچیلە، هەستیاری بە گەنم و کێشەکانی هەرس و هەڵمژینی خۆراک.
• کێشی زۆر: ئەو کەسانەی قەڵەون و پێوەری بارستەی لەشیان (BMI) ٣٠ یان بەرەو سەرەوەیە.
• بەرکەوتنی کەم بە خۆر: ئەو کەسانەی بە ڕێژەی پێویست بەر تیشکی خۆر ناکەون.
• شیرەخۆرەکان: ئەو منداڵانەی شیری دایک دەخۆن لە کاتێکدا دایکەکە کەمیی ڤیتامین دی هەیە، یان منداڵەکە قەترەی ڤیتامین دی پێویستی وەرنەگرتووە.
• ڕەنگی پێستی تۆخ: ئەو کەسانەی پێستیان تۆخە، بەهۆی کەمیی توانای دروستکردنی ڤیتامینەکە بە بەرکەوتنی خۆر.
• بەساڵاچووان: ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٦٥ ساڵ زیاترە.
• بەکارهێنەرانی دەرمانی دیاریکراو: ئەوانەی هەندێک جۆری دەرمان بەکاردەهێنن، وەک دەرمانی گەشکە و ستیرۆیدەکان (کۆرتیکۆستیرۆید).
• ڕووەکخۆریی تەواو (ڤیگن): ئەوانەی سیستەمی خۆراکییان بە تەواوی ڕووەکییە و سەرچاوە ئاژەڵییەکان بەکارناهێنن.
ئەنجامدانی ئەم پشکنینە تەنیا کاتێک گرنگ و بەسوودە کە نیشانەکان هەبن یان کەسەکە لە یەکێک لەم گرووپانەدا بێت، بۆیە پێویست ناکات بەبێ هۆکاری پزیشکی بکرێتە پشکنینێکی ڕۆتینی.

