رۆژنامەی ھەولێر

ریاڵ مەدرید بە دوای هەلێکدا دەگەڕێ تا هالاند بباتە ریزەکانیەوە

مامەیارە ئەحمەد – هە‌ولێر

ریاڵ مەدرید بە دوای هەلێکدا دەگەڕێ تا هالاند بباتە ریزەکانیەوە
یانەی ڕیاڵ مەدرید بە وردی چاودێریی پێشهاتەکان لەسەر ئیرلینگ هالاندی یاریزانی نەرویژیی یانەی مانچستەر سیتی دەکات، کە ڕەنگە هەلێک بۆ یانەی ریاڵ مەدرید بڕەخسێ تا بتوانێ ئەو هێرشبەرە نەرویجییە بۆ ریزەکانی خۆی بگوازێتەوە و ببێتە یاریزانێکی سەرەڕمی یانەی شایانە.
وێبسایتی تریبۆنا بڵاوی کردەوە، کە یانەی ڕیاڵ مەدرید پەیوەندییەکی نایابی لەگەڵ خێزان و بریکارەکانی هالانددا هەیە، ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوانیان ساڵانێکە بەردەوامە.
ئەم پەیوەندییە بەردەوامە ڕەنگدانەوەی گرنگیپێدانی ستراتیژییە لەلایەن یانەی شایانەوە، کە چاودێریی پێشهاتەکانی دۆخ و چارەنووسی هێرشبەرە نەرویجییەکە لە خولی نایابی ئینگلیزی و ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک لە گرێبەستەکەی لەگەڵ مان سیتی دەکات و ئامادەیە بۆ قۆستنەوەی هەر دەرفەتێک کە بۆ دەستخستنی ئەو یاریزانە بێتە پێش.
ئەم چاودێریکردنە لە کاتێکدایە کە مانچستەر سیتی ڕووبەڕووی فشاری یاسایی و وەرزشی دەبێتەوە سەبارەت بە تۆمەتەکانی پێشێلکردنی یاسا داراییەکان لە پرێمەرلیگدا، کەیسێک کە ناڕوونییەک دەخاتە سەر داهاتووی یانەکە.
پێدەچێت یانەی ڕیاڵ مەدرید چاودێری وردی هەر کاریگەری و لێکەوتەکەیەکی ئەو پرسە لەسەر دۆخی جێگیری پڕۆژەی وەرزشی مانچستەر سیتی یان پلانە درێژخایەنەکانی هەبێت، دەکات.
هالاند بە توانا ناوازەکەی لە تۆمارکردنی گۆڵدا دەناسرێتەوە، کە بەو توانایەوە دەتوانێ ڕۆڵی گەورە و کاریگەریی مەزنی لەسەر هێڵی هێرشبەریی یانەی شایانە دروست بکات. بۆ ئەوەی گەر هەر بڕیارێک لە مان سیتییەوە لەسەر هالاند بدرێ، ئەویش یەکسەر دەست بە جووڵە بکات.

هێنری بە ئاستی یامال سەرسامە و ئەویش نهێنیی پشت لێدەرچوونە ناوازەکەی ئاشکرا کرد
لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە، لە بردنەوەی تیپەکەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 4-1 لە یانەی گەلاتەسەرای، لە قۆناغی دووەمی قۆناغی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، سەرنجێکی زۆری کەوتە سەر، ئەویش بە هۆی ئاستە بەرزەکەیەوە.
هەرچەندە یامال هیچ کام لە چوار گۆڵەکەی یانەی بەرشلۆنەی تۆمار نەکرد، بەڵام لە سەرەتای نیوەی دووەمدا تەنیا لە ماوەی سێ خولەکدا دوو ئەسیستی کرد و توانای بێئەندازە و بەهرە ناوازەکانی خۆی نیشاندا.
بە گوێرەی ڕۆژنامەی سپۆرتی کاتەلۆنی، ئاستی یامال بەرانبەر یانەی گەلاتاسەرای، ئەفسانەی فەرەنسی تێری هێنری سەرسام کرد، کە ستاییشی ئەو ئەستێرە لاوە ئیسپانییەی کردووە.
هێنری لە لێدوانێکیدا ڕووەو یامال، لە ڕێگەی کەناڵی سی بی ئێسەوە وتی: “جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەم بۆ هەموو ئەو شتانەی کە بەدەستی دەهێنن، ئەوەی دەیکەن باوەڕپێنەکراوە و ڕاستگۆیانە نازانم چ شتێکی زیاتر بڵێم”. پاشان پرسیاری لە یامال کرد کە چۆن رابۆنای بەرگریکاری فریو دا و لێی دەرچوو و دواتریش بووە هۆی گۆڵی سێیەم، کە لەلایەن ئەنتۆنی گۆردۆنەوە تۆمار کرا.
ستایشی هێنری تەنیا لە باسکردنی جوانی ئەو جووڵەیە قەتیس نەمایەوە، بەڵکوو ستایشی شێوازی خوێندنەوەی جوڵەکانی بەرانبەرەکەی کرد و ڕایگەیاند چارەسەرێکی دروستی هەڵبژارد بۆ ئەوەی لێی دەربچێت.
لای خۆیەوە یامال باسی بیرکردنەوەی ئەو کاتەی کرد و وتی: لەم دواییانەدا تێبینیم کردووە کە بەرگریکاران مەیلیان هەیە خۆیان فڕێ بدەنە سەر زەوی هەرکاتێک دەگەمە هێڵی نزیک لە گۆڵ. ئەمەش وای لێکردم بیر لە بەکارهێنانی تەکنیکێکی جیاواز بکەمەوە بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو تەکنیکییە بەرگرییە.
ئەستێرە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەدا کە هەستی کردووە کاتی گونجاوە بۆ ئەوەی ئەو جووڵەیە تاقی بکاتەوە. ئەو بیرۆکەکەی بەدڵ بوو و لە هەمووی گرنگتر سەرکەوتنی جووڵەکە بوو. دووپاتیشی دەکاتەوە کە هەمیشە هەوڵ دەدات جووڵەی جیاواز و تایبەت بکا بۆ ئەوەی ڕووبەر بدۆزێتەوە و لە بەرگریکاران دەربچێت.
سەبارەت بە توانای بەرشەلۆنە بۆ بردنەوەی سێینە ناسناو لەم وەرزەدا، کە پێک هاتووە لە لالیگا و جامی شا و چامپیۆنزلیگ، یامال دووپاتی کردەوە کە هیوا و تەمای زۆری بە تیپەکەی هەیە.
یامال وتیشی: “بە دڵنیایی هەمیشە ئەوە ئامانجمانە، ئێمە بەرشەلۆنەین، لە ڕوانگەی منەوە. ئێمە باشترین تیپی جیهانین.

ئایا ڕافینیا بۆ یارییەکەی پاریس و کلاسیکۆ ئامادە دەبێت؟
دوای ئەوەی لە دوو یاریی کۆتایی یانە کاتەلۆنییەکەدا بە هۆی پێکانی ڕانیەوە بەشداریی نەکرد، گومانی بەشداریکردنی ڕافینیا لە دوو یاریی داهاتووی بەرشلۆنە هەیە.
ئەو یاریزانە لە یارییەکەی بەڕازیل تووشی پێکانی ڕانی هات، بە گوێرەی ماڵپەڕی تریبونا، بەرشەلۆنە ئامانجی گەڕانەوەی ڕافینایە بۆ یارییەکەی بەرانبەر پاریس سان جێرمان لە چامپیۆنس لیگ، بە مەرجێک پرۆسەی چاکبوونەوەی بەپێی پلانەکە بچێتە پێش؛ بەڵام پێدەچێت بەشداریکردنی بەرانبەر ڕیاڵ بێتیس بە دوور بزانرێت.
بەرشەلۆنە ئامادەکارییەکانی دەکات بۆ زنجیرەیەک یاریی گرنگ کە لە ماوەکانی داهاتوو ئەنجامیان دەدا، سەرەتا بە یارییەکی دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرانبەر ڕیاڵ بیتس دەست پێدەکات کە ڕۆژی شەممە ١٧ی تشرینی یەکەم دەبێت، دواتر گەشتێک بۆ فەرەنسا دەکات و ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم ڕووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە لە چامپیۆنزلیگ.
هەروەها بڕیارە یانەکە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەم لە یەکەم کلاسیکۆی وەرزی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ میوانداریی ڕکەبەرە سەرەکییەکەی (ڕیاڵ مەدرید) بکات، ڕۆژانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێ بۆ ئەگەری ئامادەی ڕافینیا یان نا بۆ لوتکەی چاوەڕێکراو.
هەرچەندە هێشتا هیچ یەکلا نەکراوەتەوە، بەڵام ستافی هونەریی بەرشلۆنە بە سەرۆکایەتیی هانز فلیک، هیوادارن ڕافینا لە کاتی خۆیدا بۆ یارییە ئەوروپییەکە بگەڕێتەوە. بەمەش هەلی ئەوەی پێ دەدرێت کە دوای پێنج ڕۆژ لە کلاسیکۆ بەشداری بکات، هەرچەندە هێشتا ڕاپۆرتەکان وادەی گەڕانەوەی یەکلاکەرەوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
سەرەڕای ئامادەنەبوونی ئەو یاریزانە، بەڵام بەرشلۆنە لە هێڵێ پێشەوە هیچ کێشەیەکی پێوە نەبینرا و لە دوایاریدا بەرانبەر گەڵاتە سەرای، توانی چوار گۆڵ تۆمار بکات.
گەڕانەوەی ڕافینا بەندە بە پێشکەوتنی باری جەستەیی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، چونکە بەرشەلۆنە دەیەوێت خۆی بە دوور بگرێت لە بەشداری پێکردنی پێش تەواو چاکبوونەوەی، بە تایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییەکەی بەرانبەر ڕیاڵ مەدرید.