ئارام کۆشکی – هەولێر
ڕەنگە دڵشکاوترین مرۆڤەکانی سەر زەوی نووسەرەکان بن. ئەوان کە دەنووسن دەیانەوێت بە پیت و وشە شکاندنی دڵیان چاک بکەنەوە، یان ئەو برینانە ساڕێژ بکەنەوە، کە بەهۆی دڵشکانەوە تووشی بوون. بێگومان بە ڕەهایی ئەم قسەیە ناکەم، بەڵام نووسین بەرهەمی دڵشکانی مرۆڤە لە هەموو شتێک، کە نووسەر بەری دەکەوێت. ڕیشەی زۆرێک لە تێکستە مەزنەکان/ داهێنانەکان لەنێو دونیای نووسیندا بۆ دڵشکانی گەورە دەگەڕێتەوە. بێگومان نموونەکان هێندە زۆرن، کە پێویست بە ڕیزکردنیان ناکات، لەبەرئەوەی کاتێک دەڵێم زۆربەی نووسەران، واتە ئەگەر ژیانی هەر نووسەرێک وەربگرین و بە وردی سەرنجی بدەین ڕیشەکەی بۆ جۆرێک لە دڵشاندن دەگەڕێتەوە، هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم کە سەرچاوە و جۆری دڵشاندنەکان لای نووسەران جۆراوجۆر و جیاوازن.
دەتوانم ڕاشکاوانە ئەوە بڵێم ئەوەی منی بۆ جیهانی نووسین هاندا هەر دڵشکان بوو، بەڵام تەنها یەک جۆری دڵشکان نا، بەڵکو ئێمە سەر بە نەوەیەک بووین، کە بەتەواوی لەژێر جەبری کۆمەڵێک ڕێسا و نەریتی پاشکەوتوودا بووین، کە دڵشکاندن پیشەی رۆژانەمان بوو. یەکەمین دڵشاندنەکانیش هەمیشە لە خێزانەوە دەست پێ دەکات و دواتریش بەرەو خوێندنگە دەگوێزرێتەوە. من یەکەم دڵشکاندنی گەورەم لە خوێندنگەوە بوو، کە لەبری ئەوەی ناوەندێکی فێرکاریی و پەروەردەیی بێت، زیاتر لە سەربازگە دەچوو (بێگومان من باسی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەکەم) یەکەم ئەزموونی لێدانی سەخت و یەکەم سیماکانی دیکتاتۆریەتم لەوێ بینی و هەر لەوێوە ئیدی دڵم لە تەواوی سیستمی پەروەردە شکا، کە ئەم دڵشکاندنە لەگەڵ درێژبوونەوەیدا ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی ژیان و ئاراستەی ژیانم هەبوو.
ئەم هەفتەیەی پێشوو کتێبی “ژیانم یەکبینە دڵشکان بوو”م خوێندەوە، کە چەند چاوپێکەوتنێکی نووسەری مەغریبی “محەمەد شوکری”یە و شوان ئەحمەد کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند لە دوتوێی 204 لاپەرەدا بەچاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە لە چەند چاوپێکەوتنێکی ئەم نووسەرە پێکهاتووە، بەڵام ئەمانە چاوپێکەوتنی ئاسایی نین، بەڵکو نووسەر زۆر بابەت دەوروژێنێت و لەنێویاندا بەشی زۆری دڵشکاندنەکانی باس دەکات. ئەمە بێجگە لەوەی باس لە ئەزموونی نووسین و خوێندنەوە و پەیوەندی خۆی بە نووسەرانی دیکەوە و زۆر لایەنی دیکەی ژیانی دەکات، کە هێندەی ڕۆمانێکی ئەم نووسەرە هەم چێژبەخشە، هەم بێ پەردە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە لێی دەکرێت.
محەمەد شوکری لەسەرەتاکانی چاوپێکەونەکەدا باس لە قۆناغی منداڵی دەکات و دەڵێت “درۆت لەگەڵ ناکەم. من بەشێوەیەکی ئاسایی منداڵی خۆم نەژیام. منداڵیم نموونەیەکی زەقە بۆ بەدبەختی و نەهامەتی! هەر لە شەش حەوت ساڵییەوە ئیشم کردووە و لە پەیداکردنی بەشێک لە بژێوی خێزانەکەمدا بەشداربووم.” یەکەم دڵشکاندنەکانی شوکری لە منداڵییەوە دەستی پێ کردووە و دواتریش باس لەوە دەکات، کە بڕیاری داوە ببێتە نووسەر تا بە گژ ئەو دزێویی و نەهامەتیانەدا بچێتەوە، کە چەشتوویەتی. هاوکات بەوپەڕەی خاکەڕاییەوە دەڵێت “ڕەنگە نووسەرێکی گەورە و باش نەبم، بەڵام بە دڵنیاییەوە خوێنەری باش و گەورەم.” ئەوەی تێبینی دەکرێت خوێنەربوون لای ئەم نووسەرە ئەولەویەتی هەیە و پێشی نووسەربوونی خستووە. هەر لێرەدا جۆرێک لە بێباکیش هەست پێ دەکەین، کە نووسەر بەرامبەر نووسین هەیە و ئەو بۆ خەمەکانی بڕیاری نووسەربوونی داوە، نەک لەپێناو نووسەربووندا.
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا شوکری زیاتر لەبارەی ئەدەبەوە دەدوێت و دەڵێت “ئەرکی سەرەکی ئەدەب پێموایە بەرپەرچدانەوە و پرۆتستۆکردن و یاخیبوونە لە هەموو واقیعێک کە لێوڕێژ بێت لە نەهامەتی و دزێوی و چەوساندنەوەی بەزۆر.” ئەو ڕاشکاوانەتر وەڵامی پرسیاری ئەوە دەداتەوە کە نووسین چی پێ بەخشیویت و ئەو دەڵێت “ئازادی بۆ فەراهەم کردم.” نووسین وەک ڕێگایەکی فەراهەمکردنی ئازادی سەیری دەکات نووسەرانێک کە لەنێو دونیای نووسیندا بۆ ئەمە ناگەڕێن نووسەرانێکی ڕاستەقینە نین.
لە یەکێکی دیکە لە چاوپێکەونەکاندا باسی سەختی نووسینی چیرۆک دەکات و ئەوەش ناشارێتەوە کە ڕەنگە لە نووسینی ڕۆمان سەختتر بێت، لە دواتردا باس لە نووسینی شانۆنامە دەکات و دەڵێت “من شانۆنامەم بۆ خوێندنەوە نووسیوە نەک نمایشکردن.” ئەوەش دەخاتەڕوو کە هەر کەسێک بیەوێت شانۆکان بۆ نمایش ئامادە بکات، پێویستی بە دەستکاریکردن و ئامادەکردنەوەی تەواو هەیە.
کاتێکیش باسی هاوسەرگریی لێ دەپرسن و ئەو بە جۆرێک لە خوێنساردییەوە دەڵێت “من هاوسەرگرییم لەگەڵ کتێبەکانم کرد و نووسین و ئازادی شەخسیم هەڵبژاردووە.” دواتریش پێداگرانەتر و ڕوونتر دەڵێت “هاوسەرگیرییم لەگەڵ نووسین و خوێندنەوە کرد.” ئەوبارەی ئەوەشی لە زانکۆکانی قاهیرە کتێبەکانی قەدەغەکرا دەڵێت “تەنها بیانوو ئەوە بوو کە خووی گەنجان خراپ دەکات.”
خوێندنەوەی کتێبەکانی شوکری، لەگەڵ ئەوەی ئاشنابوونە بە نووسەرێکی تایبەت و داهێنەر، هاوکات ئاشنابوونە بە جیهانێکی شاراوە، کە هەموو چاوێک نایبینێت. شوکری دەکرێت بە نووسەری تابۆشکێن ناوی بەرین. ئەم چاوپێکەوتنانەشی لەم کتێبەدان، ڕەنگدانەوەی ئەو جیهانەن و زۆر دیوی پەنهانی تری ژیانی ئەم نووسەرە دەخاتەڕوو. بۆیە خوێنەر لە دوای خوێندنەوەی هەرگیز پەشیمان نابێتەوە.

